سامناکیی جەنگ (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-02-16:22:00 - کۆدی بابەت: 6149
سامناکیی جەنگ (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێنن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە سامناکیی جەنگ
ناوی وێنە بە فەرمی The Terror of War
ڕیزبەندی یەکەم
جۆر جەنگی، کارەسات، سیاسی
مێژوو ١٩٧٢
وێنەگر Nick Ut

سامناکیی جەنگ

وێنەی سامناکیی جەنگ یاخود (بە ئینگلیزی: The Terror of War)، یەکەمین وێنەیە لە لیستی ١٠٠ وێنە بەناوبانگەکەی مێژوو، وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٢  لە ماوەی جەنگی ڤێتنام، کاتێک کچێکی ٩ ساڵ بە ناوی "ڤان ثی کیم فۆک" بە ڕووتی و بە ڕاکردنەوە دەگری و بەهۆی خستنە خوارەوەی ناپاڵمەوە جەستەی سووتاوە.

لە ڕۆژی ٨/٦/١٩٧٢ فڕۆکەکانی ڤێتنامی باشوور بۆمبارانی گوندەکەی "ڤان ثی کیم فۆک" دەکەن و بە هەڵە یەکێک لە فڕۆکەوانان هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەجێی سەربازەکانی ڤێتنامی باکوور، بەهۆیەوە کیم جلوبەرگەکانی و پشتی دەسوتێت، لە کاتی هەڵهاتنیان لە گوندە وێرانەکەیان، وێنەگری ٢١ ساڵ "نیک ئۆوت"ـی وێنەگری تۆڕی هەواڵی (AP)ـی ئەمریکی وێنەی کیم دەگرێت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەکەش هەموو جیهان دەهەژێنێت و دەبێتە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانی جیهان، کیم خۆی دەڵێت کاتێک ئەو وێنەیە گیراوە لەوکاتەدا بووە کە من هاوارم کردووە و وتومە "زۆر گەرمە زۆر".

وێنەکە ساڵی ١٩٧٣ دەبێتە خاوەنی خەڵاتی پۆلیتزێر و دەبێتە وێنەی جیهانی ڕۆژنامەکە لە هەمان ساڵ.

دوای ١٤ مانگ لە مانەوە لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی ١٧ نەشتەرگەری جوانکاری و دوورینەوە و ناشتنی پێست، لە کۆتاییدا کیم توانی ڕزگاری ببێت، ساڵی ١٩٨٢ لە ئەڵمانیا نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ دەکرێت و دوای ئەوە دەتوانێت بە ئاسانی و ئاسایی بۆ جارێکی دیکە بە رێگادا بڕوات.

کیم فۆک

کیم فۆک دواتر لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ڤێتنامەوە چاودێری دەکرێت و دەنێردرێت بۆ خوێندن لە کوبا، لەوێ کوڕێکی ڤێتنامی دەناسێت و دەبێتە هاوسەری و لە ساڵی ١٩٩٢ لە کەنەدا نیشتەجێ دەبن لە تۆرێنتۆ، ساڵی ١٩٩٤ دەبێتە نوێنەری ویستی چاکە لە یونسکۆ، و ساڵی ١٩٩٧ ڕێکخراوێکی هاوکاری بۆ منداڵانی قوربانیی جەنگ دروست دەکات. 

ساڵی ٢٠١٥ بە خۆڕایی نەشتەرگەرییەکی لەیزەری بۆ دەکرێت لە کەنەدا بۆ هەریەک لە دەست و پشتی، لە ساڵی ٢٠١٦ـش دەبێتە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا.


سەرچاوەکان



1639 بینین