ئاسایشی نەرمەواڵە

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-12-15:24:00 - کۆدی بابەت: 6270
ئاسایشی نەرمەواڵە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسایشی نەرمەواڵە (بە ئینگلیزی: Application security) پێکدێت لە پڕۆسەی دروستکردنی نەرمەواڵە و هەروەها هەموو ئەو کارانەی کە لە دروستکردنێکی نەرمەواڵەدا دەکرێت، ئامانجی ئاسایشی نەرمەواڵە بریتییە لە بەهێزکردنی نەرمەواڵەکان لەڕووی پارێزگاری و کارکردنییەوە، هەروەها ئاسایشی نەرمەواڵە هەموو قۆناقەکانی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵە لەخۆدەگرێت وەک شیکارکردن، دیزاینکردن، جێبەجێکردن پاشان چاودێریکردن.

جێبەجێکردن

چەند ڕێگایەکی جیاواز هەیە بۆ پشکنینی نەرمەواڵەکان و هەر ڕێگایەک بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی کەلێنی جیاواز کە دەکرێت لە نەرمەواڵەکاندا هەبێت، هەروەها هەر رێگایەک لە قۆناغی جیاوای پەرەپێدانی نەرمەواڵەدا بەکاردەهێنرێت و کاتی جیاواز و تێچوی جیاوازیان هەیە، ڕێگاکان بریتین لە:

- پێداچوونەوەی دیزاین: پێش ئەوەی کۆدی نەرمەواڵەیەک بنووسرێت، دیزاینی نەرمەواڵەکە دووبارە سەیردەکرێتەوە بۆ دۆزینەوەی هەر کەموکوڕییەک کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە نەرمەواڵەکەدا، یەکێک لە تەکنیکەکان کە بەکاردەهێنرێت بریتییە لە دروستکردنی مۆدێلی مەترسیدار (threat model) لەم تەکنیکەدا هەموو کەلێنەکان کە لە نەرمەواڵەکەدا هەیە دەستنیشاندەکرێت و دواتر چارەسەردەکرێت.

- پێداچوونەوەی سندوقی سپی (Whitebox security review): هەروەها ناسراوە بە پێداچوونەوەی کۆد، لەم جۆرە پێداچوونەوەدا کەسی شارەزا هەڵدەستێت بە سەیرکردنی کۆدی نووسراوە نەرمەواڵەکە پێش کارپێکردنی بۆ دۆزینەوەی کەلێن یان هەڵە لە کۆدەکەدا گەر هەبێت.

- پێداچوونەوەی سندوقی ڕەش (Blackbox review): ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ورد لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی نەرمەواڵەکان، کە نەرمەواڵەکە لەلایەن کەسی شارەزاوە کاریپێدەکرێت و تاقیدەکرێتەوە، ئەم ڕێگایە پێویستی بە کۆدی سەرچاوەی نەرمەواڵەکە نییە.

- بەکارهێنانی کەرەستەکانی ئاسایش: چەندین کەرەستە هەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی کەلێنی پارێزگاری لە نەرمەواڵەکاندا وەک کەرەستەکانی (DAST/SAST) کە دەکرێنە ناو ئەو پڕۆگرامەی کە کۆدی نەرمەواڵەکە پێدەنووسرێت بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی ناوی.

- پلاتفۆڕمەکانی دۆزینەوەی کەلێن: کۆمەڵێک پلاتفۆڕمی دۆزینەوەی کەلێن هەن کە هاککەرەکان بەڕێوەیدەبەن و زۆرجار گەشەپێدەری نەرمەواڵەکان بەکاریاندەهێنن بۆ دۆزینەوەی کەلێن لە نەرمەواڵەکانیاندا.

کەرەستەی تاقیکردنەوەی ئاسایشی نەرمەواڵە

کەرەستەکانی تاقیکردنەوەی ئاسایش هەڵدەستن بە گەڕان بەناو نەرمەواڵەکاندا بۆ دۆزینەوەی کێشە و کەلێن تێیدا، کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ چوونە ناو داتا و زانیارییەکانی نەرمەواڵەکە و بردنیان، لە بارودۆخی نموونەییدا تاقیکردنەوەی ئاسایشی لە هەموو قۆناغەکانی گەشەپێدانی نەرمەواڵەدا (SDLC) بەکاردەهێنرێت بۆئەوەی گەر هەر کێشەیەک لە نەرمەواڵەکەدا هەبوو لەکاتی خۆیدا بدۆزرێتەوە و چارەسەربکرێت، چەندین کەرەستە هەن بۆ دۆزینەوەی کەلێنە ئاسایشییەکانی نەرمەواڵەکان دیارترینیان بریتین لە:

- تاقیکردنەوەی جێگیری ئاسایشی نەرمەواڵە (SAST): ئەم کەرەستەیە هەڵدەستێت بە شیکارکردنی کۆدی سەرچاوەی نەرمەواڵەکە لەکاتی گەشەپێدانیدا بۆ دۆزینەوەی کەلێن و کێشەکانی، هەروەها تاقیکردنەوەی جێگیری ئاسایشی نەرمەواڵە دەتوانرێت کاریپێبکرێت پێش ئەوەی کە کۆدەکە کاربکات، چونکە تاقیکردنەوەی (SAST) دەتوانێت هەموو کۆدەکانی نەرمەواڵەکە بخوێنێتەوە، هەروەها ئەم ڕێگەیە پێیدەوترێت تاقیکردنەوە سندوقی سپی (white-box)، بەڵام زۆرجار هەندێک لە کەلێنەکان لەم تاقیکردنەوەیەدا دەرناکەون و پێویستە بە شێوەیەکی دەستی دووبارە سەیری کۆدەکان بکرێتەوە.

- تاقیکردنەوەی داینامیکی ئاسایشی نەرمەواڵە (DAST): ئەم تاقیکردنەوەیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵدەستێت بە دزۆینەوەی کەلێنەکان لە نەرمەواڵەکانی وێبدا، ئەم ڕێگەیە زۆر ئاسانە بەکاردەهێنرێت بەڵام تەنها بۆ دۆزینەوەی کەلێنە سادەکان بەکاردێت کە لە هێرشە ئاست نمەکاندا بەکاردەهێنرێت وەک کێشەکانی تێکردن (injection flaws)، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە ئاستبەرزەکان نابێت وەک هێرشە لۆجیکییەکان (logic flaws).


سەرچاوەکان



776 بینین