ئەو میوانەی کە لە قورئاندا باسکراون 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-25-14:39:00 - کۆدی بابەت: 6404
ئەو میوانەی کە لە قورئاندا باسکراون 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە قورئانی پیرۆزدا ناوی ژمارەیەك میوەیە هاتووە، بە دیاریکراوی لەو کاتانەی کە وەسف و باسی بەهەشت دەکرێت، ئەو میوانەی کە ئامادە کراون بۆ خەڵکی بەهەشت، هەروەها ئەو میوانەی کە لە دوونیادا خودا پێی بەخشیوین.

ئەو میوانەی کە لە قورئاندا باسکراون 

ترێ

ترێ چوار جار لە قورئاندا ناوی هاتووە لە سوڕەتەکانی الأنعام 99، الرعد 4 ،المؤمنون 19، یس 34، خودای گەورە لە سوڕەتی الرعد ئایەتی (4) دەفەرموێت: (وَجَنَّاتٍ مِنْ أَعْنَابٍ) واتا: هه‌روه‌ها چه‌ندین باخ و ڕەزی جۆراوجۆری ره‌زه‌ ترێ هه‌ن كه‌ هه‌ركامیان تام و ره‌نگێكیان هه‌یه‌. 

خورما 

خورما بیست جار لە قورئاندا ناوی هاتووە لە 16 سوڕەت خودای گەورە لە سورەتی المؤمنون ئایەتی (19) دەفەرموێت: (فَأَنْشَأْنَا لَكُمْ بِهِ جَنَّاتٍ مِنْ نَخِيلٍ وَأَعْنَابٍ لَكُمْ فِيهَا فَوَاكِهُ كَثِيرَةٌ وَمِنْهَا تَأْكُلُونَ) واتا: سا هه‌ر به‌هۆی ئه‌و ئاوه‌وه‌ گه‌لێ باخه‌ خورما و باخه‌ ترێمان بۆتان به‌دی هێنا، له‌و باخانه‌دا میوه‌هاتی جۆراوجۆری زۆرمان بۆ به‌دیهێنان كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیشیان ئه‌خۆن، له‌ هاوین و زستان و وه‌رزه‌كانی تر.

لەم ئایەتدا ناوی خورما و ترێ بە تایبەتی هێنراوە، بەیەکەوە ناویان هاتووە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان چونکە خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە قورئانیان بۆ دابەزی، بەم دوو میوەیە زۆر بەناوبانگ بوون و خاکەکەی زۆر بە پیت بوو بۆ داری خورما و ڕەزی ترێ، شاری "مەدینە" خاکەکەی بە پیت و بە بەرهەم بووە بۆ داری خورما و هەروەها شاری "تائیف" ناوبانگی بە ڕەز و باخی ترێ هەبووە، هۆکاری دووەم بەهۆی سوودە تەندروستییەکان و بایەخی ئەم دوو میوەیە.

هەموو بەشەکانی دار خورما سوودی لێ دەبینرێت وەکوو بەر و گەڵاکانی و دارەکەی، بەڵام ڕەزی ترێ تەنها سوود لە بەرەکەی دەبینرێت، هەربۆیە لە قورئانی پیرۆزدا پاش و پێش کراون، ناوی خورما بە تەنها چەند جارێك هاتووە، بەڵام ناوی ترێ لەگەڵ میوەی تردا هاتووە، بەهۆی زۆری و بەربڵاوی و سوود و بایەخی زیاتری خورما. 

هەنجیر و زەیتوون

حەوت جار ناوی زەیتوون و یەك جار ناوی هەنجیر لە قورئاندا هاتووە، خودای گەورە لە سوڕەتی التین دەفەرموێت: (وَالتِّينِ وَالزَّيْتُونِ) واتا: سوێند به‌ هه‌نجیر و زه‌یتوون، ئەم میوانە دوو میوه‌ی به‌سوود و به‌که‌ڵکن، سوێند خواردنی خودا به‌ درووستکراوانی بۆ سه‌رنج ڕاکێشانمانه‌ و بەڵگەیە لەسەر سوود و بایەخی ئەم دوو میوەیە.

هەنار

سێ جار لە قورئاندا ناوی هەنار هاتووە لە سوڕەتەکانی: الأنعام 99، الأنعام 141، الرحمن 68 خودای گەورە لەسورتی الأنعام ئایەتی 99 دەفەرموێت:  (وَالزَّيْتُونَ وَالرُّمَّانَ مُشْتَبِهًا وَغَيْرَ مُتَشَابِهٍ ۗ) واتا: زه‌یتون و هه‌ناریش، هه‌یانه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا له‌یه‌ک ده‌چێت، لە تامدا جیاوازن. 

مۆز

یەك جار ناوی مۆز لە قورئاندا هاتووە، بە ئاشکرا ناوی نەهاتووە، بەڵکو وشەی "طلح" كە زانایان و ڕاڤەکەرانی قورئان کۆکن کە بە واتای مۆز دێت. خودای گەورە لە سوڕەتی الواقعة ئایەتی 29 دەفەرموێت: (وَطَلْحٍ مَنْضُودٍ) واتا: له‌بن سێبه‌ری داری مۆزی به‌ر به‌سه‌ر یه‌ك كه‌وتوودان، له‌به‌ر زۆری مۆزه‌كه‌ی قه‌دی لاسكه‌كه‌ی دیارنیه‌. 

سیدر

چوار جار ناوی هاتووە لە قورئاندا لە سوڕەتەکانی: الواقعة 28، السبأ 16، النجم 14، النجم16، خودای گەورە لە سوڕەتی الواقعة لە ئایەتی 28 دەفەرموێت: (فِي سِدْرٍ مَخْضُودٍ) واتا: له‌ژێر سێبه‌ری داری مۆردی بێدڕكدان كه‌ له‌ جێگه‌ی هه‌ر دڕكێكدا به‌رێك ڕوواوە، درەختی سیدر یاخوود نەبەگ جۆرە دارێکی دڕکاوییە و گەڵاکانی پانە، گوڵەکانی سپی و بچووکن و بەری هەیە. 


سەرچاوەکان



3263 بینین