کۆکایین

کۆکایین

له‌لایه‌ن: سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-01-16:03:00 - کۆدی بابەت: 6465
کۆکایین

ناوه‌ڕۆك

کۆکایین چییە؟

کۆکایین ماددەیەکی بەهێزی هاندەری کیمیاییە لە گەڵای ڕووەکی کۆکا دروست دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی وەک تۆزێکی سپی یاخود کریستاڵی دەردەکەوێت و تامێکی تاڵی هەیە، ڕەنگە سپییەکەی لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ ڕێگەپێدانی پزیشک نایاسایییە و ڕێگەپێنەدراوە.

جیاوازی نێوان کۆکایین و کراک (کۆکایینی شکاو)

کۆکایین لە هایدرۆکلۆراید پێکدێت و زۆربەی جار بە کۆکایینی بنچینەیی (base) دەناسرێت و ئەمۆمنیۆم یاخود بیکاربۆناتی سۆدیۆم بەکاردێت بۆ لابردنی هایدرۆکلۆراید (base) و دروستکردنی کراک، کراک جۆرێکی گۆڕاوی کۆکایینە لە شێوەی بەردی بچوکدایە و لە بنشێتی کوردی دەچێت، ئەم شێوەی کۆکایین بە تێکەڵکردنی کۆکایین لەگەڵ بیکاربۆناتی سۆدیۆم (سۆدەی نان) یان ئەمۆنیۆم و ئاو دروست دەکرێت، بۆیە ناوی کۆکایینی شکاوە چونکە کاتێک گەرم دەکرێت دەنگێکی وەک شکانی لێ دەردەچێت و دووکەڵەکەی دەکێشرێت.

بەکارھێنانەکانی کۆکایین

لە بواری پزیشکیدا

- جۆرێکی کۆکایین بەکاردەهێنرێت بۆ سڕکردنی ناوچەیی لە کاتی بەکارهێنانی چارەسەری ئازاربەخش بۆ لووت و دەم و فرمێسکەڕژێن، زیانی سەرەکی ئەم بەکارهێنانانەی کۆکایین بریتییە لە بوون بە هۆکاری نەخۆشی چاو و دڵ، لەبەر ئەم هۆکارانە بەکارهێنانی کۆکایین لە بواری پزیشکیدا کەمی کردووە و جێگرەوەی دیکە بەکاردێت لە ئێستادا.

- ئەگەر لە کاتی چارەسەرێکی وەک کەمکردنەوەی خوێنبەربوون پزیشک پێویستی بە تەسککردنەوەی خوێنبەرەکان هەبوو، ئەوکات کۆکایین لەگەڵ دەرمانی دیکەی تایبەت بە گرژکردنی خوێنبەرەکان تێکەڵدەکرێت و بەکاردەھێنرێت بۆ تەسککردنەوەی خوێنبەرەکان، هەندێک لە پسپۆڕەکانی بواری قوڕگ و لووت و گوێ کۆکایین بەکاردەهێنن لە کاتی ڕاهێنان بۆ فێربوونی چارەسەری وەک کەوی کردن بۆ لووت، بە شێوەیەک کە پێش دەستکردن بە چارەسەر تۆپەڵێک لۆکە بە کۆکایینی تواوە تەڕ دەکرێت و دەخرێتە کونی لووتەوە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک، بەم شێوەیە کۆکایین دوو ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت کە بریتییە لە سڕکردنی کونی لووت و تەسککردنەوەی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی خوێنبەربوون، ئەگەر بەم ڕێگایە کۆکایین بەکارهێنرا لەوانەیە هەندێکی لە ڕێگەی دەم یاخود لووتەوە هەڵبمژرێت و کاریگەری بکاتە سەر لەشی چارەخواز.

- کۆکایین هایدرۆکلۆراید ناوە باوەکەی بریتییە لە گۆپرێلتۆ (Goprelto)، بریتییە لە جۆرێکی سڕکەر کە لە مانگی دوانزەی ٢٠١٧ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگە بە بەکارهێنانی درا لە بواری پزیشکیدا و بەکاردێت بۆ سڕکردنی پەردەی چڵمینی لووت لە کاتی چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی لووت، کاردانەوەی هەندێک لە بەکارهێنەرانی گۆپرێلتۆ بریتی بووە لە سەرەئێشە و خوێنبەربوونی لووت.

بەکارهێنانی گەڵای کۆکا

لە کۆندا هەندێک نەتەوە لە چیاکانی ئەندێزی باشوری ئەمریکا گەڵای کۆکایان بەکارھێناوە وەک جۆرێکی چا کە گەڵای کۆکایان کردووەتە ناو ئاوەوە و کوڵاندوویانە، ئەم چایە زۆرجار پێشنیار کراوە بۆ ئەو گەشتیارانەی ڕوودەکەنە ئەندێز بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەڵام ڕاستی ئەم بیروباوەڕە لە بواری پزیشکیدا نەسەلمێنراوە، هەروەها هەندێکجار ڕاستەوخۆ گەڵاکەیان جویوە بە تێکەڵکردنی لەگەڵ لیمۆی تفتی سەوز، یان لەگەڵ هەندێک بەرهەمی خۆراکدا تێکەڵیان کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٦ نوسراوێک لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکا ئەوەی دەرخست کە کۆگاکانی خواردنی تەندروست گەڵای وشککراوەی کۆکا دەفرۆشن وەک چا، لەکاتێکدا کە لەسەر بەرگەکەی ئاماژە بەوە درابوو کە کۆکایینی لێدەرهێنراوە، بەڵام لە ڕاستیدا بە هیچ پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەدا تێپەڕ نەکرابوو، هەروەها لەسەر بەرگەکە ئاماژە بەوە درابوو کە خواردنەوەی دوو کوپ لە ڕۆژێکدا دەبێتە هاندەرێکی باش، لێدانی دڵ ڕێکدەخات، وات لێدەکات هەست بە دڵخۆشی بکەیت و هەروەها چاکە بە تەواوی بێ زیانە، سەرەڕای ئەوەش دەزگای ڕێگریکردن لە ماددەی ھۆشبەر (DEA) لە ئەمریکا دەستی بەسەر هەندێک باری ئەو چایەدا گرت لە هاوای، شیکاگۆ و جۆرجیا، هەروەها فرۆشتنی بەرهەمەکە لە هەموو فرۆشگاکاندا قەدەغەکرا.

بۆ چێژوەرگرتن

زۆرجار کێشان و هەڵمژینی کۆکایین بۆ چێژوەرگرتنە چونکە کۆئەندامی دەمار چالاک دەکات و هانی دەدات، کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی ١٥ خولەک تاکوو کاتژمێرێک دەمێنێتەوە، ماوەی مانەوەی کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڕی ئەو کۆکایینەی لەش وەریدەگرێت و شێوازی ئامادەکردنی کۆکایینەکە، باوترین جۆری کۆکایین کە بۆ ئەم مەبەستە بەکاربێت کۆکایینی شکاوە، بەکارهێنانی کۆکایین دەبێتە هۆی زیادبوونی بێداری و بەئاگایی، هەست کردن بە باشی و دڵخۆشی، زیادکردنی وزە و جوڵە، هەروەها زیادکردنی هەستی بە توانایی و ئارەزووی سێکسی.

هەڵمژینی تۆزی کۆکایین

هەڵمژینی تۆزی کۆکایین بۆ چێژوەرگرتن جۆرێکی باوی بەکارهێنانی کۆکایینە، کاتێک تۆزی کۆکایین لە ڕێگەی لووتەوە هەڵدەمژرێت، لەلایەن پەردە چڵمینەکانی لووتەوە کە لە ناوپۆشی ڕێڕەوی لووتدان هەڵدەمژرێت، کاریگەرییە دڵخۆشکەرە خوازراوەکانی کۆکایین دەردەکەون کاتێک بۆ ماوەی پێنج خولەک لەلایەن لووتەوە هەڵدەمژرێت چونکە هەڵمژینی کۆکایین خاودەبێتەوە بەهۆی کاریگەرییەکەی لەسەر تەسککردنەوەی دەماری خوێنی لووت، هەڵمژینی کۆکایین دەبێتە هۆی مانەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر جەستە بۆ ماوەیەکی درێژتر کە نزیکی ٦٠ بۆ ٩٠ خولەک دەمێنێتەوە.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر کۆکایین ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە کاتی پێویست بۆ دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی بریتیە لە ١٤٫٦ خولەک دوای هەڵمژینی، هەر زیانێک کە بەر ناوپۆشی ناوەوەی لووت دەکەوێت بەهۆی تەسک بوونەوەی دەمارەکانی خوێنەوەیە لەلایەن کۆکایینەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕۆشتنی خوێن و ئۆکسجین بۆ ئەو ناوچەیەی لووت.

وەرگرتنی کۆکایین لە ڕێگای دەرزی لێدانەوە

کاتێک کۆکایین لە ڕێگای دەرزی لێدانەوە وەردەگیرێت چەند کاریگەرییەکی خراپی دەبێت کە بە ڕێگاکانی تر ئەم کاریگەرییانە دەرناکەون، یەکێک لەو کاریگەرییانە بریتییە لە زرنگانەوەی گوێ چەند ساتێک دوای بەکارھێنانی کۆکایین (بە تایبەت کاتێک لە ١٢٠ میلیگرام زیاتر بەکاربێت) کە بۆ ماوەی ٢ بۆ ٥ خولەک دەبێتە هۆی زرنگانەوەی گوێ و بێزارکردنی بەکارهێنەر، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر بەکارهێنەرانی کۆکایین ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە کاتی پێویست بۆ گەیشتن بە کاریگەرییە خوزراوەکانی کۆکایین بریتییە لە ٣.١ خولەک، بەڵام ئەو هەستی دڵخۆشییەی کە بە هۆی وەرگرتنی کۆکایینەوە دروست دەبێت بە خێرایی نامێنێت، جگە لە کاریگەرییە ژەهراوییەکانی کۆکایین، لەوانەیە ماددەی نەتواوە لەناو گیراوەی کۆکایینەکەدا بەجێمابێت و ببێتە هۆی بوونی مەترسی گیرانی دەمارەکانی خوێن، هەروەها مەترسی ژەهراویبوونی خوێن هەیە ئەگەر کەلوپەلی پیس و بەکارهاتوو بەکاربێت بۆ مەبەستی وەرگرتنی کۆکایین لە ڕێگای دەرزی لێدانەوە.

تێکەڵەی کۆکایین و هێرۆیین ناسراوە بە سپیدباڵ (speedball)، تێکەڵەیەکی تەواو ترسناکە بۆ تەندروستی، چونکە کاریگەرییە پێچەوانەکانی هەردوو ماددە بێهۆشکەرەکە دەبن بە تەواوکەری یەکتر، بەڵام لەوانەشە ئەم نیشانانە دەرنەکەون بەهۆی زیاد لە پێوست بەکارهێنانی تێکەڵەکە، هەروەها ئەم تێکەڵەیە بووە بە هۆی مردنی چەندین کەسایەتی ناسراو.

کێشانی کۆکایین

لەم شێوازەی بەکارهێناندا زۆرجار کۆکایینی بنچینەیی یاخود کراک گەرم دەکرێت تاکوو دەبێت بە هەڵم و هەڵمەکەی هەڵدەمژرێت، کە بەم شێوازە کاریگەرییەکانی زوو دەردەکەوێت و تەنها ٣ بۆ ٥ چرکە دەخایەنێت و زووش نامێنێت کە تەنها ماوەی ٥ بۆ ١٥ خولەک کاریگەرییەکانی دەمێنێتەوە، بەکارهێنانی کۆکایین بەم ڕێگای گەرمکردن و هەڵمژینە چەند کاریگەرییەکی هەیە کە بە ڕێگاکانی دیکە نییەتی، ڕێگایەکی تری کێشانی کۆکایینی شکاو بریتییە بەکارهێنانی سیبیل، پارچەکەیەکی بچووک لە مسی خاوێن یان هەندێک جار ستیلی تەنکی وردکراو دەخرێتە ناو سیبیلەکە بۆ زووتر گەیاندنی گەرمی و بڵاوکردنەوەی کۆکایینەکە، لەگەڵیدا کۆکایینەکەی تێدەکرێت و نزیک دەکرێتەوە لە ئاگرێکی کز و گەرم دەکرێت تاکوو دەتوێتەوە و دەبێت بە هەڵم، پاشان هەڵمەکە لەلایەن بەکارهێنەرەوە هەڵدەمژرێت، کاریگەرییەکانی یەکسەر دوای کێشانی دەردەکەوێت و بە شێوەیەکی گشتی نزیکی ٢ بۆ ١٠ خولەک دەمێنێتەوە.

ئالوودەبوون

کۆکایین توانای ئالوودەکردنی بەکارهێنەری زۆر بەرزە، تەنها دوای چەندجارێکی کەم لەبەکارهێنان بەکارهێنەر تووشی ئالودەبوون دەبێت، واتە حەزی بە بەکارهێنانی ماددەی زیاترە بۆ گەشتن بەو کاریگەرییانەی کە جاری یەکەمی بەکارهێنانی کۆکایین پێی گەیشتووە، تاکوو زیاتر بکێشرێت حەزی بەکارھێنانی زیاتر دەکات و ڕێژەی بەکارھێنانی لەلایەن بەکارهێنەرەوە بەرز دەبێتەوە، جۆری کراکی کۆکایین زیاتر مرۆڤ ئالوودە دەکات چونکە کاریگەرییەکانی زووتر دەردەکەون و قوڵترن لە کۆکایینی ئاسایی، هەروەها تێکەڵکردنی ماددە کحولییەکان و کۆکایین مەترسی ئالوودەبوون زیاتر دەکات.

نیشانەکانی ئالوودەبوون

  • بەکارهێنەر پێویستی بە بەکارھێنانی ماددەی زیاترە تاکوو زیاتر کاریگەری بخاتە سەری.
  • ناتوانێت واز لە بەکارهێنانی بهێنێت.
  • نیشانەکانی کەسی ئالوودەی لێدەردەکەوێت کاتێک دەیەوێت وازی لێ بهێنێت.
  • بەردەوامە لەبەکارهێنان بە پێی خواستی خۆی و حەزێکی زۆری دەبێت بۆ بەکارهێنانی کۆکایین.
  • کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و کار و پیشەی بەکارهێنەر.
  • خەرج کردنی پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆر لە بەدەست هێنان و کێشانی کۆکایین.

مەترسییەکانی کۆکایین بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ

لە پاڵ ئالوودەبووندا کۆکایین چەندین زیانی تری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ کە ئەمانەن:

کێشەکانی دڵ

بەکارهێنانی کۆکایین مەترسی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی تایبەت بە دڵ زیاد دەکات وەک:

نەخۆشی ناوپۆشی لوت

هەڵمژینی کۆکایین دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆر بە ناوپۆشی لووتی بەکارهێنەر، کاتێک کۆکایین هەڵدەمژرێت ناوپۆشی ناوەوەی ڕێڕەوی لووت بە پێی تێپەڕبوونی کات تووشی هەوکردن دەبێت و دەبێتە هۆی:

  • لەدەستدانی هەستی بۆنکردن.
  • خوێنبەربوونی لووت.
  • هەڵئاوسانی لووت بۆ ماوەیەکی زۆر.
  • کێشەی هەناسەدان.
  • بەکارهێنانی کۆکایین بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی تێکشکانی شانەکان و دروستبوونی کێم، لە هەندێک حاڵەتدا بەربەستی نێوان هەردوو کونی لوت کونی تێدەبێت.

ژەهراویبوونی خوێن

کۆکایین هەڵگری مەترسییەکی زۆرە بۆ توشبوونی خوێن بە ژەهراوی بوون لەلایەن بەکتریا و ڤایرۆسەوە، وەک ڤایرۆسی ئایدز HIV و هەڵئاوسانی جگەری جۆری وەرگرتنی کۆکایین لە رێگای دەرزییەوە زۆرترین مەترسی ژەهراوی بوونی هەیە، هەروەها لە ڕێگەی کێشان یاخود هەڵمژینی کۆکایینەوە مەترسی تووشبوون بەم ژەهراوی بوونە هەیە، چونکە زۆرجار ئالوودەبووەکان هەمان دەرزی یاخود سیبیل پێکەوە بەکاردەهێنن و دەبێتە هۆی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییانە لە نێوان بەکارهێنەراندا.

زیان گەیاندن بە پێست و دەمار

وەرگرتنی کۆکایین لە رێگای دەرزییەوە دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست و دروستبوونی برین و زیان بە دەمارەکان دەگەیەنێت، هەروەها هەڵمژینی کۆکایین لە ڕێگای لووتەوە پەردەی چڵمینی لووت تێکدەشکێنێت و دەبێتە هۆی هەوکردن و دروستبوونی کێم لەناوەوەی لوت.

کاریگەرییە دەروونییەکانی کۆکایین

  • هەستکردن بە دڵخۆشییەکی زۆر و بەختەوەری.
  • زۆربوونی وزە.
  • هەستکردن بە کۆمەڵایەتی بوون و زیادبوونی حەزی قسەکردن.
  • بە ئاسان وەرگرتنی هەموو قسە و ڕووداوێک.
  • زیادبوونی بە ئاگایی.
  • زوو هەڵچوون.
  • نیگەرانی.
  • کێشانی لەڕادەبەدەری کۆکایین دەبێتە هۆی بینینی چەند شتێک و بیستنی چەند دەنگێک کە ڕاستی نین و خەیاڵین.

کاریگەرییە فیزیاییەکانی کۆکایین

  • فراوانبوونی گلێنەی چاو.
  • خێرابوون یاخود ناڕێکی لە لێدانی دڵدا.
  • تەسکبوونەوەی دەمارەکانی خوێن.
  • گرژبوونی ماسولکەکان.
  • لەرزین.
  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
  • سەر گێژخواردن.
  • بێ ئارامی و جوڵەی زۆر.
  • نەمانی ئارەزووی خواردن.
  • خەوزڕان.
  • سەرئێشە.
  • سکچوون.
  • خوێن بەربوونی لووت.
  • ناتوانینی وەستان بە شێوەیەکی ڕێک.

ماوەی مانەوەی کۆکایین لە لەشی مرۆڤدا

کۆکایین بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی ١ بۆ ٤ ڕۆژ لە لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە لەشی هەندێک بەکارهێنەردا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەمێنێتەوە، هەندێک هۆکار کار لە مانەوەی کۆکایین دەکەن لە لەشی مرۆڤدا وەک:

  • ڕێژەی بەکارهێنان.
  • چەندجارەی بەکارهێنان.
  • چۆنییەتی بەکارھێنان.
  • پوختی کۆکایین.
  • ڕێژەی چەوری لەش.
  • جۆری ئەو ماددانەی تر کە لەگەڵ کۆکایین کێشراون.

بە شێوەیەکی گشتی ماوەی مانەوەی کۆکایین لە لەشدا بەم شێوەیە:

  • لە میزدا: زیاتر لە ٤ ڕۆژ دەمێنێتەوه.
  • لە خوێندا: زیاتر لە ٢ ڕۆژ دەمێنێتەوه
  • لە لیکدا: زیاتر لە ٢ ڕۆژ دەمێنێتەوه.
  • لە موودا: زیاتر لە ٣ مانگ دەمێنێتەوە.

بەکارهێنانی کۆکایین لەگەڵ ماددە کحولییەکاندا

تێکەڵکردنی کۆکایین لەگەڵ ماددە کحولییەکاندا مەترسی زۆری هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە مەترسی دەخاتە سەر ژیانی بەکارھێنەر، ئەم تێکەڵەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەیەک بەناوی کۆکائەسیلین (cocaethylene) کە زۆر بەهێزترە لە هەریەک لە کۆکایین و کحول بە تەنها، کۆکائەسیلین مەترسی ژەهراویبوون بۆ دڵ، جگەر و ئەندامەکانی دیکەی لەش زیاد دەکات، ئەو مەترسییانە زیاد دەکات کە کۆکایین و کحول بە تەنها هەیانە بۆ لەشی مرۆڤ، بۆ نموونە مەترسی جەڵتەی دڵ و کێشەکانی دڵ زیاد دەکات.


سەرچاوەکان

441 بینین