ئەحمەد هەردی

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-08-16:22:00 - کۆدی بابەت: 6520
ئەحمەد هەردی

ناوه‌ڕۆك

ئەحمەد هەردی

ئەحمەد هەردی یەکێکە لە شاعیر و نووسەرە بەناوبانگەکانی مێژووی کورد لە سەدەی بیستەمدا، ناوی ئەحمەد بەگی کوڕی حەسەن بەگی کوڕی عەزیز بەگی کوڕی کەریم بەگزادەیە، لەساڵی ١٩٢٢ دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لای باوکییەوە دەچێتەوە سەر بنەماڵەی بابانییەکان، دایکیشی لە ڕەچەڵەکدا سەر بە بنەماڵەی زەنگەنەیە، ئەحمەد ھەردی لە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیری سلێمانی لەدایکبووە، ئەو زانیارییەکی زۆری لە بواری شیعری کلاسیکی هەبووە و هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی فارسیدا زانیووە، بە شاعیرانی گەورەی فارس وەک حافز و سەعدی شیرازی سەرسام بووە.

منداڵی و خوێندنی

ئەحمەد هەردی تەنیا خوشکێک و برایەکی هەبووە، کە بەداخەوە هەر لە منداڵیدا بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەست داوە، لەبەرئەوە بە تاقانەیی ماوەتەوە، کاتێک تەمەنی بیست ساڵان دەبێت واتە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا، دایکی لەبەر هۆکاری نەخۆشی ڕەبۆ گیان لەدەست دەدات، بەهۆکاری ئەوەی هەردی تاقانە بووە لای باوکی، خۆشەویست بووە و باوکی لەبەر ئەو ژن ناهێنێتەوە وە لەساڵی ١٩٥٨ دا کۆچی دوایی دەکات.

لەساڵی ١٩٣٨ نازناوی "هەردی" هەڵبژاردووە بۆ شیعرێکی و لە دوایشدا هەر بەم ناوە ناسراوە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (فەیسەڵیە) تەواوکردووە و ناوەندیشی هەر لە سلێمانی بووە بەڵام هیچ سەرچاوەیەک نییە ئاماژە بدات بە ناوی قوتابخانەکە، دواتر خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٤١ کراوە بە مامۆستای قوتابخانە لە بەرزنجە لەگەڵ هەندێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان، ئینجا گوازراوەتەوە سلێمانی ماوەیەکی زۆر مامۆستایەتی قوتابخانە سەرەتاییەکانی کردووە و دواتریش ئەحمەد ھەردی لە هەریەک لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی سەڵاحەدین دەرسی وتۆتەوە.

ئەحمەد هەردی ساڵی ١٩٥٤ لە سلێمانی هاوسەرگیری لەگەڵ (سەعدیە کەریم مەحموود) کردووە کە لە شێخەکانی بەرزنجەیە و دانیشتووی سابونکەران بوون، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە ١٠ منداڵ بووە، نۆبەرەکەیان بەناوی دارا ئەحمەد هەردی لەتەمەنی ٨ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، دوو منداڵی تریشی لە ساواییدا کۆچی دوایی دەکەن، ئێستا خاوەنی چوار کچ و سێ کوڕە بەناوەکانی (چلورە، سەیوان، ئەردەڵان، ڕێزان، ئاسۆس، ڕێبین و چۆمان) لە گەورەوە بۆ بچووک ڕیزکراون، زۆربەی منداڵەکانی چوونەتەوە سەر باوکیان و ئیلهامی خوێندنەوە و نووسینەکانی ئەویان بەسەرەوە دیارە بەڵام کەسیان نەبوون بە شاعیر، کچەکەی، چۆمان هەردی نووسەرێکی بەناوبانگی کوردە و لە بواری سیاسەت و کۆمەڵایەتی دەنووسێت، کوڕەکەی ئاسۆس هەردی ڕۆژنامەنووسێکی بەناوبانگە لە هەرێمی کوردستاندا و بناغەدانەری ڕۆژنامە سەربەخۆکانی هاوڵاتی و ئاوێنەیە، ڕێبینی کوڕیشی بەهەمان شێوە ڕۆژنامەنووسە و وەک باوکی هەمیشە لەبەرەی دژ بە زوڵم و ستەمە و لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شووباتی ٢٠١١ دا لە سەرای ئازادی چەندین وتاری دژ بە گەندەڵی و شەهیدکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ئەوکات نووسی و چەندجارێکیش دەستگیرکرا.

سەرەتای شیعر نووسین

ئەحمەد هەردی لەسەرەتای هەرزەکارییەوە حەزی بەنووسینی هۆنراوە کردووە، سەرەتای ناسینی وەک شاعیرێکی تازەهەڵکەوتووی لاو دەگەڕێتەوە بۆ نووسینی هۆنراوەیەک بۆ سەر گڵکۆی گەنجێکی کورد، کاتێک (کەمالی جەلال سائیب) کە لە ساڵی ١٩٣٨ دا لە ڕانیە دەکوژرێت و کەسوکاری کەمالی جوانەمەرگ داوا لە (پیرەمێردی نەمر) دەکەن، کە ئەوکات تەمەنی حەفتا ساڵان دەبێت، هۆنراوەیەک بۆ سەر گڵکۆکەی بنوسێت، هەردیش کە گوێی لەم قسەیە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە هۆنراوەیەک دەنوسێت و بۆ هاوڕێی منداڵی ئەوکاتی، کۆچکردوو (محمد تۆفیق ئەفەندی) دەخوێنێتەوە، کە ئەمە هۆنراوەکەیە:

بای ئەجەل ھات و لەناو کاو، دەفتەری ژینی دڕیم
تاکوو دوێنێ خونچە بووم ئەمڕۆ بە ناحەق ھەڵوەریم!
وەک چۆن برووسکە نەونەمامێ داڕنێ، وەختی چرۆ
ھات و گوللـەی وێڵ لە ناکاو بێگوناهـ جەرگی بڕیم!

ئەو هاوڕێیەشی ئەم هۆنراوەیە دەبات بۆ پیرەمێرد و بۆی دەخوێنێتەوە، پێرەمێرد دووجار هۆنراوەکەی پێ دووبارە دەکاتەوە و لێی دەپرسێت ئەمە کێ نووسیویەتی ئەویش دەڵێت ئەحمەدی هاوڕێم، پیرەمێرد شیعرەکە پەسەند دەکات و دەڵێت "چیتر بە پێویستی نازانم من هۆنراوەی بۆ بنووسم، با ئەم هۆنراوەیە لەسەر گڵکۆکەی کەمالی جوانەمەرگ بنووسرێت"
بەمشێوەیە ئەم کورتە هۆنراوەیە لەساڵی ١٩٣٨ دا لەکاتێک تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بووە دەنگدەداتەوە و هەرئەوکاتیش نازناوی (هەردی) بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و لەوکاتەوە بە ئەحمەد هەردی دەناسرێت.

لاوێتی و تێکەڵبوون بە سیاسەت

هەردی هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە‌، لەساڵانی چلەکاندا ئەوکات (حیزبی شیوعی کوردستان - عێراق) دادەمەزرێت، ئەمیش وەک زۆر لە گەنجانی ئەو سەردەمە پەیوەندی بەو حیزبەوە دەکات و بیری مارکسیزم و چینایەتی بەسەر شیعرەکانیدا زاڵ دەبێت، بەشیعرە ئاگرینەكانی خەباتی جۆشداوە‌ و لەسەر شیعرە بەناوبانگەكەی (ئازادی خوای كوردین ئێمە) زیندانی كراوە ‌و لە ئیشەکەی دوورخراوەتەوە، هۆنراوەی ئازادیخواز دەنگدانەوەیەکی باش دەداتەوە و حیزبی شیوعی کوردستان ئەم شیعرەیان کردبوو بە سروودی ڕەسمی خۆیان، لەساڵی ١٩٤٧ دا کاتێک چوار ئەفسەری جوامێری کورد لەسێدارە دەدرێن، کە بریتی بوون لە شەهیدان (خەیروڵڵا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز) کە ئێستا پەیکەرەکانیان لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانیدا وەک ڕەمزێک دانراوە، هەردی بەو بۆنەیەوە هۆنراوەیەک دەنووسێت کە لەسەر ئەمەیان بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر دووردەخرێتەوە کە ماوەکەی چوارساڵ دەبێت تا ساڵی ١٩٥٢ دەخایەنێت.

دوای ئەمانەش دووبارە و هەر لە سەردەمی پاشایەتیدا (پێش ئەوەی کۆماری عێراق درووست ببێت لە ١٩٥٧ دا) لە ماوەی ١٩٥٢ بۆ ١٩٥٧ لەکاتێکدا وازی لە (حیزبی شیوعی) هێنابوو، حکومەتی ئەوسەردەمەی عێراق داوای لێدەکات کە پاکانەیەک بنووسێت بۆ ئەوەی کە وازی لە حیزبی شیوعی هێناوە، ئەو لەگەڵ ئەوەی بەڕاستی وازی لە حیزبی شیوعی و بیرۆکەی مارکسیزم هێنابوو، بەڵام ئامادە نابێت پاکانە بۆ حکومەتی عێراقی بنووسێت و لەسەر ئەوە زیندانی دەکرێت و دوور دەخرێتەوە بۆ ناوچەیەک بەناوی (عەلی غەربی) کەسەر بە پارێزگای میسانی عێراقە، ئەوسەردەمە بیری نەتەوەیی کە تازە ڕیشەی لە هزر و بیریدا داکووتابوو، لە (عەلی غەربی) گەشەدەکات و دەکەوێتە خوێندنەوەی کتێبەکانی (ساطع الحصري) کە بیرمەند و نوسەرێکی عەرەبی دانیشتووی سوریا بووە و یەکێکە لە ڕەمزەکانی دامەزراندنی (بیرۆکەی نەتەوەیی عەرەب).

هەردی ساڵی ١٩٥٧ دا یەكەم كۆمەڵە شیعری بەناوی (ڕازی تەنیایی) بەچاپ گەیاندووە ‌و ئەو شیعرە جوان‌ و بەرزانە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە‌ و زیاتر هەردی ناساندووە ‌و ناوبانگی دەركردووە کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش شیعرەکان ماونەتەوە، چاپی یەکەمی (دیوانی ڕازی تەنیایی) لەساڵی ١٩٥٧ لەسەر ئەرکی (مارف خەزنەدار) و چاپی دووهەمیشی ساڵی ١٩٨٤ لەسەر ئەرکی (چاپخانەی سلێمانی) لەچاپ دەدرێت، ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ‌ کۆمەڵێک هاوڕێی تریدا کە بریتی بوون لە کەسانی وەک مامۆستا جەمال نەبەز و عەبدوڵڵا جەوهەر (کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد - کاژیک) یان دامەزراندووە و هەر خۆیشی بووەتە بەرپرسی یەکەمی.

لەساڵی ١٩٦٣ دا پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات و لەساڵی ١٩٦٥ دا لە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری سەردەشتدا) لەلایەن دەزگای پاراستنی ئەوکاتی شای ئێرانەوە کە ناوی (ساواک) بووە دەستگیر دەکرێت، کە لە زیندان بەردەبێت دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە گوندی (ئاوکورتێ) ی سەر بە قەزای شارباژێڕ نیشتەجێ دەبێت، لەساڵی ١٩٦٩ دەگەڕێتەوە سلێمانی دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لێبوردنێکی گشتی دەردەکات بەهۆی هاتنە سەر حوکمی ئەحمەد حەسەن بەکرەوە سەرۆکی ئەوکاتی عێراق.

پاش ڕێککەوتننامەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ و بەدیاریکراوی لە ساڵانی ١٩٧٣ - ١٩٧٤ دا لەكۆلێژی ئادابی زانكۆی سلێمانی مامۆستای وانەبێژ بووە، لەگەڵ‌ هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی 1974 دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە، پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٧٥ لەدوای نسکۆی شۆڕشدا و ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، لەگەڵ خێزانەکەیدا لەئێران دەمێنێتەوە و ماڵیان لەنەغەدەوە وەک پەناهەندەی سیاسی بۆ شاری کەرەج دەگوێزرێتەوە، ساڵی ١٩٧٩ لەدوای لێبووردنێکی گشتی ئەوسەردەمەی حکومەتی عێراق بەهۆی هاتنە سەر حوکمی سەدام حوسەینەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، لە ساڵی ١٩٨١ دا لە سلێمانی دوای چل ساڵ خزمەتی مامۆستایی خانەشین دەکرێت، ساڵی ١٩٨٣ هەر سێ شیعری (تەپڵی بەتاڵ، دڵێکی تێکشکاو، دوو چەشن دڵداری) پاش نزیکی زیاتر لە ٢٠ ساڵ دەستکاری دەکات و دیوانەکەی پێ تەواو دەکات و دیوانی (ڕازی تەنیایی) بۆجاری دووهەم چاپ دەکاتەوە لەگەڵ ئەم شیعرە تازانەدا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندی دەکاتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتی پارتی سۆشیالستی کورد (پاسۆک) و لە ساڵی ١٩٨٩ وازی لە پاسۆک هێناوە.

ساڵی ١٩٩٢ وەک پەنابەرێک چووەتە وڵاتی بەریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێ بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر “کێشی عەرووز لە شیعری کوردیدا” تەواو کردووە، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە، بەھۆی ژیانی پڕ لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە گەلێک لێکۆڵینەوە، دەقی ئەدەبی و ھونەریی فەوتاون، رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ لەماڵەکەی خۆیدا لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

ساڵانی خزمەت و ئەدەبی هەردی

هەردی بەهۆی ئەو توانا ڕۆشنبیرییەی هەیبووە وەك مامۆستای سەرەتایی و دواتریش وەک وانەبێژ و مامۆستای زانکۆ لە زانكۆكانی سلێمانی‌ و سەڵاحەدین وانەی ئەدەبی كوردی وتۆتەوە و کۆمەڵێک نەوە لەسەر دەستی پەروەردەبوون، وەك ئەدیب ‌و نووسەرێكیش ئەندامی یەكێتی نوسەرانی كورد بووە ‌و ماوەكیش سەرۆكی لقی سلێمانی بووە، سەرباری ئەوەی كە هەردی شاعیر بووە، لێكۆڵینەوەشی لەبواری شیعر و ئەدەبدا كردووە‌ و خاوەنی كتێبی (كێشی عەرووز لەشیعری كوردیدا) یە جگە لە دیوانە شعری ڕازی تەنیایی.

شیعرەکانی لەڕووی ڕووخسارەوە

بەرهەمی شاعیر لەڕووی ڕووخسارەوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی شیعری کلاسیکی لاساییکردنەوە نەچۆتە دەرەوە، شیعری هەردی دەوڵەمەندە، لە بە پەتیکردنی زمان دەوری باڵای هەیە، وشەی بێگانەی کەم بەکارهێناوە، زاراوەی شیعری ڕێبازی ڕۆمانتیکی و سیمبولی ئەدەبی نەتەوەکانی ڕۆژئاوا لە بەرهەمەکانیدا دیارە، بەم جۆرە شیعری هەردی بەشێکە لەو شیعرە نوێیەی کوردی کە لە ڕووی زمانەوە لە وشەی فەرهەنگی شیعری عەرزووی عەرەبه دوور کەوتۆتەوە، لە ڕەوانبێژیشدا دەستێکی باڵای هەبووە، ئەو شیعرانەی هەردی کە بە نوێ ژمێردراون لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەو جۆرە وێنە ڕەوانبێژییانەیان تێدایە و هەندێکی لە ڕەوانبێژی شیعری کلاسیکی کوردی و زیاتریش لە شیعری ڕۆمانتیکی ڕۆژئاوایی وەرگیراون و شاعیر وەستایانە گیانی کوردی پێ بەخشیوون.

شیعرەکانی لەڕووی ناوەڕۆکەوە

شیعری هەردی لەڕووی ناوەڕۆکەوە لە دوو مەبەست و قۆناغی سەرەکی نەچۆتە دەرەوە، ئەم دوو قۆناغەش پێچەوانەی بیروباوەڕی یەکترین.

قۆناغی یەکەمی شیعری هەردی بابەتی شۆڕش و هەڵمەت بردن و نەتەوایەتی بوو، سەرەتا بە دانانی شیعری دڵداری دەستی پێ کرد بەڵام زوو لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی وەکو بەشێک لە لاوانی عێراق بە گشتی و لاوانی کورد بەتایبەتی بوو بە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و ئەنتەرناسیۆنالیزم، کۆمەڵێک شیعری داناوە ناوەڕۆکیان بریتییە لە درووشمی سیاسی ئەوەی لە خۆپیشانداندا هەڵدەکران و بەکاردەهێنران، هەڵمەت و هێز و زەبروزەنگ و هاندانی تێدایە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و لە ناوبردنی دەسەڵاتی دواکەوتوو لە عێراق و هێزی دەوڵەتە ئیمپراتۆرێتی و سەرمایەدارییەکان لە هەموو جیهاندا، ئەو شیعرانە زۆرکات هاوشێوەی سروودێکی نیشتیمانی بوون، دەتوانرێت ئەو ماوەیەی هەردی ئەم شیعرانەی تێدا هۆنیوەتەوە بەنیوەی دووەمی چلەکانی سەدەی بیستەم دیاری بکرێ، لەدوای ساڵی ١٩٥٠ کە سەردەمی گواستنەوەی بیروباوەڕی بووە لە هەردوو شیعری "ست فاتیمە" و "دڵداری کچی تازە" هێشتا شوێنەواری بیری جیاوازی چینایەتی تیایاندا دیارە.

نموونەی شیعری ئەم قۆناغەی

ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە
پشتی جووتیاری زەبوونین
ئاڵای بەرزی چوون یەک بوونین
شیری دەستی لێقەوماوین
لە ڕووی زوڵما هەڵکێشراوین
ئاغا و بەگزادانی زۆردار
جەردەی گیانی گەلی هەژار
خوێن خۆری ئەم نیشتمانەن
ئالەتی دەستی بێگانەن
ڕۆژی خۆی گیانیان دەردێنین
تۆڵەی گەلیان لێ ئەستێنینن
ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە

قۆناغی دووەمی شیعری هەردی ڕەشبینی و دوورکەوتنەوە بوو لە شۆڕش، لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا کودەتای گەورە لەبیر و خەیاڵی شیعری هەردی ڕوویدا، لە بابەت لایەنی بیرییەوە هەموو تاقیکردنەوە کۆنەکانی مارکسیزم و چینایەتی لەبیری خۆی بردەوە و بوو بەهەڵگری بیری ناسیۆنالیزم (کوردایەتی)، ئەم کوردایەتییە لە دەوروبەری پێش کودەتا سەربازییەکەی ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ـی بەغدا لەناو هەندێک لاوانی کوردی عێراق پەیدابوو، ئەمە نە (کوردایەتی شیوعییە کوردەکان) بوو، وە نە (کوردایەتی لیبڕاڵییە کوردەکان) بوو، ئەمانە خۆیان بەهێزی سێیەم دادەنا لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە لەناو خەڵکی کوردستانی عێراقدا، هەردی هەڵگری ئەم بیروباوەڕە بوو لەو ماوەیەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی و مێژووی بیروباوەڕی ئەو حیزبانەی ئەورووپا بوو کە باوەڕیان بە سیستمی تاکە حیزبی هەبوو، ئەوانەی هەریەکەیان تەنیا دانی بەخۆی دەهێنا و فەلسەفە و حیزبی دیکەی ڕەت دەکردەوە، ئەمە لەڕووی بیروباوەڕەوە بەڵام لەڕووی خەیاڵەوە هەردی خەریکی ئەو شیعرانە بوو کە لە ساڵی ١٩٥٧ دا بەناوی "ڕازی تەنیایی" بڵاویکردنەوە، کۆمەڵە شیعرێکە لە دەوروبەری دڵدارییەکی ناکامی بەئەنجام نەگەیشتووی خنکاو لەناو ڕەشبینیدا دەسوڕێتەوە، لەکاتی چاپکردنی "ڕازی تەنیایی" هەردی دوودڵ بوو لەچاپکردنی کۆمەڵە شیعرەکەی، وایدەزانی بیرە تازەکەی کە پێچەوانەی بیرە کۆنەکەیەتی کە ئەویان دژی بیروباوەڕ و شیعری ڕەشبین بوو و هاوەڵە کۆنەکانی بەرپەرچی دەدەنەوە و ئەم ڕەشبینییە قبووڵ ناکەن، لەبەر ئەوە نەیدەزانی چۆن بڕیاربدا، هەڵوێستی سیاسی و بیروباوەڕی تێکەڵ بە چێژی هونەری و جوانبینییەکەی بوو، هەوڵی دەدا خۆی دوور بخاتەوە لەو جۆرە شیعرە چونکە بەلای هەڵگرانی بیروباوەڕە کوردایەتییە تازەکە ئەو شیعرانە جوان نەبوون، بەڵام لە دوای چاپکردنی شیعرەکان و بڵاوبوونەوەیان، بەڕاستی دەنگی دایەوە ئینجا هەردی کەوتە ئەوەی شانازییان پێوە بکا و جارێکی دیکە "ڕازی تەنیایی" لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٤ دا چاپ بکاتەوە.

نموونەی شیعری ئەم قۆناغەی

دڵێكی تێكشكاو

به‌ سه‌رسامی له‌سه‌ر لوتكه‌ی بڵندی گه‌نجی وه‌ستاوم!
شریتی عومری ڕابوردووم وه‌كو خه‌و دێته‌ بەرچووم
شریتی چی، سه‌راپا سه‌رگوزەشته‌ی ناهومێدیمه‌
فلیمی پڕ له‌ ناسۆری هه‌ره‌س هێنانی لاویمه
تروسكه‌ی تیا به‌دی ناكه‌م، سه‌رنجم چه‌نده‌ لێ داوه‌.
له‌ تاپۆی نامرادیم و ته‌می ناسۆری به‌ولاوه‌
ئه‌وی ئه‌وساكه‌ ڕوناكی ئه‌دا به‌م ژینه‌ شێواوه‌
دڵێكی پڕ له‌ ئاهه‌نگ بوو، كه‌ ئێستا پاكی ڕووخاوه‌..!
به‌ڵێ ئه‌وسا دڵێكم بوو، كه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانم بوو
دڵێک مه‌ڵبه‌ندی ئاوات و ته‌وژم و تینی گیانم بوو

شیعری ڕازی تەنیایی

ڕازی ته‌نیایی بەرهەمێکی زۆر خۆشەویست بووە بەلای ئەحمەد هەردییەوە هەربۆیە دیوانە شیعرەکەشی هەر بەو ناوەوەیە و کردوویەتی بە یەکەم شیعری لە دیوانەکەدا، ئەم شیعرە لە ساڵی ١٩٥١ دا نووسراوە، ئەمەش دوو بەیتی شیعرەکەیە لە کۆی سێ بەیتە شیعر:

ژیان و ئه‌ركی ناخۆشی په‌پووله‌ی ئاره‌زووی كوشتم
شه‌رابی جامی دڵداری له‌ تافی لاوییا، ڕشتم!
ته‌می ڕۆژانی پڕ مه‌ینه‌ت وه‌ها تاریك و چڵكن بوو
نیگاری خۆشه‌ویستی دڵ، په‌ری ئاسا، تێیا ون بوو!
شه‌وی ته‌نیایی، ڕووناكی چرای ئاواتی، خنكاندم
ده‌سی ناكامی، ئاوازه‌ی ده‌روونی كه‌یلی تاساندم
ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی
ده‌روونی پڕ له‌ ناكامی
ئه‌پێوم چۆڵی سه‌رسامی

له‌ ته‌نیایی شه‌وی ژینا، ئه‌نێم هه‌نگاوی كوێرانه‌ !
نی یه‌ ده‌ستێ ده‌رم بێنێ له‌ ناو ئه‌م گۆڕه‌ وێرانه‌
نی یه‌ جوانێ، سه‌ری كاسم بنێمه‌ سه‌ر دڵی نه‌رمی !
كه‌ هیلاكی له‌شم ده‌ركا خه‌وی سه‌ر باوه‌شی گه‌رمی
ئه‌گێڕم چاوی بێ تینم به‌ تاریكی شه‌وا، سه‌رسام
نی یه‌ پڕشنگی دوو چاوی ، كه‌ ڕووناكی بكا، ڕێگام !
به‌ غه‌یه‌ری باڵی خه‌مناكی،
شه‌وی پڕ ترس و سامناكی!
نییه‌ یه‌ك تۆزه‌ ڕووناكی!


سەرچاوەکان



2399 بینین