ئەحمەد مەسعوود

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-08-13:36:00 - کۆدی بابەت: 6532
ئەحمەد مەسعوود

ناوه‌ڕۆك

ئەحمەد مەسعوود

ئەحمەد مەسعوود (بە ئەفغانی: احمد مسعود)، لە ڕۆژی ١٩٨٩/٧/١٠ سیاسەتمەدار و کوڕی ئەحمەدشاھ مەسعوودی فەرماندەی پێشووی ئەفغانییە، لە ساڵی ٢٠١٦ دەبێتە بەڕێوبەری ڕێکخراوی مەسعوود و لە ٢٠١٩/١٢/٥ لەسەر ئارامگای باوکی لە پەنجشیر وەک جێنشینی ئەو دیاری دەکرێت.

ژیان

ئەحمەد لە ١٩٨٩ لە ویلایەتی تەخار لە کۆماری دیموکراتی ئەفغانستان لەدایکبووە، تاکە کوڕ و گەورەترین منداڵی ئەحمەدشاھ مەسعوودە و لە تەمەنی ١٢ ساڵی باوکی لە تەقینەوەیەکی تیرۆرستی ڕێکخراوی قاعیدە لەدەستدەدات، لەدوای ئەوە خۆی و خوشکەکانی کۆچ دەکەن بۆ ئێران و لەوێ خوێندن تەواودەکەن، ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵێک لە بەریتانیا بەشداری لە خولێکی سەربازی ئەکادیمیای سەربازی پادشایی ساندهێرست دەکات، ساڵی ٢٠١٥ بڕوانامەی جەنگناسی لە کۆلێژی کینگزی لەندەن بەدەستدەهێنێت و ساڵی ٢٠١٦ بڕوانامەی ماستەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی لەندەن سیتی بەدەستدەهێنێت.

پێشینەی سیاسی

ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان و دەبێتە جێنشینی باوکی، لە ٢٠١٩ بە شێوەیەکی جدی دەڕواتە نێو سیاسەت لە ئەفغانستان، ئەو وەک ئایدۆلۆژیاکەی باوکی کە بڕوایەکی سویسرییە بۆ سیاسەت پێی وایە دەسەڵاتی نامەرکەزی زیاتر سوودی هەیە بۆ ئەفغانستان و پێویست ناکات هەموو بڕیارێک لە کابولەوە دەربچێت.

ساڵی ٢٠١٩ دژی بڕیاری پەیماننامەی ئاشتی وەستایەوە و وتی کە هیچ سوودێکی ئەفغانییەکانی تێدا نییە و کۆمەڵەیەکی دروستکرد وەک بەرەی هاوپەیمانی و پێیدەوترێت "بەرەی بەرگری نیشتمانی ئەفغانی"، کە پێش کشانەوەی ئەمریکا دروستکرا، دوای هێرشی تاڵیبان هەریەک لە ئەحمەد و جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان دژی تاڵیبان وەستانەوە.

جەنگی ٢٠٢١

لە ٢٠٢١/٨/٢٢ لەدوای هێرشی تاڵیبان بۆ کابول و داگیرکردنەوەی، ئەحمەد مەسعوود ڕایگەیاند: "یەکێتی سۆڤیەتمان تێکشکاند، تاڵیبانیش تێکدەشکێنین"، لەبەرئەوەش بەرەی بەرگری نیشتمانی ئەفغانی "NRF" بە هەزاران چەکدار کۆکردەوە بۆ بەرگری لە پەنجشیر.

دوای ئەوەش سەرۆک کۆمار ڕایکرد و کابول داگیرکرا، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار "ئەمەرەڵا ساڵح" ڕایگەیاند کە ئەو ئێستا سەرۆکی ئەفغانستانە، بەڵام خەڵکی ڕەتیانکردەوە بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی خۆشەویست نییە و لەنێو خەڵکدا نەبووە، خەڵکیش ئەحمەد مەسعوود بە ڕێبەری خۆیان دەزانن.

هەواڵی داگیرکردنی پەنجشیر

دوای ئەوەی لە ٢٠٢١/٩/٦ تاڵیبان ڕایگەیاند کە پەنجشیر داگیرکراوە و ئێستا بەدەست تاڵیبانەوەیە، بەرەی بەرگری گەل ڕایگەیاند کە هێشتا لە تەواوی ناوچە ستراتیژییەکانی جەنگ بوونیان هەیە و جەنگ بەردەوامە، بەڵام تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار ڕایکردووە بۆ تاجیکستان و ئەحمەد مەسعوودیش دیار نییە لەکوێیە.

لە هەمان ڕۆژ وتەبێژی بەرەی بەرگری "فەهیم دەشتی" کە پورزای ئەحمەد مەسعوودە بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی پاکستانەوە کوژرا و گوایە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی ئەحمەددا بووە. بەپێی زانیارییەكانی هەواڵگریی ئەمریكا، دوو بەرپرسی باڵای پێشووی حكوومەتی ئەفغانستان و ڕاوێژكارێكی پێنتاگۆن، ئەحمەد مەسعوود، دوای ماوەیەكی كەم دوای گرتنی دۆڵی پەنجشیر لەلایەن تاڵیبان لە 6ی ئەیلوول، لەگەڵ ئەمروڵڵا ساڵح، جێگری پێشووی سەرۆكی ئەفغانستان، گواستراونەتەوە بۆ تاجیكستان.


سەرچاوەکان



568 بینین