عەلی شەریعەتی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-11-14:56:00 - کۆدی بابەت: 6554
عەلی شەریعەتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی 

عەلی شەریعەتی بیرمەندی ئیسلامی و زانای کۆمەڵناسی ئێرانی، بە یەکێك لە کاریگەرترین بیرمەندەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لە ساڵی 1933 لە گوندی "کاهاك" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئێران لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری مەشهەد تەواو کردووە، باوکی زانای ئاینی بووە و هەر لەسەر دەستی ئەو بنەماکانی ئاینی ئیسلامی وەرگرتووە، لە زانکۆی مەشهەد لە کۆلێژی ئاداب دوو بڕوانامەی لە زمانی عەرەبی و فەڕەنسی بە دەستهێناوە لە ساڵی 1952 وەکوو مامۆستا لە خوێندنگەکان وانەی وتووەتەوە هەر لەو ماوەیەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی ئیسلامی دامەزراند، لە ساڵی 1964 لە زانکۆی سۆربۆنی وڵاتی فەڕەنسا درێژەی بە خوێندنی باڵا داوە و پلەی دکتۆرای بە دەستهێناوە لە دوو بواردا، لە زانستی کۆمەڵناسی و مێژووی ئیسلامی.

بە هۆی بوێری لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکانی لە سەر ئیسلام، چەندان جار ڕاپێچی زیندان کراوە و دژایەتی کراوە لە لایەن حکوومەتی شای ئێرانی ئەو سەردەمە لە کۆلێژ و کاتی خوێندنی دوو جار دەستگیر کراوە پاشان لە دوای گەڕانەوەی لە فەڕەنسا لە ساڵی 1969 بزووتنەوەیەکی تایبەتی کردەوە بە ناوی (حوسەینی بۆ ڕێنوێنی کردنی گەنجان) لەگەڵ کۆمەڵێك بیرمەند و ڕۆشنبیری ئێرانی لە ڕێگەی ئەم کۆمەڵەوە چەندان تیۆری دەربارەی بیرۆکە باوەکانی ئیسلام خستە ڕوو پێنج بنەما و لیژنەی سەرەکی تێدا درووستکرد ئەوانیش لیژنەی تایبەت بە مێژووی ئیسلام، لێژنەی تایبەت بە ڕاڤەکردنی قورئانی پیرۆز، لێژنەی تایبەت بە ئەدەب و هونەر، لێژنەی تایبەت بە زمانی عەرەبی بۆ ڕاست کردنەوەی چەند چەمکێکی تایبەت بە ڕێبازی شیعەکان، لێژنەی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام بەو زمانە، لە ساڵی 1973 لە لایەن حکوومەتی شای ئێرانەوە بزوتنەوەکەی ڕاگیرا و داخرا، عەلی شەریعەتی و باوکی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە زیندانی کران پاشان لە ساڵی 1975 بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی مارکسیزمی ئیسلامی و پەیوەندی کردن بە گرووپە توندڕەوەکانەوە دووبارە زیندانی کرایەوە، بۆیە بە هۆی بەردەوامی دژایەتی کردن و بەرهەڵستی کردنی لە لایەن حکوومەتی شای ئێرانەوە بڕیاری کۆچ کردنی دا بۆ شاری لەندەن.

بەرهەمەکانی

شێوازی نووسینی بە شێوەیەکی قووڵ و فەلسەفییە و دوورە لە هەست و سۆز، دەربڕین و ڕاڤە بۆ چەمکە ئاینییە باوەکانی سەردەم دەکات، بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی وەڕگێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی و زۆر بەناوبانگ بوون، بێجگە لە بەرهەمی نووسینی، چەند وانە و وتارێکیشی کراون بە نامیلکە و کتێب، زۆر کتێبی نووسیوەتەوە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن:

  • حەج فەریزەی پێنجەم
  • مرۆڤ
  • ئازادی و یەکسانی 
  • ئیسلام و مرۆڤ 
  • ئاین دژی ئاین
  • ڕۆشنبیری ئیسلام
  • مێژووی شارستانییەت 
  • بەرپرسیارێتی تاکی ڕۆشنبیر
  • ئیمامی عەلی 
  • فاتیمە فاتیمەیە 
  • ئیسلام و قوتابخانەکانی  ڕۆژئاوا 
  • ئەبوو زەر
  • بێداری و کەرکردن
  • زاراوەناسی 

باری خێزانی

لە ساڵی 1958 هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خانمێك بە ناوی بووران ڕەزایی، بوونەتە خاوەنی چوار منداڵ کە ئێستا پیشە و پێگەی تایبەتییان هەیە، ئەوانیش کوڕە گەورەکەی دکتۆر و فەیلەسووف ئیحسان شەریعەتی خانمە رۆژنامەنووس سەوسەن شەریعەتی، و خانمی زانای کۆمەڵناسی سارە شەریعەتی و مونا شەریعەتی. 

کۆچی دوایی 

سێ هەفتە لە دوای ڕۆیشتنی بۆ وڵاتی بەریتانیا، لە ڕۆژی 19ـی حوزەیرانی ساڵی 1977 بە مردووی لە شوقەکەی خۆی دۆزرایەوە، لە گۆڕستانی سەیدە زەینەب لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتی سوریا نێژراوە، بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی ئەو وڵاتە هۆکاری مردنەکەی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام هەواداران و بەشێك لە ڕووناکبیران حکوومەتی شای ئێرانی و سەرکردە سیاسی و ئاینییەکانی ئێران بە هۆکار و بەرپرسی مردنەکەی دەزانن و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی کە تیرۆر کراوە. 


سەرچاوەکان



1397 بینین