نێچیرڤان بارزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-17-17:07:00 - کۆدی بابەت: 6608
نێچیرڤان بارزانی

ناوه‌ڕۆك

نێچیرڤان بارزانی کێیە؟

نێچیرڤان ئیدریس بارزانی کوڕی گەورەی ئیدریس بارزانی برای مەسعوود بارزانییە (بە ئینگلیزی: Nechirvan Idris Barzani)، لە بەرواری ١٩٦٦/٩/٢١ لە گوندی بارزانی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ڕۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩ بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ژیان

نێچیرڤان ئیدریس کوڕی ئیدریس بارزانی و کوڕەزای مەلا مستەفای بارزانییە، دایکی ناوی نازدارە و کچی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغایە کە یەکێکە لە بنەماڵە دێرین‌ و بابانیەکانی سلێمانی، لە ١٩٦٦/٩/٢١ لە گوندی بارزان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٥ بەهۆی نسکۆی شۆڕشی کوردەوە ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت و لەوێ لە زانکۆی تاران زانستە سیاسیەکان دەخوێنێت، لەدوای کۆچی دوایی باوکی بەشداری شۆڕش دەکات و لە ساڵی ١٩٨٩ دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ١٩٩٩ دەبێتە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە حکوومەتی هەولێر، دواتر لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو حکوومەتی سلێمانی و هەولێر نێچیرڤان دەبێتە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٠٩.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نەبیلە بارزانی کچی مەسعوود بارزانی ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و سێ کوڕ و دوو کچی هەیە کە گەورەترینیان ناوی ئیدریسە و هەریەک لە ڕانیە، چیاڤان و مایا منداڵەکانی ئەوان، جگە لە کوردی، زمانی فارسی باش دەزانێت، ھەروەھا عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت، حەزی بە کتێبی مێژوو و فەلسەفە و شیعرە بەتایبەت شیعری کوردی و فارسی، ڕۆژانە بەپێی پێویست و کات وەرزش دەکات.

سەرۆکی حکوومەت

نێچیرڤان بارزانی زۆرترین ماوەی سەرۆکایەتی حکوومەتی کردووە کە ماوەکەی گەیشتە ١٥ ساڵ، لە ١٩٩٩/١٢/٢٠ هەتاوەکوو ٢٠٠٥/٦/١٤ سەرۆکی حکوومەتی هەولێر بووە و دواتر لە ٢٠٠٦/٥/٧ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێم هەتاوەکوو ٢٠٠٩، دواتریش لە ٢٠١٢ دووبارە دەبێتەوە سەرۆک وەزیران هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٩.

ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کۆلێژی وانشتۆن، جێفرسۆنەوە دکتۆرای فەخری و دواتریش نیشانەی شکۆمەندی شاژنی بەریتانیای پێدەبەخشرێت.


سەرچاوەکان



1198 بینین