چاوپیسی و ئیرەیی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-02-13:41:00 - کۆدی بابەت: 6769
چاوپیسی و ئیرەیی لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاوپیسی و ئیرەیی لە بەڵاو و نەخۆشییە دەروونییەکانی مرۆڤن، دوو تایبەتمەندی و خووی مرۆڤن کە لە ئاینی ئیسلام قەدەغەکراون، چوونکە زیان بە کەسی بەرامبەر دەگەیەنن و کاریگەری خراپیش لەسەر تاکەکە بەجێدەهێڵن، ئیرەیی و چاوپیسی چەند خاڵێکی هاوبەشیان هەیە و بەهەمان شێوەش لە چەند ڕوویەکەوە جوودا و جیاوازن و سەرچاوەی زۆر نەهامەتی موسوڵمانی ئەم سەردەمەن.

واتای ئیرەیی

ئیرەیی یاخود حەسوودی بریتییە لە ئاوات خواستن بۆ نەمانی بەخشش و ڕۆزی و نیعمەتەکانی کەسی بەرامبەر، ئەو کەسەی ئیرەیی دەبات ئارەزوو دەکات کەسی سەرکەوتوو شکست بێنێت، ئارەزووی کێشە و دووبەرەکی دەکات لە نێوان خێزانەکاندا، بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا لە چەندان شوێن وشەی الحسد بە ڕوونی باسکراوە هەر وەکوو لە سوڕەتی الفلق لە ئایەتی (5) خودای گەورە دەفەرموێت: {وَمِنْ شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ} واتا: خودایه پەنات پێدەگرم لە‌ شه‌ڕ و خراپه‌ و زیانی هه‌ر حه‌سودێك كاتێك ئێره‌یی ده‌بات و هه‌میشه‌ هه‌ر خه‌ریكی زیان گه‌یاندنه‌ به‌ موسڵمانان، لە فەرموودەکانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) ئاماژە بە ئیرەیی کراوە هەروەکوو دەفەرموێت :(ولَا يَجْتَمِعُ فِي جَوفِ عبدٍ الإيمان وَالْحَسَدُ) واتا: لە دڵ و ناخی بەندەی خودا باوەڕ و ئیرەیی پێكەوە كۆ نابنەوە، هەروەها لە فەرموودەیەکی تر دەفەرموێت: إياكم والحسد، فإن الحسد يأكل الحسنات كما تأكل النار الحطب) واتا: نەکەن ئیرەیی ببەن، چوونکە ئیرەیی چاکەکانی مرۆڤ دەخوات و دەیسووتێنێت هاوشێوەی ئاگر کە چۆن دار دەسووتێنێت، بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکان ئیرەیی لە ئاینی ئیسلامدا قەدەغەکراوە. 

واتای چاوپیسی

چاوپیسی بریتییە لە سەیركردن و سەرسام بوون و بە چاك دانانی شتێك یان كەسێك بە بەبێ وتنی ماشاللە و خودا بیپارێزێت، یان خودا پارێزراوی بکات، چەند نیشانە و هێمایەک لە چاوەکانی دەردەچن و دەبێتە هۆی زیان پێگەیاندنی کەسی چاو لێدراو، پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەفەرموێت: (العينُ حَـقٌّ) واتا: چاو هەقە و كاریگەرییەكەی ڕاستە، چاوپیسی لە ئاینی ئیسلام قەدەغەکراوە و نادرووستە.

نیشانەکانی چاوپیسی و ئیرەیی

چاوپیسی و ئیرەیی بە پێی قەزاوقەدەری خودا ڕوودەدەن بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێستا ئەگەر هەر ڕووداوێکی خراپ لە ژیانیاندا ڕوو بدات، هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ چاوپیسی و ئیرەیی، ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە و دەبێت مرۆڤی باوەڕدار گوومانی باشە بە خودا بەرێت و پشتی پێ ببەستێت لە هەموو ژیانیدا، چەند نیشانەیەکی دیار هەن کە دەریدەخەن تۆ چاوت لێدراوە یاخوود ئیرەییت پێبراوە لەوانە بێزاری لە ژیان و دوورکەوتنەوە لە پەرستشەکان و ڕاڕایی و ماندوویی و بێدەنگی و قسەنەکردن و خەمۆکی تووندی ڕووداوەکانی ژیانت قورس دەبن.

جیاوازی نێوان چاوپیسی و ئیرەیی

- جیاوازی بنەڕەتی: جیاوازی سەرەکی لە نێوان چاوپیسی و ئیرەیی بریتییە لەوەی چاوپیسی بە هۆی سەرسامی و حەز لێکرن ڕوودەدات، بەڵام ئیرەیی بە هۆی ڕق و کینە و هیواخواستن بە نەمانی چاکە و نیعمەتەکانی کەسانی ترەوە ڕوودەدات.
- گشتگیری و تایبەتی: دەتوانین بڵێین کە هەموو کەسێکی حەسوود چاوپیسە، بەڵام هەموو کەسێکی چاوپیس ئیرەیی نابات.
- کاریگەری لەسەر کەسانی تر: چاوپیسی و ئیرەیی هاوبەشن لەوەی هەردووکیان کاریگەری خراپیان و زیان دەگەیەنن بە کەسی بەرامبەر.
- سەرچاوەی چاوپیسی و ئیرەیی: سەرچاوەی چاوپیسی نیگای چاوەکانی کەسی چاوپیسە و سەرسام بوونێکی مەزنە بە مرۆڤ یان ماڵ و سەروەت و سامان و کە لە ڕاستیدا تەنانەت هەندێك لە شتەکان شایەنی ئەوە نییە ئیرەیی پێ ببرێت، بەڵام بە چاوەوە دەبن، بەڵام سەرچاوەی ئیرەیی لە ناخ و دەروونە و لە دڵی مرۆڤدایە.
- کاریگەری لەسەر خودی کەسەکە خۆی: کەسی چاوپیس هەندێك جار خۆیشی دەکات بە چاوەوە و زیان لە خۆیشی دەدات، بەڵام کەسی حەسوود ئیرەیی بە خۆی نابات.
- تایبەتمەندی کەسی چاوپیس و حەسوود: هەندێك جار کەسی چاوپیس لە سادەیی خۆی سەرسامی بۆ شتێك دەردەبڕێت بێ ئەوەی ئاواتبخوازێت خاوەن شتەکە ئەو ڕۆزی و تایبەتمەندییەی لەدەست بچێت، بەڵام ئەو کەسەی کە ئیرەیی دەبات دڵ و دەروونی پڕە لە ڕق و کینە حەز بە چاکەی کەسانی تر ناکات. 

چارەسەر و خۆپاراستن لە چاوپیسی و ئیرەیی

  • باشترین ڕێگای چارەسەر و خۆپاراستن لە ئیرەیی و چاوپیسی بریتییە لە پەیوەستبوون بە یادی خودا و خوێندنی ویردەکانی ڕۆژانە، لەوانە:
  • خوێندنی سوڕەتی الفاتحة چوونکە سوڕەتێکی شیفادەرە.
  • خوێندنی ڕۆژانەی سوڕەتی الفلق و الناس و الأخلاص ئەم سێ سورەتە زۆر کاریگەرن و پارێزراوت دەکەن لە چاوپیسی و ئیرەیی.
  • خوێندنی ویردەکانی بەیانیان و ئێواران بە بەردەوامی.
  • خوێندنی دوو ئایەتی کۆتایی لە سوڕەتی البقرة.
  • خوێندنی سوڕەتی الكافرون.
  • چەند ویرد و دوعایەکی تایبەتکراو هەیە ئیماندار دەتوانێت ئەگەر لە چاوپیسی و ئیرەیی ترسا بیخوێنێت وەک: باسمِ اللهِ أَرقِيك من كلِّ شيءٍ يُؤذِيك من شرِّ كلِّ نفسٍ وعينٍ حاسدةٍ، باسم ِ اللهِ أَرقِيك، واللهُ يَشفِيك.
  • - پشت بەستن بە خودای باڵادەست بۆ هەموو کارێکی ڕۆژانە و گوومان بردنی باش بە خودا.
  • - هەرکاتێك شتێكی باش و جوانت بینی و ترسایت چاوپیسی تۆ کاریگەری لەسەر هەبێت، پێویستە وشەی ماشاللە و تبارك اللە بەکاربهێنیت، هەروەها دەتوانیت بڵێیت: اللهم بارك له، حتى يصرف عنه العين.
  • - شاردنەوەی چاکە و جوانییەکانی ئەو کەسەی کە مەترسی چاوپیسی لەسەرە.
  • - پەنا و هانا بردنە بەر خودای گەورە لە هەموو خراپەکان. 


سەرچاوەکان



2482 بینین