سوودەکانی ڤیتامین B12

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-10-07-13:30:00 - کۆدی بابەت: 6824
سوودەکانی ڤیتامین B12

ناوه‌ڕۆك

ڤیتامین B12

ڤیتامین B12 ماددەیەکی خۆراکی بنەڕەتییە کە یارمەتی لەش دەدات لە دروستکردنی DNA دا، خۆراک دەداتە مێشک و سیستەمی دەمار و یارمەتی پێکهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات، ئەم ڤیتامینە بەشێوەیەکی سروشتی لە گۆشت و ماسی و سنگی مریشک و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا هەیە و دەتوانرێت بە شێوەی دەرمانیش لە تاقیگەکاندا بەرهەم بهێنرێت، هەندێک کەس ئەو پڕۆتینەیان نییە کە یارمەتی لەش دەدات ئەم ڤیتامینە لە خۆراک و دەرمانەکان وەربگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی ڤیتامین B12 و تووشی کەم خوێنی و بێهێزیان دەکات.

سوودەکانی ڤیتامین B12

- چارەسەرکردن و ڕێگری کردن لە تووشبوون بە خەمۆکی: ڤیتامین B12 ڕۆڵی هەیە لە بەرهەم هێنانی هۆڕمۆنی سیراتۆنین کە بەرپرسە لە جێگیر کردنی میزاج و زیادکردنی هەستی دڵخۆشی، هەبوونی ڕێژەی پێویست لە ڤیتامین B12 ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە.

- تەندروستی دووگیانی: لە ئەگەری کەمی ڤیتامین B12 لە سەرەتاکانی ماوەی دووگیانیدا، منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی لوولەکانی خوێن دەبێتەوە و ئەگەری هەیە بە کێشێکی کەمەوە لەدایک ببێت، ئەو دایکانەی ڤیتامین B12 لە لەشیاندا کەمە ئەگەری ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان پێشوەختە لە دایک ببن یاخود لەباریان بچن، ئەو دایکانەی ڕێژەی ڤیتامین B12 لە جەستەیاندا کەمە سێ جار ئەگەری خستنەوەی منداڵی کەمئەندامییان لە دایکانی ئاسایی زیاترە.

- تەندروستی مێشک: ڤیتامین B12 خۆراکێکی زۆر گرنگی دەمارەکانی مێشکە، سست بوونی مێشک ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی دەمارەکانی مێشک، کە ئەمەش دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوە و لاوازبوونی توانای بیرهاتنەوە.

- تەندروستی پێست: ڤیتامین B12 ناسراوە بە یارمەتیدەری پێست و قژ و نینۆک، کەمی ڤیتامین B12 دەبێتە هۆی بەڵەکی و دروستبوونی پەڵەی کاڵ و تۆخ لەسەر ڕوخسار و کەمکردنەوەی گەشەی قژ و لاوازبوونی نینۆک.

- تەندوستی دڵ؛ توێژەرەوان دەریدەخەن کە ڤیتامین B12 ئاستی ترشە ئەمینییەکان لە خوێندا کەم دەکاتەوە کە پەیوەندییان بە زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە، لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی ئاستی ترشە ئەمینییەکانیان بەرزە ئەگەری زیاتری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵدە زیاترە.


سەرچاوەکان



2906 بینین