منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-16-22:52:00 - کۆدی بابەت: 6900
منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵبوونی سروشتی کە تێدا باشترین ڕێگایە بۆ منداڵبوون ئازار و ژانێکی زۆری لەگەڵدایە، کە زۆرجار لەوانەیە خانمان لە ترسی ئەم ئازارە پەنا ببەن بۆ منداڵبوون بە نەشتەرگەری، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانست لە ئێستادا چەند ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی منداڵبوونی سروشتی بێ ئازار بێت.

منداڵبوونی سروشتی بێ ئازار چۆنە؟

منداڵبوونێکە کە تێیدا بە ڕێگای سروشتی منداڵەکە دەبێت واتە بە ڕێگای نەشتەرگەری نییە، دوو ڕێگا هەیە بۆ منداڵبوون بە بێ ئازار ئەویش بەکارنەهێنانی دەرمان و بەکارهێنانی دەرمانە، کە ئەو ڕێگایەی دەرمان تێیدا بەکاردێت بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی و ژانی منداڵبوون بە دەرمان ناکرێت بە تەواوی بووترێت ڕێگایەکی سروشتییە چونکە دەرمانی تێدا بەکارهاتووە.
گرنگە خانمەکە دڵنیابێت لەوەی کە دەتوانێت منداڵەکەی بە سروشتی دەبێت، چونکە ئەم ڕێگایانە بۆ منداڵبوونی سروشتی بەکاردێت، هەر بۆیە پێشتر دەبێت دڵنیابووبێتەوە لای پزیشکەکەی کە دەتوانێت منداڵەکەی بە سروشتی ببێت.

جیاوازی ژانی منداڵبوون لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە

مەرج نییە هەموو خانمێک ژانی منداڵبوونی وەک یەک بێت و هەمووان ئازار و ژانێکی زۆریان هەبێت، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، ئافرەت هەیە کە بە ژانێکی کەم کە کەمتریشە لە ئازاری سوڕی مانگانە منداڵی دەبێت و ئافرەتیش هەیە کە ماوەی دوو ڕۆژ یان چەند کاتژمێرێکێ زۆردا ژان و ئازارێکی زۆری دەبێت، هەموو ئەمانە بەندن لەسەر چەند هۆکارێک وەک فیسیۆلۆجی جەستەی خانمەکە و هەروەها شێوازی ژیان ئەو خانمانەی کە تەندروستانە دەژین و خواردنی تەندروست دەخۆن و وەرزش دەکەن باری دەروونیان جێگیرە منداڵبوونێکی ئاسانتریان دەبێت.

ڕێگاکانی منداڵبوونی سروشتی بە بێ ئازار

ڕێگای بە بێ دەرمان

لەم چەند ڕێگایەدا هیچ جۆرە دەمانێکی کیمیایی بەکارنایەت و تەنها چەند ڕێگایەکی سروشتی بەکاردێت کە ئامانەن.

ڕێگای فیزیکی

ڕێگایەکە تێیدا پاڵپشتی خانمەکە دەکەیت بۆ کەمکردنەوەی ژانەکەی، ئەویش بە چەند ڕێگایەک، قسەکردن و دڵدانەوە و مەساجکردن بۆ پشتی خانمەکە و دەستگرتنی و پیادەڕەوی لەگەڵیدا کە ئەمانە واباشترە نزیکترین کەسی خانمەکە یارمەتی بدات وەک هاوسەر، هەروەها واباشە کە خانمەکە ئەو کەسەی کە وەک یاوەرێک دێت لەگەڵیدا کەسێکی شارەزا بێت و نەترسێت و پێشتر لەگەڵ کەسی دیکەدا چووبێت و لەوێ یارمەتیدەری بێت، وە گرنگە خانمەکە چەند هەفتەیەک پێش منداڵبوون وەرزشی تایبەتی ئەنجام دابێت تاکوو جەستەی زیاتر ئامادە بێت بۆ منداڵبوون، هەموو ئەم ڕێگایانە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ژانی منداڵبوون بەڵام هەرگیز بە تەواوی ژان و ئازارەکە لەناونابەن.

منداڵبوون لە ئاودا

یەکێکی دیکە لە ڕێگاکان بریتییە لەوەی کە خانمەکە لەناو حەوزێکی گەرمدا دابنیشێت و منداڵەکەی ببێت، کە پلەی گەرمییەکەی جێگیرە و گونجاوە، کە تێیدا گرژبوون و ئازاری پشت کەمتر دەکاتەوە و بەمەش ژانەکە کەمتر دەبێتەوە.

ئامێری ئەلیکترۆنی

لێرەدا بەبێ بەکارهێنانی دەرمان ئامێرێکی ئەلیکترۆنی دادەنرێت لەسەر پشتی دایکەکە، کە دەلکێت بە پشت و سک و کەمەری دایکەکەوە و ئازاری کەم دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی بەڕەڵابوونی هۆڕمۆنی ئەندرۆفین لە جەستەدا کە کاری کەمکردنەوەی ئازارە.

ڕێگای بەکارهێنانی دەرمان

سێ ڕێگا هەیە بە دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوون ئەوانیش

ئێپیدوڕاڵ

ئەمە ڕێگایەکە کە نیو سڕکردنێکی جەستەیە، بەڵام ئەو جۆرە نییە کە خەڵکی لێی تێگەشتووە و تێیدا نیوەی جەستە سڕ دەبێت و هەستی پێ ناکرێت، لێرەدا هەست بە جەستەت دەکەیت بەڵام تەنها هەست به ئازارەکە ناکەیت، کە ئەمەش سۆندەیەکە دادەنرێت لە نێوان پشتی نەخۆشەکە و بڕبڕەی پشتیدا و بەردەوام دەرمان دەنێردرێت لە ڕێگەی ئەو سۆندەیەوە و بۆی تازە دەکرێتەوە تاکوو ئازاری کەم ببێتەوە، لێرەدا ژنەکە بەردەوامە لە پڕۆسەی منداڵبوونەکە و بەڵام ئازاری زۆر کەمە و یاخود هەر نییەتی.

بەکارهێنانی گاز

کە ئەویش دوو جۆر گازە بەکاردەهێنرێت و وەک ماسکێک دەکرێتە سەر دەم و لووتی نەخۆشەکە ئەویش لە قۆناغی دووەمی منداڵبوونەکەدا و بەنجی پێ دەدات، کە خانمەکە بەم ماسکەوە بەردەوام هەناسەی قوڵ هەڵدەمژێت.

سپایناڵ

ئەمەش هەر ڕێگایەکی نیوەسڕکردنە کە دەرزییەکە لە پشت دەدرێت و لەو ڕێگەیەوە چەند دەرمانێکی دیکەی پێ دەدرێت و خانمەکە سڕ دەبێت، بەڵام لێرەدا نەخۆشەکە بە تەواوی هیچ ئازارێکی نامێنێت و بەهێزترە لە ڕێگای  ئێپیدوڕاڵ.


سەرچاوەکان



12579 بینین