کەنگەر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-23-19:34:00 - کۆدی بابەت: 6949
کەنگەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەنگەر (بە عەرەبی: كنغر، بە ئینگلیزی: Kangaroo)، بە یەکێک لە مەمکدارە تورەکەدارە گەورەکان هەژمار دەکرێت، لەگەڵ ناوهێنانیدا ئوستوڕالیا یەتە بیری خەڵکەوە، ئەو خێزانەی کەنگەرەکانی تێدا پۆلێنکراوە ٦٥ ئەندام لە خۆدەگرێت، لە بنەڕەتدا ناوەکەی لە وشەیەکی لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە واتای پێ گەورە دێت، بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە لەسەر قاچەکانی باز دەدات و بەبێ ڕێکردن دەجوڵێت، مرۆڤە ڕەسەنەکان لە ڕابردوودا سوودی زۆریان لە کەنگەرەکان بینیوە، گۆشت و پێست و فەروو تەنانەت ئێسکەکەشی لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرا، هەروەها تەنها چەند ئاژەڵێکی کەمی دڕندە دەتوانن کەنگەرەکان بکەن بە نێچیر و ڕاویانبکەن، بەڵام ئاژەڵە گیاخۆرەکان بوون بە هەڕەشە بۆیان بەهۆی کەمکردنەوەی خۆراکی کەنگەرەکانەوە کە ڕووەکەکانە، ناوەندە رێژەی تەمەنیان لە سروشتدا بە نزیکەیی دەگاتە ٦ ساڵ، بەڵام لە باخچەکاندا کە گرنگی زۆریان پێدەدرێت دەگاتە ٢٠ ساڵ.    

جۆرەکانی

کۆمەڵێک جۆری جیاوازی هەیە بە نزیکەیی ١٤ دانەیە، سەرەکیترینیان بریتین لەمانە:

  • کەنگەری سوور: ئەم ناوەی لێنراوە بە هۆی ڕەنگی سوور یان قاوەیی فەرووی نێرینەکانەوە.
  • کەنگەری خۆڵەمێشی ڕۆژئاوایی: هەندێک جار پێی دەوترێت کەنگەری ڕوخسار ڕەش.
  • کەنگەری خۆڵەمێشی ڕۆژهەڵاتی: بە دووەم گەورەترین و قورسترین جۆری کەنگەرەکان دادەنرێت.
  • کەنگەری ئاسکی کێوی: ئەمەیان شێوەی لە ئاسکی کێوی دەچێت، لە باکووری ئەستورالیا دەژی.

شێوەی دەرەوەی

بەرزییەکەی بە نزیکەیی دەگاتە ١-٢.٥ م و کێشی لە نێوان ١٨-٩٠ کگم دایە، کەنگەرەکان دوو قاچی بەهێزیان هەیە کە بە دوو پێی گەورە کۆتایی هاتووە، هەروەها کلکێکی ئێسکداری درێژیشی هەیە کە لە کاتی جوڵەدا هاوسەنگی پێدەدات، کەنگەرەکان بە تاکە ئاژەڵی گەورە دەناسرێن کە لە کاتی جووڵەکردندا لە جێگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە تەنها بازدان بەکاردەهێنێت، نێرینەکان مەودای بازەکانیان درێژترە کە دەکرێت بگاتە ٩م و بە بەرزی ٣م، و خێراییەکەیان لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ٦٤کم، گەدەیان هاوشێوەی مانگاکانە بەمەش کرداری هەرسیان ئاسان و خێرایە، هەروەها ددانەکانیشی تیژ و بەهێزن بەڕادەیەک کە بە ددانە بڕەرەکانی درەختی بچووکی پێ دەبڕێت.

خۆراک

کەنگەرەکان ئاژەڵی گیاخۆری کاوێژکەرن، خۆراکەکەی بڕێکی زۆر گەورە و جیاوازی ڕووەک و گوڵەکانە، شێوازی بەدەستهێنانی خۆراکەکەی زۆر لە ئاسکە کێوییەکان دەچێت کە هەردوو دەستی بەکاردەهێنێت بۆ ڕاکێشانی قەدی ڕووەکەکان بۆ دوورخستنەوەی و گەشتن بە گەڵاکانی، لە ئەگەری نەبوونی ڕووەکی گەڵادار و گوڵەکاندا کەنگەرەکان مێرووەکان و قەیتەران و قەوزە دەخۆن، بەڵام هیچکات خۆراکی خراپبوو ناخۆن، هەریەک لە زەردەپەڕ و بەرەبەیان گونجاوترین کاتەکانن کە کەنگەرەکان بۆ خۆراک گەڕان تیایدا دەچنە دەرەوە، هەروەها بۆ ژیانکردن پێویستیەکی زۆری هەیە بە ئاوخواردنەوە، بە بەردەوامی بەدوای ئاوی پێویستدا دەگەڕێت، لەئەگەری زۆر گەڕانی و نەدۆزینەوەی سەرچاوەی ئاوی  ئەوا چاڵێک بە قوڵی ١ مەتر هەڵدەکەنێت بە مەبەستی گەڕان بە دوای ئاودا.   

نشینگە

کەنگەرەکان دەتوانن لە زۆر ژینگەی جیاواز بمێننەوە و بژین، کە دەکرێت هەریەک لە دارستانە چڕەکان و ساڤانا و لەوەڕگا و بیابانەکان بێت، و بە تایبەتیش لە ئوستوڕالیا، چوار جۆرە سەرەکییەکە لە ناوچەی دیاریکراوی ئوستورالیا دەژین، بەڵام کەنگەرە سوورەکان  لە هەموو ناوچەکانیدا بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی کەنگەرەکان ئاژەڵی خۆگونجێنن و خێرا نیشتەجێ دەبن بۆیە لە باخچە گشتییەکان و تەنانەت یاریگاکانیشدا ڕاگیر دەکرێن. 

یەکگرتن و زۆربوون

کاتێک نێرینەکان خواستی یەکگرتنیان هەیە دەنگێکی وەک پێکەنینێکی هێمنی مرۆڤەکان دەردەکەن، کەنگەرەکان ساڵانە تەنها یەکجار بێچوویان دەبێت، دوای یەکگرتنەکەش مێینەکە تەنها بۆ ماوەی یەک مانگ سکپڕ دەبێت، بێچووەکە دوای مانگێک لەدایکدەبێت، بەمەش ماوەی سکپڕی کەنگەرەکان لە کورتخایەنەکاندا پۆلێندەکرێن، دوای لەدایکبوونی بێچووەکە لەناو تورەگەکەدا دەبەسترێتەوە بەیەکێک لە گۆیە مەمکەکانی و چەند مانگێک پێوەی دەمێنێتەوە، دواتر  بەنێو گۆیەکانی دیکەدا دەگوازرێتەوە، تورەگەکە ٤ گۆی مەمکی تێدایە بە گوێرەی قۆناغی پەرەسەندنی بێچووەکە بەکاردێت، ماوەی مانەوە لە نێو تورەگەکە بۆ تەواوکردنی گەشەکەی بەلایەنی کەمەوە ٦ مانگ دەخایەنێت، دوای ١-٢ مانگ  لە پەرەسەندنی دەگاتە قۆناغی پشتبەستن بە خۆی و وەک کەنگەرەکانی دیکە خۆراک دەخوات.

تایبەتمەندییەکانی

گەنگەرەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین و پێکەوە دەژین لە کۆمەڵەدا، کە دەکرێت لە ژمارەی بچووکەوە هەتا ١٠٠ ئەندام لەخۆ بگرێت، بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی ئەندامەکان لەناو کۆمەڵەکاندا دەست لە لووتی یەکتر دەدەن، وەک تورەگەدارەکانی دیکە لەسەر سکی کەنگەرەکان تورەگەیەک هەیە، بێچووەکەی تێدا گەورەدەکات، هەروەها لە کاتی هەستکردن بە ترس و بێزاری دەنگی وەک چپە و بۆڵەبۆڵ دەردەکەن.


سەرچاوەکان



1375 بینین