سوودەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2021-10-23-22:37:00 - کۆدی بابەت: 6953
سوودەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاژەڵە ماڵییەکان (بە عەرەبی: الحيوانات الأليفة، بە ئینگلیزی: The domestic animals)، ئەو ئاژەڵانەن کە دەتوانرێت بۆ پارێزگاریکردن یان چێژوەرگرتن بەخێوبکرێن، توانایان ھەیە لە ماڵدا بمێننەوە و پەیوەندییەکی ھاوڕێیانە لەگەڵ خاوەنەکەیاندا دروستبکەن. بە نموونە وەک: پشیلە و سەگ و باڵندە.
ھەبوونی ئەم ئاژەڵانە سەرەڕای بەرپرسیارییەتی کاریگەرییەکی زۆریان دەبێت لەسەر دەروون و شێوازی ژیانکردن، ئەو کەسانەی کە ئاژەڵی ماڵی بەخێودەکەن بەگشتی وا بیردەکەنەوە کە ژیانیان بۆ باشتر دەگۆڕن، چونکە کاریگەرییەکی ئەرێنی و زۆرباش لەسەر تەندروستی خاوەنەکەیان دروست دەکەن.

سوودەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی

ئاژەڵە ماڵییەكان باری دەروونیت باشتردەکەن

ھەبوونی ئاژەڵە ماڵییەکان ڕێگەیەکی زۆرباشە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی دەروونیت، سەرچاوەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی کە ئازاردەچێژن بەھۆی نەخۆشییەوە، ئەگەر ئاژەڵی ماڵییان ھەبێت کەمتر ھەست بە خەمۆکی دەکەن لەچاو ئەوانەی ھەمان نەخۆشیان ھەیە و ئاژەڵی ماڵییان نییە.

ھۆکارن بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ

ئاژەڵە ماڵییەکان بەوەناسراون کە پەستان و شڵەژانی دەروونی کەم دەکەنەوە. شارەزایان دەڵێن مرۆڤەکان لە خەمۆکی و بێ ھیوایی ڕزگاریان دەبێت ئەگەر کاتەکانیان لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکان بەسەرببەن.

ئاژەڵە ماڵییەکەت ھاوڕێتە

ئاژەڵە ماڵییەکان، گەر پشیلە یان سەگ یان ھەرجۆرە پەلەوەرێک بن پەیوەندیەکی ھاوڕێیانەی پتەو لەگەڵ ھەموو ئەندامانی خێزانی بەخێوکەرەکەیان دروستدەکەن، چونکە سەرچاوەی خۆشەویستی و ھاوڕێیەتین. ئاژەڵە ماڵییەکان پڕن لە ھەستی یاریکردن، بەشێوەیەک منداڵ و گەنج و بەتەمەنەکانیش لە ماڵەكەیاندا دڵخۆشدەکەن، بەتەمەنەکان یاوەرێکی باشیان لێیانەوە دەستدەکەوێت، ھەروەھا ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنێکی کەمەوە ئاژەڵی ماڵییان ھەبووە، کەمتر خۆپەرست دەبن لە بەرانبەر ئەو منداڵانەی کە نەیانبووە، کاتێک ئاژەڵی ماڵیت ھەبێت ھەمیشە بیرت لای ئاژەڵەکەت دەبێ، بەجۆرێک گەر بۆماوەیەک لێی دووربیت دەتەوێ بە زووترین کات بگەڕێیتەوە بۆلای، ئیتر گرنگ نییە کە لەکوێیت.

سەرچاوەی ئاسوودەیین

ئاژەڵە ماڵییەكان ھۆکارێکی گەورەی ئاسوودەیین، ئەوانیش وەک ھەر دروستکراوێکی دیکە خاوەنی خووی تایبەت و کەسایەتی خۆیانن، بەشێوەیەک ھۆکاری پێکەنینن بۆ ماوەیەکی زۆر کە ئەمەش دەبێتە ھۆی دابڕانت لەو کێشانەی بەسەرتدا ھاتووە، چونکە پێکەنینێکی تەندروست کە لە ناخی دڵتەوە بێت، ھۆکارە بۆ دوورکەوتنەوە لە بێزاری بۆ ماوەیەکی زۆر.

ھەستی خۆشەویستیت بۆ ئاژەڵ تێدا دروست دەکەن

ئەو شێوەی کە ڕێزی ئاژەڵ دەگیرێت، وێنەدانەوەی ڕێزگرتنە بۆ ئەوانی دیکەش. ئاسایی نییە گەر منداڵەکان کلکی پشیلەیەک و کوڵکی سەگێک ڕابکێشن، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر پێگەیشتووەکان کە گەنجەکان و منداڵەکانی دەورووبەریان فێربکەن بە چ شێوازێک ڕێز لە ئاژەڵەکان بگرن چونکە ئەوانیش ھەستیان ھەیە و شایەنی ڕێزلێگرتنن و وادەکەن مرۆڤەکان باشتربن.

ھەستی بەرپرسیارییەتیت تێدا دروست دەکەن

ھەر جۆرە ئاژەڵێکی ماڵیت ھەبێت، پێویستی بە گرنگی پێدانی تۆ دەبێت کە ئەمەش ھەستی بەرپرسیارێتی لە خاوەنەکەیدا دروست دەکات، چونکە بەرپرسیاربوون و خاوەندارییەتی کردنی ئاژەڵێک وادەکات ئەو ھەستەت بۆ ھەمیشە بەرانبەر ھەموو شتێکی دیکە ھەبێت.

وانەکانی ژیانت فێردەکەن

زۆر گرنگە مرۆڤەکان لەوە تێبگەن کە ھیچ شتێک ھەمیشەیی نییە، ھەمووان دەژین و لە کۆتاییدا دەمرن، ھەبوونی ئاژەڵی ماڵی یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە بازنەی ژیان و کۆتایی ھاتنی ھەموو شتەکان، ڕەفتارکردن لەگەڵ ژیان و مردن یەکێکە لە سەختترین ئەرکەکان، بەڵام ھەبوونی ئاژەڵێکی ماڵی، تاکەکان ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووداوە دڵتەزێنەکان لە ژیانیاندا، ئەو کەسانەی خاوەندارێتی چەندەھا ئاژەڵی ماڵییان کردووە بەدرێژایی ژیانیان، باشتر دەتوانن ڕووبەڕووی کۆسپەکان ببنەوە و بەھێزتر دەبن لەبەرانبەر لەدەستانی کەسانی نزیکیان، لە کۆتاییدا ئاژەڵە ماڵییەکان پێویستیان بە گرنگیپێدان و کات تەرخانکردنە کە ئەمەش زۆر کەمترە لەچاو ئەو سوودانەی ئەوان بۆ مرۆڤیان ھەیە.


سەرچاوەکان



900 بینین