محەمەد سەعید ئەلبووتی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-09-17:48:00 - کۆدی بابەت: 7138
محەمەد سەعید ئەلبووتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

محەمەد سەعید ڕەمەزان ئەلبووتی (بە عەرەبی: محمد سعید رمضان البوطي) زانای سوری پسپۆڕ لە زانستە ئیسلامییەکان و سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وڵاتانی شام، لە ساڵی 1929 لە گوندێکی سەر بە جەزیرەی بۆتان لە تورکیا نزیک سنوری عێراق و سوریا لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە، بەهۆی سیاسەت و ستەمی ئەتاتورک لەو سەردەمەدا، کاتێک تەمەنی چوار ساڵان بووە خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ شاری دیمەشق، دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی تورکی کردووەتەوە، قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە دیمەشق تەواوکردووە و خوێندکارێکی زۆر زیرەک و بە توانا بووە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی بە باشی زانیوە، زۆر کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی کە زانای ئاینی بووە، لە ساڵی 1953 چووەتە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی ئەزهەر، لە ساڵی 1955 بڕوانامەی لەو زانکۆیە بەدەستهێناوە، ساڵی دواتر خوێندنی باڵای لە زمانی عەرەبی لە هەمان زانکۆ تەواو کردووە و بووەتە خاوەن بڕوانامەی دبلۆم، لە ساڵی 1960 بووە خاوەن بڕوانامەی دکتۆراە لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆی ئەزهەر.

ئەزموونی زانستی و پلە و پۆستەکانی

ـ کاری مامۆستایی و وانەبێژی لە شاری حومس کردووە، پاشان لە ساڵی 1960 وەکوو مامۆستا دواتر وەکوو سەرۆک بەشی کۆلێژی شەریعەی دیمەشق دەستبەکار بووە.
ـ پێشنوێژ و وتارخۆێنی مزگەوتی ئومەوی و مزگەوتی ئیمان بووە لە دیمەشق.
ـ وەکوو سەرۆکی زانایانی وڵاتانی شام دیاریکراوە.
ـ وەکوو ئەندامی چەندین کۆنگرە و بزاف و ڕێکخراو خزمەتی کردووە لەوانە: دەزگای ئالولبەیت بۆ هزری ئیسلامی لە عەممان، ئەنجومەنی باڵای ئەکادیمیای ئۆکسفۆرد، ئەندامی کۆمەڵەی نوری ئیسلام لە فەڕەنسا هەروەه ڕاوێژکاری کۆمەڵەی فیقهی ئیسلامی بووە.
ـ سەدان خوێندکار و زانای ئایینی پەروەردە کردووە، نازناوی کەسایەتی جیهانی ئیسلامی وەرگرتووە لە خولی 18ی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی دوبەی بۆ قورئانی پیرۆز. 

ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی

ژمارەی نووسین و بەرهەمەکانی زیاتر لە 60 بەرهەمن، ناوەڕۆکی بابەتەکانی باس لە زانستە ئیسلامییەکان و فەلسەفە و کێشەکانی کۆمەڵگا دەکات، هەروەها لە بارەی ئیسلامی سیاسییەوە نووسیوێتی، بێجگە لە بەرهەمی نووسین کۆمەڵێک وتار و وانە و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی گرنگ و بەپێزی هەیە لەسەر بابەتە ئیسلامییەکان، بووتی کەسێکی میانڕەو بووە و دژی توندڕەوی بووە لە ئیسلام و ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی بیروهزر و کۆمەڵەی سەلەفییەت کردووە، دژی بیروهزری ئیلحاد و شیوعی بووە و دژی چەند نەریتێکی سەپێنراوی عەرەبی بووە وەکوو خەتەنەکردنی مێینە، گرنگترین بەرهەمی کە لەلایەن عومەر ڕێشاوی وەرگێڕانی کوردی بۆ کراوە بە ناوی باطن الاثم/تاوانە دەروونییەکانە، كە لە ساڵی 1983 ئەم کتێبە چاپکراوە و لە ساڵی 1985 بە کوردی کراوە، تاکوو ئێستاش ئەم کتێبە بەردەستە و سێ چاپی کوردی لەبەرگیراوەی هەیە.

ئەزموونی سیاسی

لە کایەی سیاسی سوریادا بووتی لایەنگری حکوومەت و دەسەڵاتی سوریا بووە، لە سەدەی ڕابردوو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتەوی هەبووە لەگەڵ حافز ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا، بووتی کاریگەری هەبووە لەسەر چەندین بڕیاری سەبارەت بە پەیمانگا شەرعییەکان و ڕاگەیاندن و کتێبە ئیسلامییەکان لە سوریا و هەروەها بڕیاری ڕێگریکردن و لەکارلابردنی ئەو خانمانەی کە پەچە دەپۆشن وانەبێژی دەکەن لە قوتاخانەکانی سوریا ڕەتکردەوە و هەڵیوشاندەوە، چەند کەناڵێکی تایبەت بە بانگەشەی ئاینیی دامەزراند نموونەی "نوری شام"،  بووتی پشتیوانی ڕژێمی دەسەڵاتداری کردووە دژی ئیخوان موسلمین بووە، ئەم هەڵوێستەی بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی زۆر لە نێوەندی ئیسلامی و هەروەها دژایەتی  کرا لەلایەن چەند بیرمەندێکی ئیسلامییەوە، لە سەردەمی جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی سوریا، بووتی لایەنگری دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بووە و دژی ئۆپۆزسیۆن بووە، هەر ئەم هەڵوێستەشی بووە هۆی تیرۆر کردنی. 

باری خێزانی

لە تەمەنی 18 ساڵی ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و بووەتە خاوەنی شەش کوڕ و کچێک. 

کۆچی دوایی

لە 21ی ئاداری ساڵی 2013 محەمەد سەعید بووتی لە کاتی وانەوتنەوە و ڕاڤەکردنی قورئانی پیرۆز لە مزگەوتی ئیمان لە ڕێگەی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ناو مزگەوتەکەدا لە نزیک مینبەری وتاربێژییەکەی تیرۆر کرا، کردەوە تیرۆریستییەکە وەکوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، هەریەک لە ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی بەشار ئەسەد یەکتریان لە کوشتنی تۆمەتبار دەکرد، چوونکە کەسایەتییەکی کاریگەری بووە و شوێنکەوتوویەکی زۆری هەبووە، چەند لایەنێکی تریش ڕژێمی بەشار ئەسەدیان تۆمەتبار دەکرد، هۆکاری تیرۆرکردنەکەشی بەهۆی ڕاوبۆچوونە سیاسییەکانیی خۆیەوە بووە، تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە نێژراوە نزیک مزگەوتی ئومەوی لە قەڵای دیمەشقی سوریا. 


سەرچاوەکان



590 بینین