دارگوێز (٢٠١٩)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-09-18:14:00 - کۆدی بابەت: 7140
دارگوێز (٢٠١٩)

ناوه‌ڕۆك

درەختی گوێز

درەختی گوێز یان دارگوێز (بە فارسی: درخت گردو، بە ئینگلیزی: Walnut Tree)، فیلمێکی درامی ئێرانییە و بەرهەمی ساڵی ٢٠١٩ـیە، باس لە چیرۆکی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، دەرهێنەری فیلمەکە محەمەد حسەین مەهدەویانە و هەریەک لە پەیمانی مەعادی و میهران مودیری و مینا ساداتی و مینۆ شەریفی ڕۆڵگێڕی سەرەکی فیلمەکەن.

سیناریۆی فیلم لە ڕاستییەوە وەرگیراوە و لەلایەن ئیراهیم ئەمینی و حوسەین حسێنیەوە نووسراوەتەوە.

خەڵاتەکان

ئەم فیلمە لە ٣٨ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر بەشداری کرد و محەمەد حسەین مەهدەویان وەک باشترین دەرهێنەر و پەیمان مەعادی وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو بوونە خاوەنی خەڵاتی سیمورغی کریستاڵ، مینۆ شەریفیش وەک کاندیدی باشترین ئەکتەری ژنی ڕۆڵی یاریدەر هەڵبژێردرا.

فیلمەکەش یەکێک بوو لەو سێ فیلمەی بە هاوەڵی "خورشید" و "یەڵدا" وەک کاندیدی نوێنەری ئێران بۆ ئۆسکاری ٢٠٢١ هەڵبژێردرابوو. 

گۆرانی فیلم

گۆرانی ئەم فیلمە لە شیعرێکی روزبە بمانی و بە دەنگی عەلیڕەزا قوربانی وتراوە و حەبیب خەزایی فەر ئاوازدانەر و ئەردەشیر کامکار وەک کەمانچەژەن لەم فیلمەدا بەشدارییان کردووە.

چیرۆک

چیرۆکی فیلمی دارگوێز دەکەوێتە ساڵانی ١٩٨٧، ٢٠٠٥، ٢٠١٦ و لە چیرۆکێکی ڕاستییەوە وەرگیراوە کە باس لە کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت دەکات لە ساڵی ١٩٨٧ بەدەستی ڕژێمی بەعس لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق.

کەسێک بەناوی قادر مۆلانپور لە گوندی "ڕەشەهەرمێ" دەژی لەگەڵ خێزانەکەیدا و لە کارەساتی کیمیابارانەکەدا تێکەڵ دەبێت، قادر کە کەسایەتییەکی ڕاستەقینەیە خێزانەکەی ئالوودەی کیمیایی دەبن و لەو ماوەیەدا قادر هەر سێ شاری سەردەشت و تەبرێز و تاران بە بەردەوامی دەگەڕێت بۆ چارەسەری منداڵ و هاوژینەکەی.

قادر لە فیلمەکەدا لە دادگای لاهای لە ساڵی ٢٠٠٥ لەبەردەم دادوەر کە لێی دەپرسێت "بۆچی ئەوەندە بەهیوایت؟" دەڵێت: "ئێمەی کوردەکان ئەگەر هیوامان نەبوایە زۆر زووتر لەناوچووبووین".

ڕۆڵگێران

پەیمان مەعادی قادر
مینا ساداتی هوما
مینۆ شەریفی مەریەم
میهران مودیری ئەحمەد

پەخشکردن

فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٢١ لە مانگی ١١دا لە شاری سلێمانی دەستی بە پەخش کرد لەڕێی سینەما سالمەوە و نرخی بلیت بە ٥ هەزار دینار دیاری کرا.


سەرچاوەکان



584 بینین