ئەبو فەلە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-14-17:40:00 - کۆدی بابەت: 7188
ئەبو فەلە

ناوه‌ڕۆك

ئەبو فەلە کێیە؟

حەسەن سولەیمان ناسراو بە (ئەبو فەلە)، لەدایکبووی ساڵی 1998 و تەمەنی 23 ساڵە، دانیشتووی وڵاتی کوەیتە، یوتیوبەری بەناوبانگی بواری گەیمینگە لە جیهاندا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەستدا بە تایبەتی، خاوەن گەورەترین چەناڵی گەیمینگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەستدا، لە ئێستادا ئەبو فەلەخاوەنی زیاد لە 21 ملیۆن سەبسکرایبە لە یوتیوبدا، ڤیدیۆکانی ئەبو فەلە زیاتر لە بابەتی گەیمینگە، هەندێک جاریش ڤیدیۆی ڕیاکشن و چاڵنج و ...هتد دادەنێت، ئەبو فەلە لەپاڵ ئەوەی کە چەناڵەکەی تایبەتە بە بواری گەیمینگ و بینەرێکی ئێجگار زۆری هەیە، بەڵام ئەمە وای لێنەکردووە کە بە تەنها سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی یاری بێت، بەڵکو وەک خۆی دەڵێت کە یوتیوب و بەتایبەتی و سۆشیاڵ میدیا بە گشتی وەک مینبەرێک وایە بۆ گەیاندنی پەیامی چاک و بەسوود و لە ڕۆژی دواییدا خوای گەورە پرسیارت لێدەکات دەربارەی ئەو بینەرانەی کە لە بەردەستی ئەوبوون، هەر بۆیە جیاواز لە هەر یوتیوبەرێکی تر، هەرکاتێک 1 ملیۆن سەبسکرایبی چەناڵەکەی زیاد دەکات هەڵدەستێت بە دڵخۆشکردنی کەسانی تر، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە وەک خۆی دەڵێت: لە پاش فەزڵی خوای گەورە خەڵکی بە گشتی هۆکاری ئەوەن کە گەیشتووە پێی، هەر بۆیە هەندێک جار هەڵدەستێت بە خەڵاتکردنی کەسە نزیکەکانی و هاوڕێکانی، هەندێک جاریش هەڵدەستێت بە کردنەوەی پڕۆژەیەکی خێرخوازی، لەو پڕۆژە خێرخوازیانەی ئەنجامی داون: (كەفالەتکردنی بێباوکان، لێدانی بیر، دروستکردنی مزگەوت، دروستکردنی کلینیکی پزیشکی، دروستکردنی خانوو بۆ پەنابەرەکان، نەشتەرگەری بۆ ئەو کەسانەی کە چاویان بەرەو کوێر بوون دەچێت، دابین کردنی پێداویستی زستان بۆ پەنابەرەکان و هتد..) کە ئەمەیان دوایین پڕۆژەی خێرخوازی بوو بە بۆنەی گەیشتنی بە 20 ملیۆن سەبسکرایب لە یوتیوب، ئەبو فەلە پڕۆژە خێرخوازیەکانی ناو دەنێت (پڕۆژەی ئەبو فەلە و بینەرەکانی)، بۆ هەر یەکێک لەو پڕۆژە خێرخوازیانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، ئەبو فەلە لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییە جیهانیەکان ڕێک دەکەوێت و پاشان لایڤێک دەکاتەوە لە یوتیوب و خەڵکی داخڵ دەبن و لە لینکێکی تایبەتەوە بە ڕێی ئەلکترۆنی پارە دەبەخشنە پڕۆژە خێرخوازیەکەی ئەبو فەلە، ئەبو فەلە جیا لەم پڕۆژە خێرخوازیانەی، هەندێک جار هاوڕێکانی کۆدەکاتەوە و پێکەوە چەند چاڵنجێک ئەنجام دەدەن و لە کۆتاییدا براوەی چاڵنجەکە دیاریەکی زۆر گەورەی پێدەبەخشێت.

گەورەترین پڕۆژەی خێرخوازی ئەبو فەلە

 پڕۆژەی دابین کردنی پێداویستی زستان بوو بۆ پەنابەرەکان کە ئەبو فەلە بە هاوکاری ڕێکخراوی مرۆیی جیهانی بەڕێوەی دەبرد، پڕۆژەکە بەو شێوە بوو کە ئەبو فەلە بڕیاریدا 1 ملیۆن دۆلار کۆ بکاتەوە بۆ یارمەتیدانی زیاد لە 5700 خێزان، ئەبو فەلە بڕیاریدا کە لە یوتیوب لایڤێک بکاتەوە و لایڤەکە دانەخات هەتاوەکو بڕی 1 ملیۆن دۆلار کۆدەبێتەوە، ئەبو فەلە پێی وابوو کە زیاد لە هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ ئەم مەبەستە، هەر بۆیە بەشی زیاد لە هەفتەیەک خواردنی ئامادەکرد، بەڵام ئەوەی ئەبو فەلە و هەموو جیهانی تووشی شۆک کرد ئەوەبوو کە لە ماوەی تەنها 28 کاتژمێردا ئەبو فەلە توانی بڕی 1 ملیۆن دۆلار کۆ بکاتەوە، زۆربەی کەسە ناودارەکان پاڵپشتی پڕۆژە خێرخوازیەکەی ئەبو فەلەیان کرد و بە ماددی و مەعنەوی یارمەتیان پێشکەش کرد، ئەبو فەلە ڕوویەکی گەش و خۆشی هەیە، بەمەش وای کردووە کە لە نێو دڵی خەڵکیدا جێی خۆی بکاتەوە، هەر بۆیەش ئەو پێگەیەی کە هەیەتی وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات بەکاری دەهێنێت بۆ کاری خێر و ڕازیبوونی خوای گەورە لێی، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەبو فەلە خاوەنی زیاد لە 21 ملیۆن و لە ئینستاگرام زیاد لە 6 ملیۆن و لە تویتەر زیاد لە 800 هەزار بینەری هەیە.


سەرچاوەکان



241 بینین