سەرۆکی وڵات

سەرۆکی وڵات

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-19-21:58:00 - کۆدی بابەت: 7218
سەرۆکی وڵات

ناوه‌ڕۆك

سەرۆک

سەرۆکی وڵات یاخود بەرپرسی وڵات (بە ئینگلیزی: Head of State) ئەو کەسەیە کە نموونە و بەرپرسی وڵاتێکە و وڵاتەکەی پێ دەناسرێتەوە، بەناوی وڵاتەکەوە بەشداری کۆبوونەوە جیهانی و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان دەکات و بۆ ماوەیەک بڕیارەکانی وڵاتی لەدەستە.

دەکرێ سەرۆکی وڵات بە ناسناوەکانی (سەرۆک کۆمار و سەرکۆمار و ئیمپڕاتۆر و زەعیم و ڕابەر) بناسرێت.

شێوازەکانی دەسەڵات

شێوازی سەرۆکایەتی: وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرۆکی وڵات سەرۆکی حکوومەتیشە و بڕیاردەری جێبەجێکارە لە وڵات.

شێوازی پەرلەمانی: لەم شێوەیەدا سەرۆکی حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکی وڵاتیش دەکرێت بە پشتاوپشت یاخود بە هەڵبژاردن لەڕێی پەرلەمانەوە هەڵبژێردرابێت، یاخود پادشا یان ئەمیر بێت، یاخود ئیمپڕاتۆر بێت وەک ژاپۆن.

شێوازی نیمچەپەرلەمانی: وەک وڵاتی فەڕەنسا کە سەرۆکی حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکی وڵات ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت.

لە هەندێک وڵات کاتێک تاکەحیزب ڕەوایە سەرۆکی حیزب زۆرجار دەبێتە سەرۆکی وڵاتیش وەک یەکێتیی سۆڤیەت، لە هەندێک وڵاتیش چەند سەرۆکێک هەن وەک ئەوەی لە بۆسنە و هەرسک سێ سەرۆک بوونیان هەیە، یان وەک سان مارینۆ کە خاوەنی دوو سەرکۆمارە.

لەو وڵاتانەی کە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی وڵات جیاوازن سەرۆکی وڵات زیاتر هەوڵ دەدات دوورەپەرێز بێت لە لایەنە سیاسییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەل نەخاتە نێو کایەی سیاسی فرەحیزبەکانەوە.

گرتنە دەستی دەسەڵات

دامەزراندنی خودایی: لەم جۆرەدا کەسە ئایینییەکان دەبنە سەرۆک و بەڕێوبەری وڵات و پێشتریش دەستیان لە زۆرێک لە کارەکانی دەوڵەت بووە.

بڕیاری کۆمەڵایەتی: بڕیاردانە لەلایەن زۆرینەی گەل یاخود بەشێکی زۆری بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی وڵات و ناوچەکەیان.

دەستوور: هەندێک لە سەرانی دەوڵەت لە ژێر دەستووری نیشتماندا پۆستی خۆیان دەگرن، وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماری یوگۆسلاڤیای سۆسیالیستی یەکگرتوو، کە ماددەی ٣٣٣ لە دەستووری ١٩٧٤ دەڵێت هیچ کاتێک بۆ سەرۆک نییە کە چەندە دەتوانێت ببێتە سەرۆکی وڵات.

پشتاوپشت: سیستمی پشتاوپشت و بۆماوەیی و جێنشینی زیاتر لە وڵاتی پادشایەتی بوونی هەیە، لەم جۆرەدا یەکێک لە کوڕ یان کچانی سەرۆک دەبێتەوە بە سەرۆکی وڵات لەدوای مردن یان نەخۆشکەوتنی باوک یان ئەو کەسەی کە دەسەڵاتەکەی بە پشتاوپشت بۆ هێشتووەتەوە.

دەنگدان: لە وڵاتە کۆمارییەکاندا زۆرکات ئەم جۆرە هەیە کە سەرۆک بە دەنگدان هەڵدەبژێردرێت، لە هەندێک وڵاتی پادشایەتیشدا بوونی هەیە؛ دەکرێ ئەم جۆرە لەڕێی پەرلەمانەوە بێت و نوێنەران سەرکۆمار هەڵبژێرن، یاخود سەرۆکی وڵات ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، یاخود لەڕێی پۆلێک دەنگدەرەوە پۆلێنکاری بکرێن و لە کۆتاییدا کەسێک هەڵبژێردرێت وەک ئەوەی لە ئەمریکا هەیە.

دیاری کردن: هەندێک سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە کەسی دوای خۆیان هەڵبژێرن کاتێک لە ژیاندان.

هێز و کودەتا: دەکرێت سەرۆکی وڵات لەڕێی کودەتا و بەکارهێنانی هێزەوە ببێت بە گەورەی وڵات، کە زۆرینەی کات ئەو کەسەی دەبێتە دەسەڵاتدار سەرۆکی حکوومەتیشە و سەروەزیران بۆ ڕاپەڕاندن دانانرێت، وەک کودەتای ١٤ـی تەمووزی ١٩٥٨ و دامەزراندنی کۆماری عێراق و وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرکۆماری لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە، لەگەڵ کودەتاکانی دواتری.

دەسەڵاتی دەرەکی: دەکرێت دەسەڵاتێکی دەرەکی لە دەوڵەتێکی دیکەوە خۆی هەڵبقورتێنێت و سەرۆکی وڵاتی دراوسێ یان وڵاتی مەبەست هەڵبژێرێت کە لە سوودی خۆیدایە و پێکەوە لە بەرژەوەندیدا هاوبەشن، وەک ئەوەی ڕووسیا لەدوای شەڕی ڕووسیا و سوید (١٧٤١ - ١٧٤٣) دەسەڵاتی نوێی سویدی دامەزراند و کەسێکی نزیک لە خۆی کرد بە سەرۆکی سوید کە ئەدۆڵف فریدریک بوو.


سەرچاوەکان

18 بینین