محەمەد ماغوت

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-20-16:50:00 - کۆدی بابەت: 7227
محەمەد ماغوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

محەمەد ماغوت (بە عەرەبی: محمد الماغوط) نووسەر و ئەدیبی سوری لە ساڵی 1934 لە ناوچەی سلمییەی سەر بە پارێزگای حەماە لەدایکبووە، لە خێزانێکی زۆر هەژار پەروەردە کراوە باوکی لە زەوی و باخی خەڵکی تردا کاری جووتیاریی و کرێکاریی کردووە، باوکی کەسایەتییەکی زۆر تووندی هەبووە لە پەروەردە کردنی کوڕەکەی، بۆیە لەو کاتەوە ڕووحی یاخی بوون و لادان لە ناخی محەمەد ماغوت چەکەرەی کردووە هەر لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە دەستیکردووە بە جگەرەکێشان، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتای زۆر سادە بووە لەگەڵ منداڵی جووتیاران لە "کتاب" تەنها فێری خوێندنەوە و نووسین و لەبەرکردنی قورئان بووە، پاشان بە پێچەوانەی ئارەزووی خۆی چووەتە خوێندنگەی کشتوکاڵ چوونکە خوێندنی بەخۆڕایی بووە، بۆ خوێندنی ئامادەیی کشتوکاڵ چووەتە شاری دیمەشق، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە خوێندنی بۆ تەواو نەکراوە و گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی، لە پاش گەڕانەوەی بووەتە ئەندامی حیزبی نەتەوەیی سوریا، لە ساڵی 1955 سەربازێکی دیاری نێو حیزبی بەعسی سوریا تیرۆر کرا، حیزبی نەتەوەیی سوری بەو کارە تۆمەتبار کرا، بۆیە ئەندامانی حیزب لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕاپێچی زیندان کران، محەمەد ماغوت یەکێک بوو لەو ئەندامانە و بە تۆمەتی ئەندامی بوون لەو حیزبە زیندانی کراوە، لە زیندان لەگەڵ نووسەری ناودار ئەدۆنیس ئاشنا بووە و هاوڕێیەتییەکی پتەو لە نێوانیاندا دروستبووە، لە پاش ئازادکردنی بەهۆی ئەنجامدانی چەند چالاکییەکەوە لە سوریا داواکراو بوو، بۆیە بە ناچاری کۆچی بۆ وڵاتی لوبنانی کردووە، لە نێوان ساڵی 1984 بۆ ساڵی 1985 چەند ڕووداوێکی نەخوازراو لە ژیانی ماغوت ڕوویاندا، خوشکێکی و باوکی و هاوسەرەکەی بە ماوەیەکی کەم یەک لە دوای یەک کۆچی دواییان کرد، پاشان دایکیشی لەدەستدا، ئەم ڕووداوانە زۆر کاریگەرییان لەسەری ماغوت و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی بەجێهێشت.

ئەزموونی ئەدەبی و شێوازی نووسینی 

ـ ئەزموونی نووسینی لە سەرەتای لاوییەوە دەستیپێکردووە، چەندان هۆنراوە و بەرهەمی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە، تەنانەت لەکاتی خزمەتی سەربازیشی لە سوریا شیعری نووسیوە.
ـ شاری بەیروتی لوبنان وێستگەیەکی سەرەکی ژیانی ماغوت بووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ناساندن و بەرەوپێشچوونی ماغوت، لەوێ ئاشنای چەندان نووسەر و شاعیری ناوداری عەرەبی بوو، نموونەی بەدر شاکر سەیاب و یوسف ئەلخال و ئەدۆنیس، هەر لە لوبنان لەگەڵ ئەدۆنیس گۆڤارێکی شیعریان دامەزراند، پاشان لە بواری ڕۆژنامەگەری کاری کردووە سەرنووسەری چەند ڕۆژنامەیەکی دیاری سوریا و لوبنان بووە.
ـ یەکەم کۆکراوە و دیوانی شیعری ماغوت لە ساڵی 1959 بە ناوی "حزن في ضوء القمر - خەم لە تیشکی مانگدا" بڵاوکرایەوە و ساڵی دواتر دووەمین دیوانی خۆی بە ناوی "غرفة بملایین الجدران - ژوورێکی خاوەن ملیۆنەها دیوار" دەرکرد زۆر ناوداریان کرد.
ـ شێوازی نووسینی ئەدەبی سیاسی گاڵتەئامێز بووە، نووسین و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ماغوت وەکوو ڕەخنەگرێکی گاڵتەجاڕ لە دەسەڵات و لە کۆمەڵگا بووە، بەرهەمەکانی ناوازە و تایبەتن هەموو چەمکە دژ بەیەک و ناکۆکەکانی کۆکردووەتەوە، توانیوێتی نائومێدی لەگەڵ گەشبینی و هیوادا تێکەڵ بکات، توانیوێتی زۆر بە ڕاستگۆیانە وێنایەکی پڕاوپڕ لە دەردەسەری و کێشە و ئازارەکانی تاکی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان دەربخات، زۆر بە ڕاشکاوی ڕەخنەی توند و بوێرانە و ئاڕاستەی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتداران کردووە، دژایەتییەکی تووندی دابوونەریتە سەپێندراوە دواکەوتووەکانی نێو کۆمەڵگای کردووە.
ـ بەرهەمەکانی نووسینی پێکهاتوون لە شیعر، پەخشان، کتێبی ڕۆمان، کتێبی شانۆگەری، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی شانۆگەریی سیاسی لەنێو ئەدەبی عەرەبیدا.
ناودارترین کتێب و نمایشە شانۆییەکانی بریتیین لە براکانی نوعمان، گوندی تشرین، لە دەرەوەی نهێنی، غوربەت، موهەڕیج و چەندانی تر. 

باری خێزانی

محەمەد ماغوت هاوسەرگیری لەگەڵ شاعیرێکی سوری بە ناوی "سونیە ساڵح" کردووە، یەکتر ناسینیان لە لوبنان بووە و هەر لە ماڵی ئەدۆنیسی هاوڕێیەوە ئاشنای سونیە بووە، بوونەتە خاوەن دوو کچ، شام کە دەرچووی کۆلێجی پزیشکییە و لە ئەمریکا دەژێت، سۆلافەش دەرچووی کۆلێجی هونەرە جوانەکانە و هەر لە دیمەشق دەژێت، لە ساڵی 1985 هاوسەرەکەی ماغووت کۆچی دوایی کردووە، ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆر هەبووە لەسەر ماغووت و لە دوای ئەو هاوسەرگیری نەکردووەتەوە.

کۆچی دوایی

محەمەد ماغوت دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە ڕۆژی 3ی نیسانی ساڵی 2006 لە تەمەنی 72 ساڵی کوچی دوایی کردووە، هەر لە ناوچەکەی خۆی لە سلمییە بە خاکسپێردرا. 


سەرچاوەکان



896 بینین