دروستکردنی خواردن لەگەڵ منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-17-15:50:00 - کۆدی بابەت: 7285
دروستکردنی خواردن لەگەڵ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سوودەکانی خواردن دروستکردن لەگەڵ منداڵ 

خواردن دروستکردن لای بەشێکی زۆری منداڵان چالاکییەکی چێژ بەخشە هەرچەندە کاتێکی زۆر و ئارام گرتن و حەوسەڵەی دەوێت بەڵام سوودێکی زۆری هەیە، بە گشتی منداڵان زۆر حەزیان لەوەیە کە کاتی خواردن دروستکردن لە چێشتخانە ئامادەبن و هەندێ کاتیش دەیانەوێت کە بەشێک لە کارەکان خۆیان بیکەن، ئەم کارە ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ نەهێشتنی خوی بەدخۆراکی منداڵ (خواردن نەخواردن و بیانوو گرتن لە خواردن)، یارمەتیان دەدات خواردنی تەندروستتر هەڵببژێرن لە داهاتوویاندا، منداڵان لە تەمەنی 5 بۆ 10 ساڵی بەپەرۆشن و حەزیان لە خواردن دروستکردنە بۆیە پێویستیان بە هاوکاری و هاندانی دایک و باوک هەیە.

چۆن هانی منداڵەکانمان بدەین بۆ خواردن دروستکردن؟

بۆ دروستکردنی خواردن لەگەڵ منداڵ هەوڵ بدەن ئەو خواردنانە هەڵببژێرن کە ئاسان و سادە بن و شێوازی دروستکردنی ئاڵۆز نەبێت، باشترە خواردنێک بێت پێویستی زۆری بە ئاگر و سوور کردنەوە نەبێت، تەمەنی منداڵەکەتان لەبەرچاو بگرن و ئەرکێکی پێ بسپێرن کە لەگەڵ تەمەنیدا بگونجێت، دووربن له پێدانی ئەرکی قورس و ئاڵۆز بە منداڵ، لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکردن و دروستکردنی خواردنەکەدا بەشداری بە منداڵەکە بکەن تەنانەت لە قۆناغی دابین کردن و کڕینی پێداویستییەکانی خواردنەکە، کەلوپەلی گونجاو و تایبەت بۆ منداڵەکە دابین بکەن وەک، بەریەخەی ڕەنگا و ڕەنگی منداڵانە و قاپ و کەوچکی تایبەت، ئەم شتانە وادەکەن خواردن دروستکردنەکە لای منداڵان چێژ بەخش تر بێت و خۆشی زۆری لێ وەربگرن، ڕێگە بە منداڵ بدەن تا بە ویستی خۆی پێکهاتەکان تێکەڵ بکات، پێکهاتەی نوێ بەکاربهێنێت و تەنانەت هەندێ لە پێکهاتەکان لابدات، ئەم چالاکییە یارمەتی گەشەکردنی پێنج هەستەوەرەکەی منداڵ دەدات، بۆیە ڕێگری مەکەن لە دەست لێدان و سوود وەرگرتنی منداڵ لە ژینگەکەی دەوروبەری، ڕێگە بدەن هەست بە شتی تازە بکەن و دۆزینەوەی شتی نوێ بکەن چونکە حەزی زانینیان زۆرە، منداڵ سەرزەنشت مەکەن لەبەر پیسکردنی شوێنەکە یان لەسەر کردنی هەڵەیەک، بە پێکەنین و خۆشییەوە شوێن دەستەکانی پاک بکەنەوە و ڕێگە بدەن هەست بە تەواوەتی بکەن، لەبری شەڕکردن لەگەڵی لەسەر پیسکردنەکەی ستایشی بکەن لەسەر یارمەتی و هەوڵی بۆ ئامادەکردنی خواردنەکە.

سوودەکانی دروستکردنی خواردن بۆ منداڵان

  • کاتێک منداڵ بەشداری دەکات لە ئامادەکردنی خواردندا زیاتر مەیلی بۆ خواردن دەڕوات و حەزی لێ دەبێت.
  • کاتێک منداڵ تێکەڵکردنی پێکهاتەکان و گۆڕانیان دەبینێت فێری کیمیا و گۆڕانی ماددەکان دەبێت.
  • کاتی خواردن دروستکردن منداڵ بە گرنگی خواردنی تەندروست دەزانێت و هەوڵ دەدات ئەو خواردنانە هەڵببژێرێت کە پێکهاتەی خۆراکییان باشترە.
  • بە دروستکردنی خواردنی وڵاتی تر منداڵ فێری کلتوری نەتەوەکانی تر دەبێت و ئاشنایان دەبێت. 
  • توانای بیرکردنەوەی بەهێز دەبێت لە کاتی دروستکردنی خورادن، بۆ نموونە لە دروستکردنی کێکدا ئەگەر ئاردێکی زیاد لە پێویست بەکار بهێنێت ئەوا کێکە وشک و ڕەق دەردەچێت.
  • منداڵ فێری ڕێژەکان دەبێت وەکوو کەم و زۆر، دوو هێندە و کەمتر و زۆرتر.
  • کارامەیی کۆمەڵایەتی بەهێز دەبێت ئەویش بە کارکردنی بە کۆمەڵ و یارمەتیدانی یەکتری لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • ڕێزگرتنی منداڵەکە لە خۆی کاتێک خواردن بۆ خۆی و ئەوانی تر ئامادە دەکات.

هەندێک خاڵ کە پێویستە لە کاتی خواردن دروستکردن فێری منداڵی بکەن

  • هەر چێشتلێنەرێک لە هەر تەمەنێک بێت پێش ئەوەی کە دەست بکات بە خواردن دروستکردن، پێویستە دەستەکانی بشوات.
  • منداڵان زۆر سەرنج لە بابەتەکان نادەن بۆیە لە کاتی خواردن ئامادەکردنەکە زوو زوو و بەخێرایی ڕێنماییان بکەن.
  • چێشت لێنەرانی بچووک هەمیشە پێویستیان بە چاودێرییە.
  • لەدوای تەواوبوونی کارەکە هانیان بدەن بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی کارەکە و ئەرکی سادەیان پێ بسپێرن.


سەرچاوەکان



744 بینین