مامە ڕیشە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-22:44:00 - کۆدی بابەت: 7294
مامە ڕیشە

ناوه‌ڕۆك

مامە ڕیشە

نەجمەدین شکوور ڕەئووف زەنگەنە ناسراو بە مامە ڕیشە (بە ئینگلیزی: Mama Risha)، یەکێکە لە فەرماندە و پێشمەرگەکانی سەدەی بیستی شۆڕشی باشووری کوردستان، ناوبانگی سنوورەکانی کوردستانی بڕیووە و زۆرێک لە شۆڕشگێڕەکانی ئەوسا ئەویان ناسیووە.

ژیان

ساڵی ١٩٥٣ (هەندێکیش دەڵێن ١٩٥٥) لە گوندی (تاڵەبان)ـی قەزای چەمچەماڵ لە ناوچەی گەرمیان، لە بنەماڵەیەکی جووتیاری کوردپەروەر ھاتوەتە دنیاوە، لەبەر ھەژاری و دەست کورتی بنەماڵەکەی خوێندنی بۆ تەواو نەکراوە.

لە سەردەمی لاوێتیدا ئەودا شۆڕشی کوردی باشوور لە لوتکەدا بوو و بەیاننامەی ١١ـی ئازاریش دەرچووبوو، لەھەمان کاتدا گەرمەی جوڵانەوەی شۆڕشی ئازادیخوازی فەڵەستینیەکان بوو، لە ١٩٧٢ دەبێتە سەربازی سوپای عێراق و جارێک لەگەڵ سوپا دەڕۆنە سووریا و لەوێوە بە خۆبەخشی دەڕواتە لوبنان و خولیای شۆڕشگێڕی لە ناخیدا دەجوڵێت و دەبێتە پاڵنەری بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە ڕێکخراوی ئازادیخوازانی فەڵەستینەوە و بەشداری جەنگی تشرینی یەکەم یان ئۆکتۆبەر بکات و بریندار ببێت، ماوەی پێنج ساڵ لەوێ ماوەتەوە و ساڵی ١٩٧٧ دەگەڕێتەوە کوردستان.

ساڵی ١٩٧٨ کە ڕژێم شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستنی لە کوردستاندا گەیاندە ترسناکترین ئاست، کارەساتی گوندە کاولکراو و جووتیارە ڕاگوێزراوەکان مامە ڕیشەی والێکرد چەکی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا بکاتە شان و ببێتە پێشمەرگە. سەرەتا لەبەر بێ متمانەیی و باوەڕ نەبوون پێی لە پێشمەرگایەتی وەرنەگیراوە و سزادراوە، ئیتر خۆی بەتەنھا و بە چەکی خۆی گوند بە گوند گەڕاوە و پڕوپاگەندەی بۆ پێشمەرگە کردووە و ھەر ئەم ھەڵوێستەش وای لێکردووە کە لە پێشمەرگایەتی وەربگیرێت و پەیوەندی کردووە بە هەرێمی پێنجی قەرەداغەوە.

لەبەر ھەژموون و گەورەیی ھێزی چەکدار و ھەڵسانەوەی شۆڕش لەڕێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو سەردەمەدا و لە ناوچەکەی ڕیشەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی مامە ڕیشە ببێتە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.

پێشمەرگایەتی

لەگەڵ دەستپێکی کاری وەک پێشمەرگەیەک لە ناوچەکانی ھەمەوەند و جەباری و قادرکەرەم و دەوروبەری شاری کەرکووک، بەهۆی چاونەترسی و ئازایەتی و خۆبەختکردنییەوە لەنێو پێشمەرگەکان دەدرەوشێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە لە کەرتی (٤)ـی بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی دا.

گوندی تاڵەبان لە سەردەمی منداڵیی مامەڕیشەدا قوتابخانەی تێدا نەبووە، لەبەرئەوە بە نەخوێندەواری مابۆوە. بە هۆی نەخوێندەواریەكەی چەندین جارنامەكانی بە هاوڕێکانی دەدا تا بۆی بخوێننەوە، هەرچەندە لە پێشمەرگایەتیدا هەندێك فێری نوسین ببوو، هەروەها چەندین جار لەسەر داوای خۆی و بە گوزارشتی سادەی خۆی دێڕ بە دێڕ وەڵامی نامەكانیان بۆ دەنووسییەوە. لە هەموو نامەیەكیشدا دەیگوت لە خوارەوە بنووسە : دڵسۆزت/ مامەڕیشە عاشقی كوردستان.

دواتر دەکرێتە فەرماندەی کەرتی چواری جەباری، لەو ماوەیەدا ڕژێم هەموو هاتوچۆیەکی کەرکووک و بازیان قەدەغە دەکات.

بۆچی ناسناوی ڕیشەی پێ دراوە؟

مامەڕیشە هاوڕێیەکی هەبووە بە ناوی عەزە ڕەش، کە خەڵکی چەمچەماڵ بووە، عەزە ڕەش لە کەمینێکی دوژمندا بریندار کراوە و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کراوە، لە دوای ئەو ڕووداوە نەجمەدین سوێندی خواردووە تۆڵەی هاوڕێکەی بکاتەوە و ڕیشی نەتاشیوە و جاروبار لەناو پێشمەرگەکاندا بە ڕیشە بانگکراوە، بەو شێوەیە بووە بە مامە ڕیشە.

شێوازی شەڕ

تا پێش مامەڕیشە یەكێتی بەشێوەی پارتیزانی شەڕی لە دژی حكوومەتی بەعس دەكرد، بەڵام مامەڕیشە لەو شەڕەی كە خۆی فەرماندەیی كرد و  بە "داستانی حەمك" ناسراوە تاكتیكێكی نوێی سەربازی بەکارهێنا و جەنگی بردە نێو لادێیەکەوە و لەگەڵ ١١ پێشمەرگە دژی سووپای عێراق وەستانەوە و لەدوای ئەوەوە پێشمەرگە لە گوندەکانیش شەڕی دەکرد.

شەڕەکانی

مامە ڕیشە لە گرتەڤیدیۆیەکدا لە ناوچەی توژەڵە لە ساڵی ١٩٨٢ دەڵێت: "بەشداریم لە (١٩١) شەڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە"، لە ماوەی شەڕەکانیدا چوار جار بریندار کراوە، لە ڕقی کارەکانی، باوکی دەگیرێت و بێ سەر و شوێن دەکرێت و دواتر دەردەکەوێت کە بە زیندوویی خستوویانەتەوە بیرێکەوە.

داستانی گوندی حەمک

مامەڕیشە لە گرتەڤیدیۆیەک باس لە شەڕی حەمک دەکات و دەڵێت: "چوار پێشمەرگە بووین ڕۆشتینە کەرکووک، چووینە کۆمپانیایەک ١٣٢ گەڵابەیمان سووتاند، ٢٥ شۆفڵمان سووتاند و چوار جاشمان کوشت"، دواتر دەڕۆنە گوندی حەمک بۆ پشوودان و لەوێ لە بەرەبەیانی ١٧ی ئایاری ١٩٨٢ مامە ڕیشە خۆی و ١١ پێشمەرگەی لە ناو گوندی حەمک-دا لە خەوی قوڵدا بوون، هێزێکی زۆری حیزبی بەعس، کە بە هەزاران سەرباز مەزەندە دەکرێن چواردەوری گوندەکە دەگرن، ١٢ کۆپتەریش لەسەر ئاسمانی گوندەکە سووڕابوونەوە، مامە ڕیشە لە بەردەم مزگەوتی گوندەکەوە بە پێشمەرگەکانی وتبوو: "ئێمە پێشمەرگەی ی.ن.ک-ین، ئەمڕۆ دوا هەناسە و دواڕۆژی ژیانمانە، داواتان لێ دەکەم، وەک چۆن شیعەکان شانازی بە ئیمامی عەلییەوە دەکەن، با لە دوای خۆمانەوە گەلەکەمان شانازی بە ئێمەوە بکەن."

لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانییەوە شەڕێکی قورسی نابەرامبەر لەناو ماڵەکانی حەمک-دا بەرپابوو، دوژمن بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووک بە هاوەن و تۆپی قورس و دۆشکە هێرشی کردبووە سەر گوندەکە، پێشمەرگەکان ببوون بە دووبەشەوە، بەشێکیان لەلای ڕۆژهەڵاتی گوندەکەوە دامەزرابوون، تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی زۆربەی خانووەکانی گوندەکە ڕووخابوون، شەڕ بە چڕی تا کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە بەردەوامبوو، لە ئەنجامدا دوژمن شکستیان هێنا و ٦٢ سەرباز و جاش کوژرابوون، تەرمی ٤٣ سەربازیان بەجێمابوون.

ژیانی تایبەت

ساڵی ١٩٨٣ مامە ڕیشە لەگەڵ (کچان حسێن)ـی خەڵکی گوندی قەرەتامور چووەتە ژیانی هاوسەرێتییەوە، دواتر خۆی ناوی کچانی گۆڕیوە بە نیشتیمان، بەردەوام لە هاتووچۆکانی پێشمەرگایەتییدا هاوسەرەکەی لەگەڵدا بووە.

شەهیدکردن

مامەڕیشە پەیوەندی لەگەڵ تەحسین شاوەیس هەبووە، کە جاشێکی سەردەمی ئەوکات بووە و لەڕێی پیاوێکەوە بەناوی کاکل پەیوەندی نێوانیان دروست کراوە، لە سەروبەندی ئاگربەستی نێوان بەرەی شۆڕش و حکوومەتی عێراق، تەحسین شاوەیس بە پیلانێک مامەڕیشە بانگهێشت دەکات و لەڕێگای گەیشتن بە شوێنەکە لە ڕۆژی ٢٤ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥ خۆی و دوو پێشمەرگەی دیكە (سەردار و موحسین) لە پیلانێكی خافڵگیردا لە ناوچەی جەباری لە ڕێگای نێوان گوندی خاڵە بازیانی و گوندی کەوەڵەی شارەدێی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک شەهید دەکرێن.


سەرچاوەکان



2804 بینین