عوسمانی کوڕی عەففان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-12-21-17:12:00 - کۆدی بابەت: 7341
عوسمانی کوڕی عەففان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عوسمانی کوڕی عەففان (بە عەرەبی: عثمان ابن عفان) سێیەم جێنشینی ئیسلام و یەکێکە لەو ١٠ هاوەڵەی کە پێغەمبەر ﷺ مژدەی بەهەشتی پێداون، ناوی تەواوی عوسمانی کوڕی عەففانی کوڕی ئەبو عاسی ئومەییەی كوڕی عەبدولشەمسی عبدالمنافە، شەش ساڵ دوای ڕووداوەکەی ساڵی فیل لە شاری تایف لەدایكبووە، نزیكەی پێنج ساڵ لە پێغەمبەر ﷺ بچووكتر بووە، لە خێزانێکی دەوڵەمەند و ساماندار پەروەردە بووە و پیشەی بازرگانی بووە، کەسێکی باڵا مامناوەند و کەڵەگەت بووە، شێوە و ڕووخساری سپی و ڕێک و نوورانی بووە، بەشێکی ژیانی لە سەردەمی جاهیلی و نەفامیدا بەسەربردووە باشترینی نێو قوڕەیش بووە، کەسێکی بەشکۆ و پایەدار و شەرمن و لەسەرخۆ و دانا بووە، لەو کەسانە بوو کە لە سەردەمی جاهلیدا هیچ کارێکی ناپەسەندی ئەنجام نەداوە و هەرگیز مەی نەخواردووەتەوە هەمیشە گووتویەتی "مەی عەقڵ لەناودەبات و لەناوبەری بیر و هۆشییە"، لە مێژووی ئیسلامیدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە، تایبەنمەندی و کەسایەتی و پێگەی عوسمانی کوڕی عەففان لەلای موسڵمانان باڵاو و مەزنە.

موسڵمانبوون و هەڵوێستەکانی لە ئیسلامدا

ـ موسڵمانبوونی: هەر لە سەرەتای بانگەوازی ئیسلام لەسەردەستی ئەبوبەکری سدیق لە تەمەنی سی ساڵی موسڵمان بوو، بە سەروەت و سامانەکەی بووە هاوکاری و پاڵپشتییەکی باشی ئیسلام.
ـ کۆچکردنی: عوسمای کوڕی عەففان دوو جار کۆچی کردووە، جاری یەکەم بۆ حەبەشە کە یەکەم کەس بوو لە ئیسلامدا بە خۆی و خێزانییەوە کوچ بکەن، لە پێشەنگی ئەو هاوەڵانە بوو کە کۆچیان کرد بۆ حەبەشە، دوای ساڵێک گەڕانەوە بۆ شاری مەککە و بۆ جاری دووەم کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە.
ـ بەشداریکردنی لە جەنگەکانی ئیسلام: عوسمانی کوڕی عەففان بەشداری هەموو جەنگەکانی کردووە جگە لە جەنگی بەدر چوونکە ڕووقیەی خێزانی ناساغ بوو، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێکرد کە لەلای بمێنیتەوە.
ـ هەڵوێستەکانی لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ: لە ڕێکەوتی حودەیبییە وەکوو نوێنەری پێغەمبەر ﷺ نێردرایە لای قوڕەیش، دەنگۆی کوژرانی بڵاوبووەوە، پێغەمبەر ﷺ بۆ تۆڵەسەندنەوەى خوێنی عوسمان، "بەیعەتى ریزاونى"لە هاوەڵان وەرگرت، لە جەنگەکان هەمیشە پێشەنگی موسڵمانان بووە لە بەخشین و یارمەتیدان و دابینکردنی کەلوپەلی جەنگی، لە جەنگی تەبووک لە هەموو موسڵمانان زیاتر سەروەتی بەخشی بۆ هاوکار سوپای موسڵمانان.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکر و عومەر: ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە هەڵبژاردنی هەردووکیان، لە بابەت و دۆخە گرنگەکان هەمیشە ڕاوێژی پێکراوە، هەروەها وەسیەتەکەی ئەبوبەکری نووسیوەتەوە.
ـ پێگەی عوسمان لە ئیسلامدا: یەکێکە لەو ١٠ هاوەڵەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە، پێی دەوترا (ذوالنورین) واتە خاوەن دوو ڕووناکییەکە چوونکە دوو کچی پێغەمبەری ﷺ خواستبوو، ژمارەیەک فەرموودەی گرنگی گێڕاوەتەوە و شارەزاییەکی تەواوی لە قورئان هەبووە. 

سەردەمی خیلافەتی عوسمانی کوڕی عەففان

عوسمانی کوڕی عەففان لە 23ی ئابی ساڵی 634ی زایینی بەرامبەر بە 22ی مانگی جەمادی دووەمی ساڵی 13ی کۆچی لە دوای شەهیدکردنی عومەری کوڕی خەتتاب بە شورا دەسەڵاتی گرتەدەست و بەیعەتی پێدرا، گرنگترین دەستکەوتەکانی لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا:
ـ كۆكردنەوەی هەموو قورئانی پیرۆز لە یەك پەرتوكدا بە ناوی (مصحف عثمان)، گرنگییەکی زۆری بە قورئان و فێرکردنی قورئان داوە، بۆیە چەندان لەبەرگیراوەی لێکردووە و بۆ ناوچە ئیسلامییەکان ڕەوانەی کردووە.
ـ بایەخدان و فراوانکردنی مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ و مزگەوتی حەڕەم.
ـ یەكەم كەس بوو لە مێژووی ئیسلامیدا كە هێزی دەریاوانی دروست كرد، بۆ پاراستنی كەناراوەكان لە هێرشی بیزەنتینییەكان.
ـ كۆمەلێك فتوحاتی گەورە لە سەردەمی خیلافەتی ئەودا ڕویاندا و دەوڵەتی ئیسلامی فراوانتر بوو نموونەی فەتحی توركیا، ئەسكەندەرییە، ئەرمینیا، وڵاتانی قەوقاز، خوراسان و كرمان و سجستان و چەندان وڵات و ناوچەی ئەفریقیا.

شەهیدکردنی عوسمانی کوڕی عەففان

دەستەیەك لە سەبەئییەکان بە سەرکردایەتی عەبدوڵاى کوڕی سەبەئی جوولەکە کەوتنە دژایەتى کردنى خەلیفە و ئاژاوەگێڕی لە ناوچە ئیسلامییەکان و بیانوویان دەگێڕا بۆ ڕەواکردنى کوشتنی خەلیفە، لە ساڵی 655ی زایینی بەرامبەر بە ساڵی 35ی کۆچی لەدوای چل ڕۆژ لە گەمارۆدانی لەلایەن و کۆمەڵێک لادەری ئیسلامەوە، لە هەشتی زولحیجەی  ئێوارەی ڕۆژی هەینی لەسەر دەستی کینانەی کوڕی بشری تەجیبی لەکاتی قورئان خوێندن و بەڕۆژوو بوون شەهید کرا، لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لە ناوچەیەکی نزیک گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینە بەخاکسپێردرا، ماوەی فەرمانڕەوایی عوسمانی کوڕی عەففان دە ساڵ بوو، لە پاش ئەو عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب وەکوو چوارەم جێنشینی ئیسلام هەڵبژێردرا.


سەرچاوەکان



4496 بینین