کرۆکی خەیاڵ - پەڵپ فیکشن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-21-23:09:00 - کۆدی بابەت: 7343
کرۆکی خەیاڵ - پەڵپ فیکشن

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی فیلم

فیلمەکە بە گشتی سەرنجی لەسەر چەند ڕووداوێکە لە هەمان شار و بەنزیکەیی لە هەمان شوێندا کە هەر ڕووداوێکیان بە شێوازێک پەیوەندی بە ڕووداوەکەی دیکەوە هەیە و هەر ڕووداوێک کاریگەری دەبێت لەسەر ڕووداوێکی دیکە و پەیوەندییەک لەنێوان یەکتری دروست دەکەن، ڕووداوەکانیش پێکدێن لە چەند کەسێک کە بریتیین لە: چەتەیەکی بەناوبانگ و هاوسەری چەتەکە، دوو پیاوی ئەو چەتەیە، یاریزانێکی بۆکسێن، لەگەڵ دوو هاوسەری دز و پیاوکوژ.
جوڵیس بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکار (ساموێڵ ئێڵ جاکسن) و ڤنسنت ڤێگا بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکار (جۆن تراڤۆڵتا) دوو پیاون کە کاردەکەن بۆ چەتەیەکی بەناوبانگ بە ناوی مارسێلۆس واڵاس کە نواندنکار (ڤینگ ڕامز) ڕۆڵی دەگێڕێت، ئەم دوو پیاوە بەدوای جانتایەکەوەن کە لە سەرۆکەکەیان دزراوە، هەروەها واڵاس داوا لە ڤنسنت دەکات کە ئاگاداری هاوسەرەکەی بێت بە ناوی میا واڵاس کە نواندنکار (ئوما سورمان) ڕۆڵی دەگێڕێت، چونکە خۆی بۆ گەشتێک دەچێتە دەرەوە و چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، بەچ کە نواندنکار (بڕوس ویڵس) ڕۆڵی دەگێڕێت یاریزانێکی بۆکسێنە و لەلایەن واڵاسەوە پارەی پێدراوە تاکوو بە ئەنقەست خۆی لە یارییەکی بۆکسێندا بدۆڕێنێت، ژیانی ئەم کەسە جیاوازانە بەیەکەوە پەیوەستکراوە بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک چیرۆکی گاڵتەئامێز و سەیر.

دەربارەی فیلم

فیلمی کرۆکی خەیاڵ (بە ئینگلیزی: Pulp fiction)، وشەی پەڵپ لە زمانی ئینگلیزیدا دوو پێناسەی هەیە، یەکەم: بارستایی ماددەیەکی نەرمی تەڕی بێ شێوەیە، دووەم: بریتییە لە گۆڤارێک یان کتێبێک کە پێکهاتووە لە بابەتێکی ئاشکرا و بەشێوەیەکی پێشبینیکراو چاپ دەکرێت لەسەر کاغەزێکی ڕەقی تەواونەکراو، فیلمەکە لە دەرهێنانی دەرهێنەری گەورە کوێنتن تارانتینۆیە و لە نوسینی کوینتن تارانتینۆ و ڕۆجەر ئاڤاری هاوڕێی، بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکاران (ئوما سورمان، جۆن تراڤۆڵتا، ساموێڵ جاکسن، بڕوس ویڵس)، لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوکراوەتەوە، لە چەشنی درامی و تاوانکارییە، فیلمەکە بە نوێگەریەکی گەورە لە سینەمادا دادەنرێت یەکێکە لە باشترین فیلمەکانی مێژوو، لە ماڵپەری IMDB ڕەیتینگی ٨٫٩ـی پێدراوە و لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو پلەی هەشتەمی گرتووە، پاڵێوراوی ٧٥ خەڵاتی جیاوازە و توانیویەتی براوەی ٧٠ خەڵات بێت و لە نێوانیاندا خەڵاتێکی ئۆسکار بباتەوە، ئەم فیلمە جیاوازە لە زۆربەی فیلمەکانی دیکە بەوەی کە چیرۆکێکی ڕاستەهێڵی نییە بەڵکوو کاتی ڕووداوەکانی فیلمەکە تێکەڵە، هەروەها دیالۆگ و گفتوگۆی سادەی لەخۆ گرتووە، 

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • سەرەتا لە سیناریۆی فیلمەکەدا وا دانرابوو (مارڤین) (ئەو کورە ڕەش پێستەی لەلایەن (ڤنسنت) و (جوڵیس) گیرابوو) لەژێر ئازارێکی زۆردا بکوژرێت و گوللەیەک بە ملیەوە بنرێت، بەڵام (تراڤۆڵتا) وا هەستی کرد کە ئەم دیمەنە هەردوو کارەکتەری (ڤنسنت) و (جوڵیس) ناشرین دەکات لەلای بینەر، بۆیە پێشنیازی کرد بۆ دەرهێنەری فیلمەکە (کوینتن تارانتینۆ) کە (مارڤین) بە شێوەیەکی ئاسایی بکوژرێت و گوللەیەک بەر دەموچاوی بکەوێت، هەروەها وا دەرکەوێت کە (ڤنسنت) بە هەڵە گوللەکەی پێوە بنێت، تارانتینۆش پێشنیازەکەی قبوڵ کرد.
  • (دانیاڵ دە‌ی لیوس) داوای كرد كە‌ ڕۆڵی (ڤنسنت ڤێگا) وە‌ربگرێت لە‌ فیلمەکەدا بە‌ڵام (تارانتینۆ) ڕەتی كردە‌وە‌ و ڕۆلە‌كەی دا بە (جۆن تراڤۆڵتا). 
  • ئەو ئۆتۆمبێلەی بە ڤنسنتە لە ڕاستیدا ئۆتۆمۆبیلی دەرهێنەر (تارانتینۆ)یە و لە کاتی تۆمارکردنی فیلمەکەدا دزرا، دوای ١٩ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٣ ئەفسەرێکی پۆلیس دوو منداڵی بینی کە خەریکی تاڵانکردنی ئۆتۆمبێلێک بوون، دوو منداڵەکەی دەستگیرکرد و کاتێک بەدوای خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەدا دەگەڕا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەو ئۆتۆمبێلە گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە، دواتر زانی کە ئۆتۆمبێلەکەی (تارانتینۆ)یە، خاوەنەکەی ئەو ئۆتۆمبیلەی کڕیبوو و نەیزانیوو کە ئەوە ئۆتۆمبێلێکی دزراوە.
  • تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە تەنها ٨ ملیۆن دۆلاربوو، بودجەی سەرەتایی فیلمەکە کەمتر بوو تاکوو ئەوکاتەی کە بڕوس ویڵس زیادکرا بۆ کاستی فیلمەکە، پاشان ٥ ملیۆن دۆلار تەرخانکرا بۆ تێچووی نواندنکارەکان، فیلمەکە قازانج بەخش بوو کاتێک کە مافی بڵاوکردنەوەی لە جیهاندا بە ١١ ملیۆن دۆلار فرۆشرا (هۆکاری سەرەکی بوونی ویڵس بوو لە کاستی فیلمەکەدا)، بە تێکڕایی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی بۆکس ئۆفیسی هەبوو.
  • وشەی نەفرەت (بە ئینگلیزی: fuck) ٢٦٥ جار لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە.
  • تارانتینۆ ڕۆڵی کەسایەتی جوڵیسی بەتایبەت بۆ نواندنکار (ساموێڵ ئێڵ جاکسن) نوسیبوو، بەڵام ڕۆڵەکە درا بە نواندنکار (پاوڵ کاڵدێرۆن)، دوای ڕۆڵ تاقیکردنەوە کاتێک جاکسن بیستی کە ئەو ڕۆڵەی بۆ ئەو دانراوە دراوە بە کەسێکی دیکە، بەخێرایی بەڕێکەوت بۆ لۆس ئەنجلۆس و دووبارە دەستی کرد بە ڕۆڵ تاقیکردنەوە بۆ دەستکەوتنی ڕۆڵی (جوڵیس)، پاشان (کاڵدێرۆن) ڕۆڵێکی بچووکی پێدرا کە ڕۆڵی (پاوڵ) بوو.
  • یەکەمین فیلم بوو کە لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە ڕێکلامی بۆ بکرێت.
  • بەشی سەماکەی (ڤینس) و (میا) جووڵە بە جووڵەی لەبەرگیراوەی فیلمی ئیتاڵی ( 8½ )ە کە هی ساڵی (١٩٦٣)یە.
  • (بڕوس ویڵس) تەنها بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ کاری لەسەر ڕۆڵەکەی کردووە.


سەرچاوەکان



549 بینین