ناوهڕۆك
زانیاری دەربارەی دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح
دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح (بە ئینگلیزی: The Great Bear Rainforest)، دارستانێکی باراناوی مامناوەندە لە کەناراوەکانی زەریای هێمن لە هەرێمی "بریتش كۆڵۆمبیا"ی کەنەدا، کە 6.4 ملیۆن هێکتار زەوی دەگرێتەوە و بەشێکە لە گەورەترین ناوچەی دارستانی باراناوی مامناوەند لە زەریای هێمن و گەورەترین دارستانی باراناوی مامناوەندی کەنارییە لە جیهاندا، دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح لە مانگی شوباتی 2016 بە فەرمی لەلایەن حکومەتی کۆلۆمبیای بەریتانیەوە ناسێنرا، کاتێک کە ڕێککەوتنێکی ڕاگەیاند بۆ پاراستنی 85%ی ناوچەی دارستانییە گەشەکردوو و کۆنەکان لە پیشەسازی بڕینی دارەکان، ئەم دارستانە دارستانێکی تەواو گەورەیە و بەنزیکەیی 64,000 کیلۆمەتر دووجایە یان 21 ملیۆن ئەیکەرە، کە 400 کیلۆمەتر لە باکووری دوورگەی ڤانکۆڤەرەوە درێژدەبێتەوە بۆ باشووری ویلایەتی ئالاسکا، ئەمەش گەورەتره لە پارێزگای نۆڤا سکۆتیا و پارکی نەتەوەیی ڕانگڵ سانت ئیلیاس (Wrangell- St. Elias) لە ئالاسکا، کە گەورەترین پارکی نەتەوەیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکایه.
ژینگەزانی
لەڕووی ژینگەزانییەوە دارستانەکە یەکێکە لە گەورەترین ناوچە ماوەکانی دارستانە باراناوییە مامناوەندە نەگۆڕاوەکانی جیهان، ئەم ناوچەیە نیشتیمانی چەندین جۆر ئاژەڵە لەوانە، شێرە ئەمریکییەکان و گورگەکان و ماسی سەلمۆن و ورچی تارمایی و جۆرە ورچێکی ڕەشی بێهاوتا، دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح کۆتا جۆری جۆرەکەی خۆیەتی و گەورەترین ناوچەی دارستانی کەنارییە لە سەر زەوی، هەروەها نیشتیمانێکه بۆ ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و ڕووەکی زەمینی و دەریایی، لە ناویاندا جۆرە دەگمەنەکانی وەک ورچێکی ڕۆحی بەناوبانگی تووک سپی، ئەم ناوچەیە زیاتر لە 100 ساڵە لەژێر هەڕەشەی بڕینەوەی دارەکاندایە و 20 ساڵ لەمەوبەر بە یاسای ڕێگەدان بە بڕینەوە 95%ی دارەکانی دارستانە باراناوییەکە بڕدرانەوە، پیشەسازییەکانی بڕینەوەی دار و کانسازی مەترسیەکی گەورەیان بۆ سەر دارستان و دانیشتوانی ناوچەکه دروست کردووە و تا ئەمڕۆش ناوچەیەکی بەرژەوەندی نێودەوڵەتییە، دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح نیشتیمانی ورچی کیرمۆد (kermode) (یان ورچی تارمایی) تووک سپییە، ئەم جۆرە ورچە گۆڕانێکی بۆماوەییە لە ورچی ڕەشدا و لە هیچ شوێنێکی تری سەر زەویدا نادۆزرێنەوه، هەندێک ناوچەی دارستانی باراناوی ورچی زەبەلاح بەوە ناسراون کە زۆرترین جۆری ورچیان تێدا کۆبووەتەوە بە ڕیزکردنی خەمڵاندنەکانی 50-300 جۆر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هۆکاری ئەوه نەزانراوە کە بۆچی بۆهێڵە بەزیووەکە ڕێگە بە تووکە سپییەکەی ئەم جۆرە ورچە دەدات بەردەوام بێت لە گەشەکردن، هەندێک لەو باوەڕەدان کە ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە ورچی سپی لە کاتی ڕاوەماسیدا سوود لە ڕەنگە سپییەکەی وەردەگرێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی ماسی سەلمۆن لە سێبەرێکی تاریکدا، هەروەها لە ئەفسانەی (Kitasoo)دا هاتووە کە قەلەڕەش وایکردووە کە لە هەر 10 ورچێکی ڕەشدا 1یەکیان سپی ببێت بۆ بیرهێنانەوەی دوایین چاخی بەستەڵەک کە هەموو شتێک لە سەهۆڵدا داپۆشرابوو و ڕەنگی سپی بوو، هەروەها لەم دارستانەدا دارستانێکی ژێرئاوی بوونی هەیە و دەریای ورچی زەبەلاح نیشتیمانی هەندێک لە گەورەترین دارستانەکانی گیای دەریایی جیهانە، گیای دەریایی بوڵ (bull kelp) کە ڕووەکێکی ئاوی ساڵانەیە (هەرچەندە هەندێک جۆریان هەمیشەیین) و دەتوانێت بگاتە 120 پێ بەرزایی و لە ڕۆژێکدا 3 پێ بەرزدەبێتەوه، ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە یەکێک لە خێراترین ڕووەکە گەشەسەندووەکان لە دەریا و لەسەر زەویدا، دارستانەکانی گیای دەریایی شوێنێکی پارێزراو بۆ زیندەوەرانی دەریایی دابین دەکەن، لە بەردەماسییەوە بۆ سەگڵاوی دەریایی یان ڕێوی ئاوی و هەموو زیندەوەرەکانی نێوانیان، دارستانەکانی ژێر ئاو ناوچەیەکی بەربەست دابین دەکەن لە ئاوسانی زەریاکان و شەپۆلەکان بۆ پاراستنی ناوچە کشاوەکان و کەنارە هێڵەکان.