جەیمس مادیسن

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-28-16:30:00 - کۆدی بابەت: 7418
جەیمس مادیسن

ناوه‌ڕۆك

جەیمس مادیسن کێیە؟

چوارەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جەیمس مادیسن James Madison کەسێکی سیاسەتمەدار و دیبلۆماسی و پارێزەر و فەیلەسوف بووە هەروەها یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەشدا چوارەم سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دامەزراندنی دەستووری ئەمریکا و مافنامەی وڵاتەکەدا هەیبووە، بە "دامەزرێنەری دەستوور" ناسراوە.

مادیسن لە ١٦/٣/١٧٥١ لە هەرێمی ئۆرنج لە ڤێرجینیا لەدایکبووە، منداڵی گەورەی خێزانەکەی بووە، دایکی خاوەنی کۆمەڵێک زەوی بووە لە پیدمۆنت Piedmont و باوکی جوتیاری توتن بووە، هاوسەرگیریی لەگەڵ دۆڵێی تۆد مادیسن Dolley Todd Madison کرد کە بێوەژن بوو، بەڵام جەیمس هیچ منداڵێکی نەبووە، جگە لە کوڕی هاوسەرەکەی کە ناوی جۆن پەینی تۆد John Payne Todd بوو، لە ٢٨/٦/١٨٣٦ بەهۆی نەخۆشیی ئاوتێزانی پەککەوتنی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.

مادیسن لە زانکۆی پرینستۆن (کە دواتر ناونرا زانکۆی نیوجێرسی) خوێندوویەتی، خوێندکاری بەشەکانی مێژوو و یاسا بووە، شارەزاییەکی باشی لە یاسادا هەبوو، لە ساڵی ١٧٧٦ بەشداریی لە پێکهێنانی دەستووری ڤێرجینیادا کردووە، هەروەها لە ئەنجوومەنی کیشوەریدا خزمەتی کردووە و لەگەڵ ئەوەیشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی ڤێرجینیا بووە، لە هەمووی گرنگتر چوارەم سەرۆکی ئەمریکا بووە.

جەیمس مادیسن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆک، پیاوێکی بچووک و لاواز بوو و شێوەی پیر دەردەکەوت. واشنتۆن لرڤینگ Washington Lrvingی نووسەری ئەمریکی بەمشێوەیە وەسفی دەکات "وەک سێوێکی بچووکی سیس وایە تا سیستربێت تامی خۆشتر دەبێت" بەڵام هەر کەموکوڕییەکی هەبووایە، دۆڵێی مادیسن Dolley Madison ی هاوسەری بە قسەخۆشی و ڕووخۆشییەکەی ئەوی دڵخۆش دەکرد، دۆڵێی هاوسەری کەسێکی بەناوبانگی واشنتن بوو.

کاتێک نوێنەرانی پەیماننامەی دەستووری لە ١٧٨٧ لە فیلادلفیا کۆبوونەوە، مادیسنی تەمەن ٣٦ ساڵ ڕۆڵێکی دیار و ئاشکرای لە مشتومڕەکانی کۆبوونەوەکەدا هەبوو، مادیسن بە نووسینی کۆمەڵێک وتاری فیدراڵی لەگەڵ ئەلێکساندەر هامڵتن Alexander Hamilton و جۆن جەی John Jay ڕۆڵێکی باشی لە چەسپاندنی دەستووردا هەبوو، لە ساڵانی دواتردا کاتێک بە "دامەزرێنەری دەستوور" ناویان دەهێنا، ناڕەزایی لەوبارەیەوە دەربڕی و گوتی "ئەو بەڵگەنامەیە بەرهەمی یەک کەس نییە، بەڵکو چەندین کەس پێوەی ماندووبوون".
لە ئەنجوومەنیشدا، هاوکاربوو لە پێکهێنانی مافنامەی وڵات و یەکەم یاسای سەبارەت بە باج و داهات دانا، ئەلێکساندەر هامڵتن Alexander Hamilton کۆمەڵێک پێشنیاری دارایی پێشکەش بە حکومەت کرد و گوتی کە پێویستە حکومەت قەرزی ویلایەتەکان بداتەوە کە بەهۆی شۆڕشی ئەمریکییەوە تووشیان بووە، لە بەرامبەردا جەیمس پێیوابوو کە ئەمە تەنها لە سوودی سەرمایەدارانی باکوورە و سامان و دەسەڵاتیان زیاددەکات، بۆیە حیزبی کۆماری Republican Party  یاخود جێفرسنی Jeffersonian ـی دامەزراند.
کاتێک مادیسن وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تۆماس جێفرسن Thomas Jefferson بوو، دژی ئەوە بوو جەنگ لە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا ڕابگەیەنرێ سەرەڕای ئەوەی کە تاڵانکردنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەوانەوە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو، جۆن ڕاندۆڵف John Randolph یش بە گاڵتەپێکردنەوە گوتی ئەم کارە وەک ئەوە وایە  "کتێبێکی بچووکی یەک شیڵینگی بگریتە ٨٠٠ کەشتیی جەنگی".
سەرەڕای ئابڵوقە شکستخواردووەکەی ساڵی ١٨٠٧ کە شکستی هێنا لە گۆڕینی شێوازی ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕدا بوون، بەڵام بووە هۆی سستبوونی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مادیسن لە ساڵی ١٨٠٨ وەک سەرۆک هەڵبژێردرا بەڵام پێش ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست ئابڵوقەکە هەڵوەشێنرایەوە.
لە یەکەم ساڵی حکومەتەکەی مادیسندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بازرگانیی لەگەڵ هەریەک لە بەریتانیا و فەڕەنسا ڕاگرت، دواتریش لە مانگی پێنجی ١٨١٠ ئەنجوومەن ڕێگەی دایەوە بە بازرگانیکردن لەگەڵیان، و سەرۆکی وڵاتی ڕاسپارد کە هەرکام لەو دوو وڵاتە تێڕوانینی ئەمریکایان لەبارەی مافە ڕەواکانی پەسەندنەبوو، بازرگانیی لەگەڵ ڕابگرێت.

ناپلیۆن وا خۆی دەرخست کە گوێڕایەڵیان دەبێت، بۆیە دواتر و لە ساڵی ١٨١٠، مادیسن ڕایگەیاند کە هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا نییە، گروپێکی لاو لە ئەنجوومەنی ئەمریکا کە پێکهاتبوون لە هێنری کڵای Henry Clay، جۆن کاڵدوێڵ کاڵهۆن John Caldwell Calhoun کە پشتگیریی ڕاگەیاندنی جەنگیان دەکرد، پەستانیان دەخستە سەر سەرۆک کە بەشێوەیەکی توندتر وەڵامی بەریتانیا و فەڕەنسا بداتەوە.
بەردەوامبوونی بەریتانییەکان لە پەستان خستنە سەر دەریاوانە ئەمریکییەکان و دەستبەسەرداگرتنی شتوومەکەکانی کەشتییەکانیان وای کرد مادیسن بچێتە ژێر باری ئەو پەستانەوە و لە ١/٦/١٨١٢ داوای لە ئەنجوومەن کرد کە جەنگ دژی بەریتانییەکان ڕابگەیەنن.

هێشتا ئەمریکا خۆی بۆ جەنگ ئامادە نەکردبوو، سووپاکەی گورزێکی کوشندەیان بەرکەوت، بەریتانییەکان هاتنە ناو واشنتنەوە و کۆشکی سپی و بارەگای ئەنجوومەنی ئەمریکایان لە واشنتن سووتاند، بەڵام هەندێک سەرکەوتنی دەریایی و سەربازی لە نیو ئۆرلیانسی سەر بە هەرێمی لویزیانا بە سەرکردایەتیی جەنەراڵ ئەندرو جاکسن Andrew Jackson، وای کرد ئەمریکییەکان هەست بە سەرکەوتوویی خۆیان بکەن لە جەنگەکەدا، بەو هۆیەیشەوە هەستی نەتەوایەتییان زۆر بەرزبوویەوە، فیدراڵییە نوێیەکانی ئینگلتەرا کە دژی جەنگ بوون و داوای جیابوونەوەیان دەکرد بەهۆی هەڵوەشانەوەی حیزبی فیدراڵییەوە، وازیان لە داواکانیان هێنا.

لە ماوەی خانەنشینییەکەیدا لە مۆنتپێلیر لە زەوییەکەی خۆی لە هەرێمی ئۆرنج سەر بە ڤێرجینیا، مادیسن لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی مافەکانی ویلایەتە تێکدەرەکان قسەی دەکرد، کە لە ١٨٣٠ هەڕەشەبوون بۆ تێکشکاندنی یەکێتیی فیدراڵی.

کۆچی دوایی مادیسن

مادیسن لە ٢٨/٦/١٨٣٦ بەهۆی نەخۆشیی ئاوتێزانی پەککەوتنی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، لە پارچە نوسینێکیدا کە دوای مردنی لە ساڵی ١٨٣٦ کرایەوە نووسیبووی "تاکە ڕاسپاردەم کە لە ناخی دڵ و ویژدانمەوە هەمە ئەوەیە کە یەکگرتوویی ویلایەتەکان بپارێزرێت و بهێڵرێتەوە".


سەرچاوەکان



869 بینین