شێوازی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی تووڕە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-28-22:45:00 - کۆدی بابەت: 7422
شێوازی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ منداڵی تووڕە

ناوه‌ڕۆك

دایکان و باوکان چیبکەن لەگەڵ منداڵی تووڕە؟

تووڕەیی حاڵەتێکی دەروونییە یاخود هەستێکە کە پاڵنەر یان هۆکاری تایبەتی هەیە، تووڕەیی دەکرێت لە هەموو تەمەنێکدا دەربکەوێت، هەرچەندە منداڵان زیاتر ڕووخسارێکی بە خەندەیان هەیە و تووشی ئەمە نابن. بەڵام هەندێک کات پاڵنەری وەکوو برسێتی، نەخۆشی، ماندوویەتی، ئیرەیی، دەبنە هۆی توڕەبوونی منداڵ، لەکاتی تووڕەبووندا منداڵان پێویستیان بەبوونی دایک و باوکە تا وەکوو چارەسەرێک بن بۆ تووڕەبوون و هەڵچوونەکەیان و پێویستە پەناگەیەکبن بۆ منداڵەکان، بتوانن فێریان بکەن که چۆن ئارام ببنەوە و هەڵچوون و تووڕەیی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە لەکاتی تووڕەیی و هەڵچوونی منداڵدا، ئەم کارانە ئەنجام بدەن:

  • ئامادەبوونی جەستەیی(فیزیکی)تان هەبێت: هەندێ کات مرۆڤەکان گوێگرێکی لاوازن، ئێمە دەمانەوێت ئەوانیتر گوێمان بۆ بگرن بەڵام خۆمان گوێ بۆ ئەوانیتر ناگرین، لەکاتێکدا دەتوانین یارمەتیدەربین و گوێ لە منداڵەکانمان بگرین، بوونمان هەبێت لە لایانەوە و پێیان بڵێین من لەپێناو تۆ لێرەم.
  • ئارام بـن: دەبێت منداڵان بزانن کە هەموو شتێک باش دەبێت و تووڕەیی نامێنێت، هەندێ کات ئێمە تەنها دەبێت ئارام بگرین و بهێڵین کات تێپەڕێت، دەتوانن پێیان بڵێن ئەمەش تێدەپەڕێت.
  • داهێنەر بـن: منداڵان پێویستیان بەوەیە تووڕەییەکەیان بەتاڵ بکەنەوە بۆ ئەمەش چەند ڕێگایەک هەیە وەکوو نووسینی هەستەکانی، وەرزشکردن، دروستکردنی شتێک یان قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیەک، ئەم ڕێگایانه یارمەتی باشتربوونی بارودۆخی منداڵەکە دەدەن.
  • هۆکاری گۆڕانی ڕەفتاری منداڵەکەتان بدۆزنەوە: هەوڵبدەن بزانن چی ڕوویداوە کە بۆتە هۆی تووڕەبوونی منداڵەکەتان، هەڵچوون و تووڕەیی بێ هۆکار نابێت.
  • ئاگاداربن کە منداڵەکەتان پشتگوێ نەخستبێت: دڵنیاببنەوە لەوەی کە منداڵەکەتان لەبەر گرنگی پێ نەدان و پشتگوێ خستنی ئێوە تووشی هەڵچوون نەبووە، بۆ منداڵ کاردانەوەی نەرێنی دایک و باوک بۆ هەڵسوکەوتێکی خراپی باشترە له پشتگوێ خستنی.
  • ڕێگای گۆڕینی سەرنج بەکاربهێنن: کاتێک منداڵەکەتان تووڕەیە هۆش و سەرنجی ئەو ڕابکشن بۆلای شتێکی تر یان شوێنەکەی بگۆڕن، بەتایبەت کاتێک منداڵ هەڵچوون و تووڕەیی لەسەر وڕک گرتنیەتی بۆ شتێک که بۆ ئەو گونجاو نییە، پێویستە جێگرەوەیەک هەبێت بۆ سەرنج ڕاکێشانی و لەبیربردنەوەی شتەکەی تر.

سێ یاری بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون

  • تەقاندنی میزەڵدان: ئامانجی ئەم یارییە کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونە لە منداڵدا، لەم یارییەدا منداڵ فێردەبێت کە لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی هەناسەوە ئارامببنەوە، منداڵەکە فوو دەکاتە میزەڵدانێکەوە و دوای پڕبوونی بەتووندی دەیگرێت، دواتر بە شتێکی تیژ دەیتەقێنێت، کاتێک میزەڵدانەکە دەتەقێت منداڵەکە دەترسێت و خۆی بۆ دواوە ڕادەکێشێت، لێرەدا داوا له منداڵ دەکەین دەست لەسەر سکی دابنێت و چەند هەناسەیەکی قوڵ بدات، بەم شێوەیە بەسەر تووڕەییەکەیدا زاڵببێت، ئەم یارییە سادەیە بەڵام کاریگەرە.
  • دڕاندنی ڕۆژنامە: یاری دڕاندنی ڕۆژنامە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵچوونی منداڵانی قۆناغی سەرەتایی بەکاردێت لەم یارییەدا ئەو ڕۆژنامانەی پێویست نین دەیدەن بە منداڵەکە و داوای لێدەکەن بیدڕێنێت یان پارچە پارچەی بکات، دواتر بۆ ئاسمانیان فڕێ بدات و هاوار بکات و یاری بکات، دوای یەک دوو خولەک منداڵ تووشی گۆڕانی جۆش و خرۆش دەبێت و کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی تووڕەییەکەی دەبێت، لەکۆتاییدا دەبێت منداڵەکە پارچە کاغەزەکان کۆبکاتەوە.
  • چیرۆکی کیسەڵەکە: ئەم ڕێگایە چارەسەرکردنە لەڕێگای چیرۆکەوە، بە منداڵ دەڵێین لەکۆندا بەچکە کیسەڵێک هەبووە کە وەکوو تۆ بووە و زوو تووڕەبووە، ڕۆژێک بابەگەورەی بانگی دەکات و هەندێک ڕەوشتی فێردەکات، ئینجا هەنگاوەکانی بۆ ڕووندەکەیتەوە، قوناغی یەکەم ئەوەیە کە کاتێک منداڵ تووڕەدەبێت هەر بەو شێوەیە شوێنەکە جێبهێڵێت و کە ڕۆشتە دەرەوە کەمێک بیربکاتەوە کە دەبێت ئارام ببێتەوە و خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، لە قۆناغی دووەمدا چەند هەناسەیەکی قوڵ بدات و دواتر فێریدەکەی کە دەستی لەسەر سکی دابنێت، سێ چرکە هەناسەی رابگرێت و بە ژماردنی سێ ژمارە هەوای ناو سییەکانی دەربکات، لەقۆناغی چوارەمدا بیربکاتەوە کە دەیتوانی لەکاتی تووڕەییەکەیدا چی بکات، قوناغی پێنجەمیش ئارامبوونەوەی منداڵە، ئەم ڕێگایە زۆر کاریگەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی و هەڵچوونی منداڵ.


سەرچاوەکان



899 بینین