سەید ئەحمەد پێنجوێنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-31-17:43:00 - کۆدی بابەت: 7455
سەید ئەحمەد پێنجوێنی

ناوه‌ڕۆك

سەید ئەحمەد

مەلا ئەحمەد پێنجوێنی ناوی تەواوی سەید ئەحمەد عەبدولوەهابە (بە ئینگلیزی: Sayd Ahmad Abdulwahab، بە عەرەبی: سيد احمد بنجويني)، یەکێکە لە زانا و مامۆستا ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانی ئیسلامییە، ئەندامی دامەزرێنەری یەکیەتی زانایانی ئیسلامیی جیهان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە. لە کوردستان بە شێخی وتاربێژان ناسراوە.

ژیان

سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب لە ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارۆچکەی پێنجوین تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ خوێندنی دواناوەندی لە پەیمانگای ئیسلامی سلێمانی بە پلەی یەکەم تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٨ - ١٩٧٩ کۆلێجی شەریعەی لە بەغداد بە پلەی نایاب تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە زانستی قورئانی پیرۆز بەدەست ھێناوە. دواجاریش لە ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیامی قورئانی پیرۆز بە پلەی نایاب بەدەست هێناوە.

لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە دەستی بە وتاربێژی کردووە، چەندین جار لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی حیزبی بەعس و هەرێمی کوردستانەوە، بەهۆی هەڵوێستی دژی ستەم و گەندەڵی وڵاتەکەی لە وتاربێژی لابراوە، چەندین جار تووشی ڕاونان و ئەشکەنجە بووەتەوە و ئاوارەی وڵات بووە. ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی نیشتمانی عێراقی و ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستووریش بووە. سەدان کاسێت و سیدی لە بواری وتاری ھەینی و بابەتی هەمەڕەنگدا بڵاوکردووەتەوە، دەیان وتاری بە عەرەبی و بە کوردی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا ھەیە.

دوورخستنەوەی لە وتاربێژی

لە کۆتاییەکانی وتاربێژیی سەید ئەحمەد پێنجوێنی لە مزگەوتی حاجی جەمال لە شاری هەولێر سەرقاڵی وتاربێژی بووە، لە ڕۆژی ٢٠٢١/١٢/٣ دوای چەند وتارێکی کە هێرشی توندی كردە سەر دەسەڵات و پشتیگری لە داوای قوتابیان و خوێندكاران كرد لە خۆپێشاندانەكانی ساڵی ٢٠٢١، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی پەخشی ڕاستەوخۆی وتاری هەینی سەید ئەحمەد پێنجوێنی.

دواتریش لە ڕۆژی ٢٠٢١/١٢/٣٠ بە فەرمانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری هەرێم بڕیاردرا بە یەکجاری لە وتاردان دووربخرێتەوە و ڕۆژی ٣١ـی مانگی بووە کۆتا وتاری هەینی ئەو.

پێشتریش لەلایەن هەریەک لە حکوومەتی عێراقی حیزبی بەعس و هەرێمی کوردستانیش چەند جارێک لە وتاردان دوورخرابوویەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی زۆری خەڵکەوە دووبارە گەڕێندرایەوە.

ساڵی ١٩٨٧ بەهۆی نزانەکردن بۆ سەدام حسێن لە وتاری هەینیدا دووچاری ڕاوەدوونان دەبێتەوە.

ژیانی تایبەت

سەید ئەحمەد پێنجوێنی باوکی شەش منداڵە بە ناوەکانی: بیلال، عەبدولڕەحمان، شەیما، عەبدولباست، ئەسما، ڕوونی.


سەرچاوەکان



894 بینین