چۆنیەتی دروستکردنی دراوی کاغەزی

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-04-09:41:00 - کۆدی بابەت: 7492
چۆنیەتی دروستکردنی دراوی کاغەزی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دروستکردنی دراوی کاغەزی بە چەند قۆناغێک تێپەڕدەبێت، سەرجەم قۆناغ و هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری و گزی و سپیکردنەوەی پارەیە، هەر وڵاتێک هێما و وێنە و شێوەی دراوی تایبەت بە خۆی هەیە، بە شێوەیەکی گشتی کەسایەتی و شوێنەوارە دیارەکانی وڵاتان بەکاردێت بۆ نەخشاندنی دراوەکان و ناسینەوەی دراوی وڵاتان، کۆمپانیا ئەوروپییەکان زۆرترین کاری چاپکردنی دراوەکان دەکەن بەهۆی بوونی ئامێری تایبەت و مەرەکەبی گونجاو و سەلامەت، خاوەنی ئامێری پشکنەری پێشکەوتووە بۆ پشکنینی دراوەکان لە دوای چاپکردنی دراوەکان.

چۆنیەتی دروستکردنی دراوی کاغەزی

- هەڵبژاردنی کاغەزی پارە: بەکارهێنانی کاغەزی تایبەت لە دروست کردنی پارەدا، ئەم کاغەزە ٪٧٥ لە لۆکە و ٪٢٥ لە کەتان پێکدێت، لۆکە و کەتانەکە لەگەڵ ڕەنگی سوور و شین تێکەڵ دەکرێن و دەنەخشێنرێن، نەخشاندنەکە بە جۆرێک دەبێت لە ئەگەری ساختەکردنی دراوەکە بەبێ بەکارهێنانی ئامێر دەتوانرێت هەستی پێبکەیت.

- بەکارهێنانی مەرەکەبی تایبەت: مەرەکەبی ڕەنگی سەوز بەکاردێت بۆ چاپکردنی ڕووی پشتەوەی دراوە کاغەزییەکان، چەند ڕەنگێکی دیکەش، وەک (مەرەکەبی ڕەنگی ڕەش، مەرەکەبی کانزای، ڕەنگێکی تر کە بەپێی بڕی دراوەکە گۆڕانی بەسەردا دێت).

- نەخشاندنی وێنە و نووسینەکانی هەر دراوێک و چاپکردنیان: ئەم قۆناغە بە (Intaglio Printing) ناودەبرێت لەم قۆناغەدا نەخشەی دراوەکان بە پێی جیاوازی بەهاکانیان دروست دەکرێت و پاشان چاپ دەکرێن.

دیارترین وڵآتەکانی چاپکردنی دراوە کاغەزییەکان

- بۆ یەکەم جار دراوی کاغەزی لە وڵاتی چین بەکارهات ئەمەش بۆ ١٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و پێش دروستکردنی دراوی کاغەزی دراوی مسی بەکاردەهات بەڵام لە مامەڵە داراییەکاندا بۆ خەڵکی و بازرگانەکان قورساییەکی زۆری هەبوو ئەم هەنگاوە بوویە هۆی ئاسان کردنی مامەڵەکان.

- وڵاتی سوید بوویە یەکەم شوێن لە کیشوەری ئەورووپا لە چاپکردنی دراوی کاغەزی و کاری چاپکردن و دابەشکردنی دراوەکان لە ئەستۆی بانکی ستۆکهۆڵم بوو کە سەر بە بانکی ناوەندییە.

- لە ساڵی ١٩٦٥ بانکی بەریتانیا یەکەم دراوی چاپ کرد جیاواز لە وڵاتانی پێشوو بەبێ بەکارهێنانی ئامێرەکان بەڵکوو بە دەستنووس نەخشاندن بۆ دراوەکان دەکرا.

- لە ساڵی ١٨٦٢ بۆ یەکەم جار دۆلاری ئەمریکی چاپکرا و بەهای یەک دۆلاری چاپی یەکەمی دۆلاری ئەمریکی بوو.

- لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ یەکەم جار لە ئوستورالیا کاغەزی پۆلیمەر بۆ چاپکردنی دراوەکان بەکارهات، پۆلیمەر مادەیەکی پلاستیکییە و تێچووی کەمترە و زیاتر دەمێنێتەوە و ساختەکاری لەم دراوەدا کارێکی ئەستەمە و بەرگەی شێ و تەڕبوون دەگرێت و لەڕووی تەندروستییەوە سەلامەتە میکرۆب لە خۆ ناگرێت، ساڵی ٢٠١٣ کوەیت بوویە یەکەم وڵات لە وڵاتە عەرەبیەکان ئەم کاغەزەی بەکارهێنا.

- کۆدی (IQD) تایبەتە بە دیناری عێراقی و بانکی ناوەندیی بەرپرسە لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم دراوە.

- دراوی ئەمریکی لەلایەن (نوسینگەی نەخشاندن و چاپ کردن) سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا چاپ دەکرێت، دوو چاپخانە کارەکان دەکەن یەکەمیان دەکەوێتە واشنتۆی پایتەختی ئەمریکا و دووهەمیان دەکەوێتە ویلایەتی تەکساس.

- لەساڵی ٢٠٠٢ بۆ یەکەم جار دراوی کاغەزی لە بازاڕە داراییەکانی ئەو وڵاتانەی یۆرۆ بەکاردەهێنن چاپکرا بە هەماهەنگی بانکی نیشتیمانی، وەک (هۆڵەندا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا).

زۆرێک لە وڵاتان بۆ چاپکردنی دراوەکانیان پەنا بۆ وڵاتانی دەرەوە دەبەن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:

١. چاپکردنی دراوەکە لە وڵاتانی دەرەوە پێویستی بە تێچوویەکی کەمتر هەیە، ئەم هۆیەش وای کردووە وڵاتە هەژارنشین و خاوەن ئابوورییە لاوازەکان پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببەن.

٢. چاپکردنی دراو پێویستی بە ئەزموون و لێزانینێکی زۆر هەیە، پێویستە ئەو وڵاتەی کاری چاپ کردنەکە دەکات خاوەنی توانایەکی باش بێت و پیشەییانە کارەکانی بکات.

دیارترین نیشانەکانی سەلامەتی و دروستی دراوەکان

- بەکارهێنانی کاغەزی جیاواز و تایبەت.

- بەکارهێنانی شریتی سەلامەتی بۆ نەخشاندنی هێمای سەر دراوەکان.

- بەکارهێنانی ڕەنگی نزیک لەیەکتر، ئەمە وادەکات ساختەکردنی دراوەکە کارێکی ئەستەم بێت.

- دەرکەوتنی وێنە و هێما کاتێک تیشکی ڕووناکی ئاڕاستە دەکەی.

- بوونی وێنە و ڕەنگی بریسکەدار.

- نەخشاندنی وێنەی کەسایەتییەکان لەسەر ڕووی دراوەکان پێویستی بەئامێر و شارەزاییەکی زۆر هەیە، ساختەکردنی وێنەکان کارێکی ئەستەمە.

- بوونی نیشانەی ئاوی لەسەر ڕووی دراوەکان بە بەکارهێنانی مۆری کانزای نیشانەکە دروست دەکرێت ئاوەکە بە ڕەنگی جیاواز ڕوو پۆش دەکرێت بە هێڵێک یان شێوەیەک دەنەخشێنرێت، کاتێک ڕووناکی ئاڕاستەی دەکرێت بە ڕوونی هێماکە دەردەکەوێت.

بۆچی وڵاتانی دیکە دراوەکانیان لە  وڵاتی سویسرا چاپ دەکەن؟

هەندێک لە وڵاتان  بۆ چاپکردنی دراوەکانیان پشت بە خۆیان دەبەستن بۆ پارێزگاری کردن لە نهێنی لایەنی ئابوورییان بۆ نموونە سویسرا بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژماردەکرێت کە وڵاتە هەژارنشینەکان پەنای بۆ دەبەن، بە هۆی چەند هۆکارێکەوە ئەوانیش:

- بوونی کاغەزی سەلامەت و گونجاو.

- گونجاوی جۆری مەرەکەبی بەکارهاتوو بە جۆرێک بە مادەی کیمیای و شۆردن  گۆڕانی بەسەردا نایەت.

- چاپکردنی دراوەکان بە شێوەیەکی ورد و دروست.

- جێگیری دۆخی سیاسی سویسرا لە ڕووی بەڕێوبردنەوە وڵاتێکی سەلامەتە و دوورە لە ململانێی نێوان وڵاتان.


سەرچاوەکان



1582 بینین