فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خنکانی منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-11-22:41:00 - کۆدی بابەت: 7569
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خنکانی منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرن ئەو هۆکارانەی کە وابکەن منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ بخنکێت وەک، گیرانی ئاو و خۆراک و هەر کەرەستەیەکی دیکە لە قوڕگیاندا، کەوتنە ناو ئاو و کەوتنە ژێر کەلوپەل، هەموو ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە ئەگەری ئەوە زیاد دەکەن منداڵ بخنکێت، بەتایبەت منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ کە ناتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و دەبێت زۆر بە وردی چاودێری بکرێن، دایکان و کەسانی نزیکی منداڵ پێویستە بزانن کاتێک کە منداڵەکەیان دەخنکێت یەکەم هەنگاو چیبکەن و چۆن فریاگوزاری سەرەتایی ئەنجام بدەن.

نیشانەکان

ئەگەر منداڵێک لەناکاو توانای گریان و کۆکەی لەدەست دا بەدڵنییایەوە شتێک لە قوڕگیدا گیراوە و ڕێڕەوی هەوای گرتووە و لە حاڵەتی خنکاندایە.

لەوانەیە منداڵەکە کاتێک دەمی دەکاتەوە چەند دەنگێکی نائاسایی دەربکات یاخود بە هیچ شێوەیەک دەنگ دەر نەکات

 پێستی سوور و شین دەبێتەوە

ئەگەر منداڵەکە دەکۆکێت یان دەنرکێنێت واتە ڕێڕەوی هەناسەدانی تا ڕادەیەک گیراوە و بهێڵە بەردەوامبێت لە کۆکە چونکە کۆکین باشترین ڕێگایە بۆ هاتنە دەرەوەی تەنی نامۆ لە قوڕگی منداڵەکەدا.

ئەگەر منداڵەکە ناکۆکێت و ناتوانێت تەنە نامۆکە لە قوڕگی بکاتە دەرەوە و شین بووەتەوە و دەبوورێتەوە بەردەوام فریاگوزاری سەرەتاییشی بۆ ئەنجام دەدەیت و سوودی نابێت ئەوا پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنەوە.

ڕێگاکانی ڕزگارکردن

کێشان بە پشتیدا

  • ئەگەر منداڵەکەت بە ئاگایە بەڵام ناتوانێت بگری یاخود بکۆکێت و هەناسە بدات هەوڵ بدە بە کێشان بە پشتیدا ڕێڕەوی هەناسەدانی بکەیتەوە و دەبێت بەمشێوەیە بکێشیت بە پشتیدا:
  • سەرەتا منداڵەکە لەسەر باسکی دەستت دابنێ، بەشێوەیەک کە ڕووخساری ڕووی لە سەرەوە بێت و پشتی سەری لەناو لەپی دەستتدا بێت.
  • دەستەکەی تر و باسکەکەی بخەرە سەر بەشی پێشەوەی جەستەی منداڵەکە.
  • پەنجە گەورەی دەست و پەنجەکانی دیکەشت بەکاربهێنە بۆ ڕاگرتنی دەمی منداڵەکە.
  • منداڵەکە بەشێوەیەک دادەنێیت کە سەری خوارتر بێت لە ئاستی پشتەوەی و دەستت لەژێر چەناگە و دەمیدا بێت بۆ ڕاگرتنی سەر و ملی.
  • کە منداڵەکەت جێگیر کرد لەسەر باسکی دەستت بە لەپی دەستەکەی ترت پێنج دانە بە توندی بکێشە بە بەینی هەردوو شانەکانیدا.

ئەگەر تەنەکە نەهاتە دەرەوە و منداڵەکە هەر لە حاڵەتی خنکاندا بوو، هەر بەو دەستەی کە بە پشتی منداڵەکەتدا کێشا ملی منداڵەکە دەگریت و سەر و ملی ڕادەگریت و هەڵیدەگێڕیتەوە و لەسەر دەستەکەی ترتەوە دەیهێنیتەوە بۆ سەر ئەم دەستەت تاکوو بتوانیت شێلانی دڵی بۆ بکەیت.

شێلانی دڵ

  • دوای ئەوەی کە هەنگاوەکانی پێشووت ئەنجامدا و هێشتا تەنەکە نەهاتبوویە دەرەوە پێویستە شێلانی دڵ بکەیت بۆ منداڵەکە بەمشێوەیە:
  • دوو نەرمایی پەنجەی دەستت نەک بەشی نینۆکەکەی دەخەیتە نێوان هەردوو مەمکی منداڵەکەوە و ڕێک لەژێر هێڵە ئاسۆییەکەی کە لەژێر مەمکیدا کێشراوە.
  • دواتر بە هەردوو پەنجەکەت پێنج پەستان بخەرە سەر سنگی منداڵەکە بەشێوەیەکی نەرم و یەک لەدوای یەک نەک زۆر توند و خێرا، ئەگەر هاتوو منداڵەکە کۆکی ئەوە هاتووەتەوە هۆشی خۆی و لە خنکان ڕزگاری بووە.
  • دواتر دووبارە هەنگاوەکانی سەرەتا بکەرەوە، واتە لێدان لە پشتی و شێلانی دڵی منداڵەکە، بەردەوامبە لەم دوو ڕێگایە بەو شێوەیەی کە باسکرا تاکوو منداڵەکە تەنەکە فڕێ دەداتە دەرەوە و یاخود دەست دەکات بە کۆکە و گریان.
  • ئەگەر هات و منداڵەکە وەڵامدانەوەی نەبوو و تەنەکە نەهاتە دەرەوە ئەوا پێویستە بووژانەوەی دڵ و سییەکان (بە ئینگلیزی: Cardio Pulmonary Resuscitation) دەست پێ بکەیت کە کورتکراوەکەی بریتیە لە CPR.

بووژانەوەی دڵ و سییەکان

بووژانەوەی دڵ و سییەکان چەند هەنگاوێک کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی کەسێک، بۆ کەسێک کە هەناسە نادات و دڵی لێ نادات، ئەم هەنگاوانە بە پەستان خستنە سەر و بووژانەوەی دڵ و سییەکان خوێنی پڕ لە ئۆکسجین دەگەیەنێت بە مێشک و هەموو بەشەکانی جەستەی تاکوو ئەو کاتەی منداڵەکە دەگەیەنیتە نەخۆشخانە، بە نەگەیشتنی خوێن بۆ مێشک دەتوانیت گەورەترین زیان بدات لە مێشک لەماوەی چەند خولەکێکدا و مەترسی مردنی منداڵەکەش زۆرە، بۆیە گرنکە تاکوو ئەو کاتەی منداڵەکە دەگەیەنیتە نەخۆشخانە بەم چەند هەنگاوە بووژاندنەوەی بۆ ئەنجام بدەیت:

هەنگاوی یەکەم

دەبێت دڵنیاببیتەوە لەوەی کە منداڵەکە هیچ وەڵامدانەوەیەکی نییە و هەناسە نادات، بە هاوارکردن و بانگکردنی منداڵەکە و وتنی ناوەکەی هەوڵبدە سەرنجی منداڵەکە ڕابکێشیت ئەگەر وەڵامی نەدایەوە بە توندی بکێشە بە ژێر پێیدا و لە کاتی پشکنین بۆ هەناسەدانی دووبارە هاوار بکە.

پشکنینی هەناسەدان

بۆ پشکنینی هەناسەی بزانە ئایا سەر سنگی منداڵەکە دەجووڵێت و بەرز دەبێتەوە و یاخود گوێ بگرە بزانە دەنگی هەناسەدانی دێت، ئەگەر منداڵەکە وەڵام ناداتەوە و هەناسە نادات یان زۆر بە قورسی و پچڕ پچڕ هەناسە دەدات داوا لە کەسێک بکە کە پەیوەندی بکات بە فریاکەوتنەوە و ئەگەر کەس نەبوو هەر خۆت بووویت لەماوەی دوو خولەکدا ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە و دواتر پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنەوە.

ئەگەر لە حاڵەتێکدا منداڵەکە خوێنبەربوونی توندی هەیە ئەوا دەبێت پەستان بخەیتە سەری و خوێنبەربوونەکە بوەستێنیت، تاکوو خووێنبەربوون نەوەستێت نابێت دەست بکەیت بە بووژانەوەی دڵ و سییەکانی، منداڵەکە لەسەر زەوییەکە پاڵ بخە و هەوڵبدە شوێنەکەی ڕەق بێت نەک نەرم بۆیە زەوی باشترە.

هەنگاوی دووەم (پەستان خستنە سەر سنگ)

نەرمایی دوو یان سێ پەنجەت بخەرە سەر سنگی منداڵەکەت، ڕێک لەژێر هێڵی ئاسۆیی ژێر مەمکییەوە، پەستان بخەرە سەر سنگی بەنزیکەی سێ بۆ پێنج سانتیمەتر خوارتر، ٣٠ پەستان بخەرە سەر سنگی، بە پەستانێکی زۆر و خێرا پەستان بخەرە سەر سنگی منداڵەکە و دەبێت نەرم بێت نەک زۆر توند، دواتر بیژمێرە لەگەڵیدا یەک، دوو، سێ... تاکوو دەگەیتە ٣٠.

هەنگاوی سێیەم (هەناسەدانی دەستکرد)

دوای ئەوەی کە ٣٠ پەستانەکەی سەر سنگی منداڵەکە تەواو بوو دوو هەناسەی دەستکرد بدە بە منداڵەکە لە ڕێگەی دەمتەوە بۆ دەمی منداڵەکە، دەستێکت بخەرە سەر سەری منداڵەکە و بە دەستەکەی ترت چەناگە و ملی منداڵەکە بەرز بکەرەوە و سەری جێگیر بکە بە جۆرێک بەتەواوی ڕێڕەوی هەناسەدانی بکرێتەوە و دواتر هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە و دەمت بخەرە سەر دەم و لووتی منداڵەکە و لەماوەی چرکەیەکدا هەناسەکە بدە بە منداڵەکە و سەیر بکە بزانە سەر سنگی منداڵەکە بەرز دەبێتەوە یاخود نا، ئەگەر سنگی منداڵەکە بەرز نەبوویەوە دووبارە سەری منداڵەکە جێگیر بکە و چەناگەی بەرز بکەرەوە تاکوو ڕێڕەوی هەناسەی بە باشتر بکرێتەوە و بە وریاییەوە هەناسەی دووەمی پێ بدە، ئەگەر سنگی منداڵەکە هەر بەرز نەبوویەوە ئەوە واتە ڕێڕەوی هەناسەی گیراوە بۆیا دەمی منداڵەکە بکەوە و سەیری قوڕگی بکە ئەگەر تەنەکەت لە دەمیدا بینی دەریبهێنە بەمەرجێک دڵنیابیت کە دەتوانیت دەریبهێنیت، بەڵام ئەگەر تەنەکە دیار نەبوو لە دەمیدا بەهیچ شێوەیەک دەستت نەبەیت بۆ قوڕگی منداڵەکە و بتەوێت لە قوڕگیدا دەریبهێنیت.

ئەگەر هاتوو منداڵەکە دوای ئەم هەنگاوانە هێشتا هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو دووبارە دەست بکەرەوە بە بووژاندنەوەی دڵ و سییەکانی بە ٣٠ پەستان و دوو هەناسەدانی دەستکرد بەردەوام دەبیت تاکوو فریاکەوتن دەگەن و لەم کاتەدا ئەگەر هەر منداڵەکە هیچ نیشانەیەکی نەبوو ئامێری شۆکی بۆ بەکاردەهێنن و دەیدەن لە منداڵەکە.

ڕێنوێنی بۆ دوای ڕزگاربوونی منداڵەکە

ئەگەر منداڵەکە دوای بووژاندنەوەی دڵ و سییەکان هاتەوە هۆش خۆی و تەنەکە لە قوڕگی هاتە دەرەوە و ژیایەوە، دەبێت هەر سەردانی پزیشکی پێ بکەیت ڕاستە مەترسی خنکانی لەسەر نەماوە بەڵام بەهۆی قورسی حاڵەتەکەوە پێویست دەکات کە پزیشک بیبینێت.


سەرچاوەکان



1517 بینین