بڕوانامەکانی زانکۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-17-17:34:00 - کۆدی بابەت: 7621
بڕوانامەکانی زانکۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێویستە خوێندکاری زانکۆ چەند بڕوانامەیەک بەدەست بهێنێت، تاکوو لەڕێگەی ئاست و پلەی ئەو بڕوانامانەوە بتوانێت ببێتە خاوەن پیشە و کاری تایبەتی خۆی و داهاتووی مسۆگەر بکات.

ڕیزبەندی پلە و ئاستە زانستییەکانی خوێندن

بڕوانامەی دیبلۆم

بڕوانامەی دیبلۆم یەکەمین ئاست و پلەی بڕوانامەکانی زانکۆیە، لە پاش تەواوکردنی ئاستی ئامادەیی ئەو بڕوانامەیە بەدەست دەهێنرێت، هەروەها لەڕووی چڕی وانە خوێندن و کاتی پێویست بۆ بەدەسهێنانی بەراورد بە بڕوانامەکانی تر ئاسانترە و کاتێکی کەمی پێویستە چونکە ماوەی خوێندنی دوو ساڵە، هەروەها ئەم بڕوانامەیە بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە پسپۆڕییەکیان خوێندوە، بەڵام بە دڵیان نییە و دەیانەوێت لە بوارێکی تردا پسپۆڕی وەرگرن چونکە لە پسپۆڕییەکەی خویان ڕازی نیین، بۆیە بڕوانامەی دیبلۆم بۆ ئەو کەسانە هەلێکی زور باشە، چونکە ماوەی خوێندنی ئەم ئاستە کورتترە و خوێندن لە بوارەکانی ئاڵۆز و قورس نییە، جۆرە سەرەکیەکانی بریتین لە:
ـ دیبلۆمی ناوەند
ـ دیبلۆمی سەروو ناوەند
ـ دیبلۆمی باڵا
ـ دیبلۆمی گشتی
ـ دیبلۆمی تایبەت 

بڕوانامەی بەکالۆریۆس

بڕوانامەی بەکالۆریۆس ئەو ناونیشانە ئەکادیمیەیە کە لێهاتویی و توانایی کەسەکە لە پسپۆڕییەکدا دەسەلمێنێت، لە ڕێگەیەوە دەتوانێت لە پسپۆڕیەکەی خۆی دەسبەکار بێت و چەندین هەلی کاری بۆ دەڕەخسێنێت، لە دوای چوار ساڵ ئەم بڕوانامەیە خوێندن لە پسپۆڕییەکی دیاریکراودا بەدەست دەهێنرێت، بەدەسهێنانی پلەکانی تری خوێندنی باڵا نموونەی ماستەر و دکتۆرا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەدەسهێنانی ئەم بڕوانامەیە و نمرەکانی ئاستی خوێندنەکەی دەبەستێت، هەموو پسپۆڕییەک بڕوانامەی بەکالۆریۆسی تێدا بەدەست دەهێنرێت، ئەم ئاستەی خوێندن بەربڵاوترین پلەیە لە جیهاندا کە خوێندکاران هەوڵی بەدەست هێنانی دەدەن.

بڕوانامەی ماستەر

بڕوانامەی ماستەر پلەیەکی زانستی بەرزی خوێندنی باڵایە لە بواری پسپۆڕییەکی دیاریکراودا، لەدوای بەدەسهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەکرێت بڕوانامەی ماستەریش بەدەست بهێنرێت و ماوەی خوێندنی دوو ساڵە، پێویستە خوێندکار لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توێژینەوەیەکی زانستی لە بابەتی پسپۆڕییەکەی ئامادە بکات، ئەم بڕوانامەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردن و ڕەخساندنی هەلی کار و بەرزکردنەوەی پلەبەندی پیشەیی و دابینکردنی مووچەیەکی بەرز، دەکرێت لە زۆربەی پسپۆڕییەکان بڕوانامەی ماستەر بەدەست بهێنرێت و لە زۆرێک لە زاکۆکانی جیهان خوێندنی ماستەر بەردەستە.

بڕوانامەی دکتۆرا

بڕوانامەی دکتۆرا بەرزترین پلەی ئەکادیمی و زانستی خوێندنی باڵایە لە بواری پسپۆڕییەکی دیاریکراودا، لە دوای بەدەسهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر دەکرێت دکتۆرا بخوێنرێت، ماوەی خوێندنی چڕ تر و قورسترە و سێ ساڵە، پسپۆڕییەکەی تا ڕادەیەک بەندە بەو پسپۆڕیەی کە لە ماستەر خوێنراوە، دوو جۆری سەرەکی هەیە، دکتۆرای زانستی کە لە بوار و پسپۆڕییە زانستییەکان وەردەگیرێت، هەروەها دکتۆرای فەخری ئەم دکتۆرایە دەبەخشرێتە چەند کەسایەتییەکی کاریگەر کە لە بوارێک لە بوارەکان جێدەستیان دیارە و کەسێکی کارا بوونە لە ژیان، بۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک ئەم بڕوانامەیەیان پێدەبەخشرێت، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا دەتوانێت لە زانکۆ وەکوو لێکۆڵەر و مامۆستا وانە بڵێتەوە، هاروەها ئەم بڕوانامەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی کار و بەرزکردنەوەی پلەبەندی پیشەیی و دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ خاوەنەکەی.

سوودی بەدەسهێنانی پلە و ئاستی بەرز لە بڕوانامەکانی زانکۆ

ـ بەدەسهێنانی پلە و پۆستێکی باڵا و گونجاو لەگەڵ دابینکردنی پیشەیەکی بەرز.
ـ دابینکردنی داهات و مووچەیەکی بەرز.
ـ بەرزبوونەوەی ئاست و پلەبەندی پیشەیی.
ـ بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری بە تایبەتی دەربارەی پسپۆڕی و بوارە ئەکادیمییەکان. 

پێنج لە باشترین زانکۆکانی جیهان بۆ خوێندن و هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی

زانکۆی ستانفۆرد Stanford University: زانکۆی "لیند ستانفۆرد جونێور" یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا کە لە ساڵی 1885 دامەزراوە، ئەم زانکۆیە ئاستێکی زانستی بەرزی هەیە و مامۆستاکانی لە باشترین مامۆستایانی جیهانن، زۆرێک لە بەشەکانی خوێندن لەم زانکۆیە بەردەستن و دەکرێت لەم زانکۆیە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بهێنرێت، هەروەها ژمارەیەک لە زانا و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەم سەردەمە دەرچووی ئەم زانکۆیەن نموونەی دامەزرێنەری کۆمپانیای گوگڵ و کۆمپانیای یاهوو.
2ـ زانکۆی هارڤارد Harvard University: زانکۆی هارڤارد لە دێرینترین زانکۆکانی ئەمریکایە، هەروەها گەورەترین زانکۆی جیهانە لەڕووی پانتایی و ڕووبەرەوە، ژمارەیەکی زۆر لە پسۆڕییە زانستی و هەمەجۆرەکانی لەخۆگرتووە و پلەی بەکالۆریۆسی ئەم زانکۆیە لە هەموو جیهاندا باوەڕپێکراوە، لەو زانکۆیانەیە کە مەرج و هەلی بوون بە خوێندکار تێیدا زۆر قورسە چونکە زۆر بە چڕی و بە وردی خوێندکارەکانی هەڵدەبژێردرێن، هەشت سەرۆکی ئەمریکا دەرچووی ئەو زانکۆیەن نموونەی جۆن ئادامز، جۆن کوینسی ئادامز، بۆش و ئۆباما، هەروەها 150 کەس لە براوەی خەڵاتەکانی نۆبڵ دەرچووی ئەم زانکۆیەن.
3ـ زانکۆی ئۆکسفۆرد University of Oxford: زانکۆی ئۆکسفۆرد لە دێرینترین زانکۆکانی وڵاتی بەریتانیایە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە گرنگییەکی زۆر بە پسپۆڕییە توێژینەوەکان دەدات و 38 کولێجی سەربەخۆی تێدایە، دەرچووانی ئەم زانکۆیە زۆرێک لە تایبەتمەندیی پیشەیی جیهانی بەدەست دەهێنن و لە هەموو جیهاندا بڕوانامەکەی باوەڕپێکراوە، ناودارترین دەرچووانی ئەم زانکۆیە زانای فیزیایی بەناوبانگ ستیڤن هۆکینگ و دەیڤید کامیرۆن سەروەزیرانی بەریتانیا و ئادەم سمیس و ئۆسکار وایڵد، هەروەها 28 کەس لە براوەی خەڵاتەکانی نۆبڵ دەرچووی ئەم زانکۆیەن.
4ـ پەیمانگای تەکنیکی ماساتچوستسی Massachusetts Institute of Technology: ئەم پەیمانگای لە ساڵی 1861 لە ئەمریکا دامەزراوە، بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەسەریەک لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهان بووە، 34 پسپۆڕی زانستی و ئەکادیمی گرنگ لەخۆدەگرێت، زۆر گرنگی بە بوارەکانی تەکنەلۆجیای هاوچەرخ دەدات، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیبلۆمی تێدا بەدەست دهێنرێت.
5ـ پەیمانگای تەکنیکی کالیفۆڕنیا California Institute of Technology: پەیمانگای تەکنیکی کالیفۆڕنیا یاخود "کاڵتیک" لە تایبەتترین زانکۆکانی ئەمریکایە و لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانە، هەروەها 37 کەس لە براوەی خەڵاتەکانی نۆبڵ دەرچووی ئەم زانکۆیەن. 

گرنگترین ڕێنماییەکان بۆ بەدەستهێنانی باشترین بڕوانەمەکانی زانکۆ

ـ گرنگیدان بە باشترکردنی توانیی و لێهاتووییەکانت، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆجیا و زمان کە لە هەموو ئاستێکی خوێندندا دوو بواری زۆر گرنگ و پێویستن.
ـ هەڵبژاردنی بەش و بوارێکی خوێندن کە لەگەڵ حەز و خولیاکانت بگونجێت، تاکوو بتوانێت داهێنان لە بوارەکەتدا بکەیت و لە خوێندنەکەی ئاسوودە بیت.
ـ بایەخدان بەو زانکۆیەی کە دەتەوێت پسپۆڕییەکەتی تێدا بخوێنیت، پێویستە پێش هەڵبژاردنی خوێندن لە هەر زانکۆیەک لەئاستی زانستی زانکۆکە بکۆڵیتەوە.


سەرچاوەکان



807 بینین