قۆرخکاری

قۆرخکاری

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-20-14:50:00 - کۆدی بابەت: 7642
قۆرخکاری

ناوه‌ڕۆك

قۆرخکاری چییە؟

قۆرخکاری (الإحتکار - Monopoly) بریتییە لە کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕی کاڵا یان خزمەتگوزارییەک لەلایەن یەک کۆمپانیا یان لایەنێکەوە، ئەو لایەنەش بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بازاڕی ئەو بەرهەمە دەکات کە قۆرخ کراوە و (نرخ، جۆر، کوالێتی، ڕێژە)ـی کاڵاکە بە شێوەیەکی تەواو دەکەوێتە دەست لایەنی قۆرخکارەوە، لایەنی قۆرخکاریش بۆ مانەوەی لە لوتکەی بازاڕی ئەو کاڵایە، ئامادەیە و لە توانایدایە یاری بە نرخ و کوالێتی و ڕێژەی بەرهەمەکە بکات تا هەموو لایەنە کێبڕکێکارەکانی دیکە بخاتە زەرەرمەندییەوە و بەرەو مایەپووچبوونیان ببات.
قۆرخکاری بە توندترین حاڵەتی سیستمی سەرمایەداری دادەنرێت، قۆرخکردنی بازاڕ و بوون بە تەنها لایەنێک کە بەرهەم یاخود کاڵایەک بۆ بازاڕ دابین دەکات خەونی هەموو سەرمایەدارێکی کلاسیکییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر یەک لایەن تاکە دابینکەری خزمەتگوزارییەک بێت، ئەوا دەتوانێت بە شێوەیەکی زۆر زێدەڕەو قازانج لەو بەرهەمەی بەدەست بخات، بەڵام بەهۆی مەترسییە زۆرەکانی ئەم بابەتەوە حکوومەتەکان و تەنانەت ئەو حکوومەتانەی کە لە بەرەی سەرمایەداری دادەنرێن دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت ڕێگری لەم کارە بکەن.
لە زانستی ئابووریدا قۆرخکاری واتە بوونی تەنها یەک فرۆشیار، سەرەڕای ئەم پێناسەیە، بەپێی پێناسەی یاسا، بۆ ئەوەی ببیت بە قۆرخکار تەنها پێویستت بەوەیە کە بەرەیەکی بازرگانی بیت و هێزێکی بازاڕیی وەها گەورەت هەبێت کە بتوانیت نرخی زۆر بەرز لە بازاڕدا بسەپێنیت، بەم پێیەش بێت پێویستت بە سەرمایەیەکی زۆر گەورە و کۆمپانیایەکی زۆر زەبەلاح نییە تا بتوانیت کاری قۆرخکاری ئەنجام بدەیت، تەنانەت کۆمپانیا بچووکەکانیش دەتوانن نرخی بەرزی خۆیان لە پیشەسازییە بچووکەکاندا بسەپێنن، هەروەها لەوانەیە خودی حکوومەتەکان ببن بە لایەنی قۆرخکار یاخود کۆمەڵە سەرمایەدار یان گروپێک کۆمپانیا یەکگرتنێک دروست بکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.

جۆرەکانی قۆرخکاری

قۆرخکاریی سروشتی

قۆرخکاریی سروشتی کاتێک دەبێت کە بەرهەمهێنان و فرۆشی کۆمپانیایەک بەیەکەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبن، بەم پێیەش تاوەکووو بەرهەمهێنان زیاتر بێت تێچووەکەی کەم دەکات بۆ کۆمپانیاکە، ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە کۆمپانیا پێویستی بە وەبەرهێنانی کەمتر دەبێت بۆ گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە.

نموونە:

کۆمپانیایەک پێویستی بە کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای x، هەتا بەرهەم و فرۆشی کاڵای x زیاتر بێت ئەوا تێچووەکەی بۆ کۆمپانیا کەمتر دەبێت، لەبەر ئەوەی بە وەبەرهێنان بۆ دروستکردنی یەک کارگە کۆمپانیا توانیویەتی ڕێژەیەکی زۆر گەورە لە کاڵای x بەرهەم بهێنێت.

لەم حاڵەتەدا کۆمپانیا دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت بە ڕێژەیەکی زۆر کاڵا بەرهەم بهێنێت کە هەموو پێویستییەکانی بازاڕ پڕ بکاتەوە، بەم کارەشی ببێتە هۆی ئەوەی کە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەتوانێت بچێتە ئەو بازاڕەوە تاوەکوو وەبەرهێنانێکی زۆر نەکات.

زیاتر ئەم جۆرە قۆرخکارییە لە بازاڕەکانی دابەشکردنی ئاو، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەیاندن دەبینرێت، لەبەر ئەوەی لەم بازاڕانەدا هەر لایەنێک بۆ ئەوەی پشکێکی لە بازاڕەکەدا هەبێت پێویستی بە وەبەرهێنانێکی زۆر هەیە (دروستکردنی ڕێگای ئاسنین، دامەزراندنی هێڵی دابەشکردنی کارەبا و ئاو ...هتد).

قۆرخکاری لە کەرتی تایبەت

ئەو حاڵەتەیە کە تیایدا تاکە کۆمپانیایەک بۆ خۆی هەڵدەستێت بە دیاریکردنی نرخی کاڵاکان، ئەمە یاخود بە بەرزکردنەوەی ڕاستەوخۆی نرخەکان بێت، یان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی (خواست- خستنەڕوو) و بوون بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ.

قۆرخکاری لە کەرتی گشتی

حکوومەت خۆی لەم بارەدا نرخەکان دیاری دەکات بەپێی پێوەرەکانی وڵاتەکە، بۆ نموونە: لەوانەیە حکوومەتی خۆجێیی وڵاتێک کار بۆ نزمکردنەوەی نرخەکان بکات بۆ فەراهەمکردنی کاڵا بۆ ئەو بەکاربەرانەی کە توانای ئەوەیان نییە بە نرخی بەرز کاڵاکە بەدەست بێنن.

قۆرخکاریی یاسایی

ئەم جۆرە کاتێکە کە لەلایەن دەوڵەت یان لایەنەکانی چاودێریکردنی بازاڕەوە بڕیار دەردەچێت بۆ لەناوبردنی کێبڕکێ لە بازاڕدا، ئەمەش ئامانجی جۆراوجۆری لە پشتەوە دەبێت.

بۆ نموونە: لە ئەورووپا جۆرێک لە قۆرخکاری هەیە کە حکوومەتەکان هاوکاریی دروستبوونی دەکەن لە بازاڕەکانی بەرهەمهێنانی چەکدا، بۆ نەهێشتنی زۆربوونی ژمارەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک، بەم پێیەش دەوڵەت بە ئامانجی خۆی دەگات کە پاراستنی ئاسایش و ئاسانکارییە لە چاودێریکردنی ئەو کۆمپانیایانە.

قۆرخکاریی خۆجێی (محلي)

کاتێکە کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا تەنها یەک کۆمپانیا هەیە و تاکە دابینکەری خزمەتگوزارییەکە، ئەو ناوچەیەش لە ڕووی جوگرافییەوە دوورە لە هەر دابینکەرێکی دیکە و بەم پێیەش ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی قۆرخکردن دەکەوێتە دەستی ئەو تاکە کۆمپانیایەی کە هەیە.

قۆرخکاری بیانی

جۆرێکە لە جۆرەکانی داگیرکردنی سیاسی و ئابووری، دەوڵەتە زلهێز و دەوڵەمەندەکان بەکاری دەهێنن و دەیسەپێنن بەسەر دەوڵەتانی لاواز و هەژاردا، بەم پێیەش توانای ڕەهای بەرهەمهێنان و فرۆشتن یان وەبەرهێنان لە هەندێک خزمەتگوزاری، یاخود قۆرخکردنی هەندێک پلە و پیشە دەکەوێتە دەست دەوڵەتی زلهێزەوە.

بۆ نموونە: قۆرخکردنی فرۆشتنی چەک یان دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی.

بەم دەسەڵاتەش دەوڵەتە زلهێزەکان کۆنتڕۆڵی ئابووریی دەوڵەتە بچووک و تازە گەشەسەندووەکان دەکەن و دەیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

قۆرخکار کێیە؟

قۆرخکار کۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕی لەدەستدایە، تاکە لایەنە کە خاوەنی ئەو خزمەتگوزارییەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە بەکاربەران پێویستیان پێیەتی، کۆمەڵە سیفەتێکی هاوبەش هەن کە قۆرخکاران لە کەسانی دیکە جیا دەکەنەوە:

  • ئامانجی سەرەکیی قۆرخکار زیادکردنی قازانجەکانییەتی، جا ئەمەش بە هەر شێوازێک بێت.
  • قۆرخکار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بە بێ هیچ بەربەستێک بەرز و نزم بە نرخەکانەوە بکات، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا دەیەوێت بە بەرزی بمێنێتەوە، بەڵام هێندە بەرزی ناکاتەوە کە بەکاربەران واز لە بەکارهێنانی بەرهەمەکەی ئەم بهێنن.
  • لەوانەیە قۆرخکار ڕێوشوێنگەلێک بگرێتە بەر کە لە ماوەی کورتمەودادا زیانبەخش بێ بۆ کارەکەی، تاوەکوو نەهێڵێت هیچ کێبڕکێکارێک بێتە ناو بازاڕی کاری ئەمەوە، وەک دابەزاندنی زۆری نرخی بەرهەمەکەی بە جۆرێک بە زەرەر بەرهەمەکەی دەخاتە بازاڕەوە بۆ مایەپووچبوونی لایەنێکی نوێ کە دەیەوێت بێتە بازاڕەوە.

حوکمی قۆرخکاری لە ئیسلامدا

لە ڕای زانایاندا قۆرخکاری هەموو ماناکانی ستەم و خۆسەپاندن و بەستنەوە هەڵدەگرێت کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵکی، هەموو لایەنەکانی ژیانیش دەگرێتەوە، لەبەر ئەمە زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە نەهی لێ کراوە لە شەریعەتی ئیسلامیدا بەهۆی ئەو زیانانەوەی کە دەیگەیەنن بە خەڵکی.
زانا حەنبەلییەکان ڕایان لەسەر حەرام بوونی هەیە بە پشت بەستن بەو فەرموودەیەی پێغەمبەر سەعیدی کوڕی موسەیب گێڕاویەتییەوە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (من احتکر الطعام فهو خاطىء).
شافیعی و حەنەفییەکانیش دەڵێن کە بێزراوە ئەگەر ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە خەڵکی.
بۆیە بە کۆدەنگیی زانایانی پێشین و سەردەمیش ئەوە تێدەگەین کە قۆرخکاری ئەگەر ئەو جۆرە بێت کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن و زەحمەتکردنی ژیانی خەڵکی ئەوا حەرامە.

ڕێگری حکوومەتەکان لە قۆرخکاری

لە زۆر لە دەسەڵاتە دادوەرییەکاندا یاسای تایبەت هەیە بۆ ڕێگری کردن لە قۆرخکاری، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بوون بە تەنها دابینکەری بەرهەمێک بە نایاسایی دانانرێت، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی قۆرخکاری بە زیانبەخش هەژمار دەکرێت بۆ بازاڕی ئازاد، بۆیە زۆرینەی کاتەکان ئەم چالاکییە بازرگانییە قۆرخکاریانە ڕێگریان لێدەکرێت و ئەنجامدەرانیشیان ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
کاتێک کۆمپانیایەک تاکە دابینکەری کاڵایەک دەبن، ئەوا هێزێک پەیدا دەکەن کە بتوانێت وایان لێبکات کە ڕێگری لە هەر کۆمپانیایەکی دیکە بکەن بێنە ناو بازاڕی ئەو کاڵایەوە و کێبڕکێی لەگەڵ بکەن، ئیدی بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنەرەکان ئەوا هەڵبژاردەکان لە بەردەمی بەکاربەر کەم دەبن، بەم پێیەش بەکاربەر ناچار دەبێت نرخی زیاد بدات بۆ بەدەستخستنی ئەو کاڵایەی کە قۆرخکراوە، یاخود دەستبەرداری ئەو خزمەتگوزاری و کاڵایە ببن، ئەگەر کۆنتڕۆڵی ئەم چالاکییەش نەکرێت، ئەوا کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان دەتوانن دەسەڵات و کارتی فشار دژی حکوومەتەکان بەدەستبهێنن، بە گران کردنی شمەکەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی کڕیار، کڕیاری ناڕازیش واتە هاوڵاتیی ناڕازی و تووڕە، بەم جۆرە کاری قۆرخکارەکە دەبێتە هۆی زنجیرە ڕووداوێک کە فشار بۆ حکوومەتەکان دروست دەکات.
زۆر حکوومەت یاسای بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری دادەنێن و دەیسەپێنن بەسەر بازاڕدا بۆ سزادانی قۆرخکاران و دەستەبەرکردنی هەلی کێبڕکێی دادپەروەرانە، هەروەها ئەم یاسایانە بەکاربەر دەپارێزن لە دەستێوەردانی بەرهەمهێنەران لە نرخەکاندا، لە هەندێک حاڵەتیشدا حکوومەتەکان بەدەر لە بەکارهێنان و جێبەجێکردنی ئەو یاسا زانراو دانراوانەی کە هەن، ڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی بەرهەمێک دەگرنە دەست بۆ نەهێشتنی قۆرخکاری.


سەرچاوەکان

567 بینین