سەرنجێک - کاکەی فەلاح

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-26-23:30:00 - کۆدی بابەت: 7898
سەرنجێک - کاکەی فەلاح

ناوه‌ڕۆك

سەرنجێک

شاعیر: کاکەی فەلاح

بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح

شیعر: سەرنجێک

ئەگەر مردوم لەبرسانا هەتا ماوم ڕیا ناکەم، 
لەڕێی چەوتی ڕیاوە نان و ئاوی خۆم پەیا ناکەم

ژیانم خۆش ئەوێ، خۆشتر لەبەر دڵ عیزەتی نەفسە
هەتا مێشک بڕشتی هۆش و فامی بێ، خەتا ناکەم

کە ئەنجامی یەک بستە گۆڕی تەنگ و تاریک بێ
لە ڕاستی ڕاستە ڕێ دوو چاوی تیژم نابینا ناکەم

ئەبێ زادێ بخۆم زادەی بەروبوی ڕەنجی شانم بێ
بەگوێرەی خۆم ئەخۆم و کز ئەنیشم ئینتەلا ناکەم

ئەوەی واتێ ئەگا بۆ ماڵی دنیا چی ئەکەی بیکە
قومارێکە و ئەدۆڕێ، بۆیە من یاری وەها ناکەم

ئەوەی زیاتر تەکانی خۆی ئەدا زووتر ئەبێ ماندوو
لەدووی پووشێکی بابردووی بە فیڕۆ چوو هەڕا ناکەم

ئەوەی ئازاری هەست و گیان ئەدا ئازاری ویژدانە
ئەگەر باسی سەریشم بێ دەروون توشی سزا ناکەم

حەیاتم گەر هەموی بەختی حەیا بێ شاد و دڵخۆشم
هەتا هەم بۆیە هیچ یادی کەسانی بێ حەیا ناکەم

ئەبێ نەفسم لەدوای عیززەتی نەفسا بناڵێنێ
مەگەر بمرم، ئەگینا گورگی گیرۆدە ڕەها ناکەم

کە ڕێگەی مەردی ڕێگەی پیاوی دڵسۆزی وەفادارە
بەرامبەر وەعد و پەیمانم ڕەوشتم بێ وەفا ناکەم


سەرچاوەکان



467 بینین