ناوهڕۆك
سەرەتا
مشکی خورما یان جانباز (بە ئینگلیزی: weasel)، نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچەی لەوەڕگاکان یاخود ئەو جێگایانەی کە بە درەخت و سنەوبەر داپۆشراون، لەگەڵ ناوچەی نزیک ئاوی ڕووبار و زەلکاوەکان، لە چەندین وڵاتی جیاواز و کیشوەری جیاواز دەژی، بەڵام لە ئەو ناوچانەی کە درەخت و دەوەنی چڕ و پڕی هەیە، ئەوا ژیانکردنی ئەم گیانەوەرە دەگمەنە چونکە سەرچاوە خۆراکییەکانی کەم دەبێتەوە، هەروەها مشکی خورما هێلانە و جێگەی مانەوەی تایبەت بە خۆی دروستناکات، بەڵکو لە ئەو هێلانانەدا دەمێنێتەوە کە گیانەوەری دیکە جێی هێشتووە.
شێوەی دەرەوەی
شێوەی جەستەی وەک لوولەیەکی درێژە کە سەرێکی تەخت و بچووکی هەیە، ملی درێژە کلکی لاوازە و پەلەکانیشی کورتن، پێیەکانی پێنج پەنجەی هەیە کە هەریەکەیان چڕنوکی پێوەیە، ئەمانیش تیژ و درێژ و چەماوەن، تەواوی جەستەی بە فەروویەکی کورتی پڕ و چڕ داپۆشراوە، بە گشتی ڕەنگەکەی لە بەشی سەرەوە و پشتەوەی قاوەییە، بەڵام لە ناوچەی سکیدا سپی و زەرد و ڕەنگی کاڵە، لە هەندێک لە ناوچەکاندا لە وەرزی زستاندا ڕەنگی فەرووەکەیان دەگۆڕێت بۆ سپی، بەشێکی کلکیشی ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ ڕەش، بە گشتی قەبارەی نێرینەکان لە مێینەکان گەورەترە، درێژی جەستەیان لە نێوان ٢٠-٢٢ سانتیمەتر دەبێت، کلکیشیان دەگاتە نزیکەی ٦.٥ سانتیمەتر، لە کاتێکدا درێژی جەستەی مێینەکان لە نێوان ١٥-١٨ سانتیمەتر دەبێت و درێژی کلکیشیان دەگاتە نزیکەی ٤.٥ سانتیمەتر، بەهەمان شێوە کێشی نێرینەکان زیاترە و دەگاتە نزیکەی ١١٥ گرام، لە کاتێکدا کێشی مێینەکان بە نزیکەیی دەگاتە ٥٩ گرام.
خۆراک
مشکی خورما کۆئەندامێکی هەرسی دروستی هەیە کە توانای هەرسکردنی خواردنی هەیە بە باشی، ئەم گیانەوەرە ڕاوکەرێکی بە توانایە و دەتوانێت تەنانەت نێچیری لە خۆی گەورەتر ڕاوبکات، بەهۆی جەستە ڕێکەکەیەوە دەتوانێت بە بەرزایی و جێگەی تەسکدا سەربکەوێت و بڕوات، نێچیرەکانیشی بریتین لە مشک، مێروو، خشۆک، باڵندە، کەروێشک، ماسی، وشکاوەکی، مار و توێکڵدارەکان، هەروەها مشکی خورما ناسراوە بە ئەوەی کە هێرش دەکاتە سەر پەلەوەرگەی مریشکەکان بۆ خواردنی بێچوو و هێلکەکان، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر گیانەوەری جیاوازی کردووە بە نێچیر بۆ ئەوەی بە بەردەوامی ژەمی پێویستی خۆراکی هەبێت، و دەتوانێت لە ڕۆژێکدا ٢.٥ کیلۆمەتر ببڕێت بۆ ڕاوکردن، و زۆرینەی چالاکییەکانیشی لە زەردەپەڕ و بەرەبەیاندا ئەنجام دەدات.
یەکگرتن و زۆربوون
ناوچەی مانەوەی نێرینە و مێینەکان جیاوازە لە یەکتر، لە وەرزی زۆربووندا مێینەکان لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە، لە کاتێکدا نێرینەکان چەندین کیلۆمەتر دەبڕن بۆ گەشتن بە هاوبەشێک بۆ زۆربوون، وەرزی زۆربوونیان هەردوو وەرزی بەهار و هاوینە، و بە درێژایی ساڵەکە تەنها یەکجار زۆربوون دەبێت، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە زیاتر لە مانگێک دەخایەنێت، دواتر بە جارێک ٤-٦ بێچووی دەبێت، لەسەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان پشت بە دایکیان دەبەستن، بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک شیری دایکیان دەخۆن، دواتر لە ماوەی نێوان ٥-٨ هەفتەی تەمەنیاندا لە شیر دەبڕدرێنەوە، دەتوانن دەستبکەن بە ڕاوکردن، بەڵام هێشتا لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، هەتاوەکو بە تەواوەتی پێدەگەن و توانایان دەبێت کە پشت بە خۆیان ببەستن، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم گیانەوەرە بە نزیکەیی لە نێوان ٢-٣ ساڵ دەبێت، هەروەها باوەڕ وایە لەبەر ئەوەی تەمەنیان کەم و کورتە بۆیە لە هەر سکپڕییەکدا دەبێت بێچووی زۆری ببێت.
جۆرە سەرەکییەکانی
جۆرەکانی مشکی خورما زۆرن و جیاوازن، و لە زۆرینەی وڵاتە جیاوازەکاندا بڵاوبونەتەوە، دیارترین جۆرەکانیش ئەمانەن:
- مشکی خورمای شاخی: لە ناوچە بەرزەکاندا دەژی، لە هیندستان و زۆرینەی ناوچەکانی ئاسیا، و یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
- مشکی خورمای ئەمازۆنی: لە ناوچەی ئەمازۆن دەژی و لە نزیکی ڕووبارەکان دەمێنێتەوە، بە گەورەترین مشکی خورما دادەنرێت کە لە کیشوەری ئەمریکای باشوور دەژی، و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٥٠.٨ سانتیمەتر.
- مشکی خورمای ژاپۆنی: ئەم جۆرەیان لە ناوچەی بەرز و دارستاندا دەژی، یاخود لە ئەو جێگانەی کە نزیکن لە ئاو و سەرچاوەی ئاوییەوە.
- مشکی خورمای کلک درێژ: لە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور دەژی، تایبەتمەندە بە درێژی کلکی، کە بە نزیکەیی ٤٠-٧٠% ی درێژی جەستەی پێکدەهێنێت.
- مشکی خورمای مالیزی: لە زەلکاوی زەوییە نزمەکان یاخود لە دارستانی شاخەکاندا دەژی، ڕەنگی فەرووەکەی قاوەییەکی نزیک لە سوورە یاخود سپییەکی نزیک لە ڕەساسییە.
- مشکی خورمای بچووک: یاخود پێی دەوترێت مشکی خورمای باو، لە هەموو ناوچەکانی نیوە گۆی باکووری زەوی بڵاوبووەتەوە، ڕەنگەکەی بە گوێرەی ناوچەکەی دەگۆڕێت.
- مشکی خورمای سیبیری: ژمارەیەکی زۆری هەیە و لە هەموو ناوچەکانی کیشوەری ئاسیا بڵاوبووەتەوە.
- مشکی خورمای پشت هێڵدار: ئەم ناوەی هەیە چونکە ئەم جۆرە دوو هێڵی هەیە لە جەستەیدا، یەکێکیان زیوییە و لە سەرییەوە درێژ بووەتەوە هەتا کلکی، ئەوی تریان زەردە و لە سنگییەوە بۆ سکی درێژ دەبێتەوە، نشینگەکەشی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا.