بۆ مەلێکی تەریو - کاکەی فەلاح

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-27-21:55:00 - کۆدی بابەت: 8058
بۆ مەلێکی تەریو - کاکەی فەلاح

ناوه‌ڕۆك

بۆ مەلێکی تەریو

شاعیر: کاکەی فەلاح

بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح

شیعر: بۆ مەلێکی تەریو

ئەی بلبلی، بەهرە زلی، گەروو بچووکی نەغمە خۆش! 
ئەی باڵداری هونەرمەندی بەستە و ئاوازی پڕ لە جۆش! 

ئەی ئەو مەلەی کە سڵ ئەکەی لە گیاندارانی ڕووی زەوی
ڕاوکەر نیم داوی پڕ لە دان بنێمەوە تۆی تێ کەوی

فڕی هاتی نیشتیتەوە لەسەر لق و پۆپی دارێ
لە باخێکی نزیک منا، بەسەر بەری نەو بەهارێ

بە ئاواتی ژێر سێبەری حەسانەوەی پاش ماندوو بوون
تا وچانێ بدەی بە باڵ زاخاوێ بە ناخی دەروون

یان بە دەنووکی ئارام و ئاواتی گەش، بە سەربەستی
لەو سەر لق و پۆپی دارە هێلانەیەک هەڵببەستی

منیش لە نزیکی تۆوە، چاوم لە جێی پیرۆزت بوو
دەمەو بەیان و زەردەپەڕ، گوێم لە دەنگی بە سۆزت بوو

خۆزگەیەکم ئەهاتەدی: بۆ خۆت خەریکی خوێندنی
لە باخی ئەم ژیانەدا دڵخۆشی گوڵ بۆن کردنی

ئەم وت: ئۆخەی وا ئەو مەلە خەمی کۆنی بەبا ئەدا
تەمی دیلێتی ناو قەفەس لە توێی دەروونی لا ئەدا

کەچی داخەکەی داخانم بەردە وردەی دەستی هەواڵ
خۆی گەیاندە هێلانەکەو تۆش بۆی فڕی بە جووتە باڵ

یادێکی پڕ لە ناسۆرە ئەوەی بۆ من مابێتەوە
خەمی تەراندنی وەها هیچ تەمی ناڕەوێتەوە


سەرچاوەکان



370 بینین