خواست

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-03-28-13:57:00 - کۆدی بابەت: 8062
خواست

ناوه‌ڕۆك

خواست چییە؟

خواست (بە عەرەبی: الطلب، بە ئینگلیزی: Demand) بنەمایەکی ئابوورییە ئاماژە به خواستی بەکاربەر دەکات بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە نرخێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراو. خواست لە دوو توخم پێک دێت ئارەزوو و توانا، بە جۆرێک ئەگەر ئارەزووی شمەکێکت هەبێت بەڵام توانای کڕینیت نەبێت یان بە پێچەوانەوە بە خواست دانانرێت. بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی شمەک و خزمەتگوزارییەکان دەبێتە هۆی گۆڕان لە بڕی خواست، پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە لە نێوان نرخ و بڕی خواستدا. 

پەیوەندیی نێوان خواست و خستنەڕوو

خواست ئەو بڕەیە کە بەکاربەران دەیانەوێت بە نرخێکی دیاریکراو بیکڕن، خستنەڕوو ئەو بڕەیە کە بەرهەمهێنەرەکان پێشکەشی دەکەن، نرخی شمەک و خزمەتگوزاری لە بازاڕدا بە پێی خواست و خستنەڕوو دیاری دەکرێت. کاتێک خستنەڕوو زۆر بێت و خواست کەم بێت نرخ بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە بۆیە پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە لە نێوان خواست و خستنەڕوودا. 

جۆرەکانی خواست

لە بازرگانیدا پێویستە لە جۆرە جیاوازەکانی خواست تێبگەیت بۆ ئەوەی پێشبینی بکەیت چەند بەرهەمت پێویستە، تایبەتمەندییەکانی خواست وێنەیەک نیشان دەدەن کە چی بەرهەم بهێنیت کەی و بۆ کێی بەرهەم بهێنیت. 

حەوت جۆری سەرەکی خواست

خواستی هاوبەش

خواستی هاوبەش کاتێک ڕوودەدات کە خواست لەسەر دوو شمەک بێت کە بەیەکەوە بەکاردەهێنرێن وەک ئۆتۆمبێل و بەنزین، شەکر و چا. نرخیان کار لە خواست دەکات بۆ نموونە کاتێک نرخی بەنزین داببەزێت خواست لەسەر ئۆتۆمبێل زیاد دەکات و بە پێچەوانەشەوە. 

خواستی تێکەڵ

خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاریەکان کاتێک زیاتر لە یەک بەکارهێنانیان هەبێت زیاد دەکات، بۆ نموونە شیر لە بەرهەمهێنانی ماست و پەنیر و کەرە و چەندەها بابەتی تر بەکاردەهێنرێت.

خواستی کورت خایەن و درێژ خایەن

لە خواستی کورت خایەندا بەکاربەران ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان بە نرخێکی زیاتر لە ماوەیەکی کەمدا. لە خواستی درێژخایەندا بەکاربەران بیر لە کاڵا و خزمەتگوزارییە جێگرەوەکان دەکەنەوە لە بری ئەوەی بە نرخێکی زیاتر بیکڕن. 

خواستی نرخ

خواستی نرخ پەیوەستە بەو بڕەی کە بەکاربەر دەیەوێت لە بەرهەمێکی دیاریکراودا خەرجی بکات. بازرگانەکان دیاری دەکەن کە بەرهەمێکی نوێ پێویستە بە چی نرخێک بچێتە بازاڕەوە، بەکاربەرەکانیش لەسەر بنەمای تێگەیشتنیان لە بەهای ئەو بەرهەمانە دەیانکڕن. 

خواست لەسەر داهاتی بەکاربەر

کاتێک بەکاربەر داهاتی زیاد دەکات خواستیشی زیاد دەکات، کاتێک داهاتیان زیادی کرد خواستیان لەسەر شمەکی کوالێتی بەرز زیاد دەکات و شمەکی کوالێتی نزم بەکار ناهێنن.

خواستی کێبەرکێ

خواستی کێبەرکێ کاتێک ڕوو دەدات کە کاڵا و خزمەتگوزاری جێگرەوە هەبێت کە بەکاربەر دەتوانێت هەڵیبژێرێت، بۆ نموونە خواردنەوەی چا لە بری قاوە.

خواستی ڕاستەوخۆ

خواستی ڕاستەوخۆیە لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاری بەرهەم هاتوو، بۆ نموونە خواردن، جلوبەرگ، مۆبایل و ئۆتۆمبێل. خواست لەسەر شمەکێکی بەرهەم هاتوو دەبێتە هۆی خواست لەسەر کەرەستە خاوەکەیی لێی بەرهەم دەهێنرێت، بۆ نموونە خواست لەسەر خانوو لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی خواست لەسەر شیش، بلۆک، چیمەنتۆ و گەچ.


سەرچاوەکان



6097 بینین