لەیلا فەریقی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-03-15:54:00 - کۆدی بابەت: 8121
لەیلا فەریقی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لەیلا فەریقی هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی کوردە، لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و خوشکی هونەرمەند مەرزیە فەریقییە.

ژیاننامە

کاتێک منداڵ بووە باوکی بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە مردووە و دایکیشی لە جەنگی ئێران و عێراقدا کوژراوە. دوای ئەوان، برا گەورەکەی ئاگادارییان دەبێت و دەچن بۆ شاری سنە، لە سنە دەچێت بۆ خوێندنگەی سەرەتایی، لە ساڵی ١٩٩١دا دەینێرن بۆ وڵاتی سوید.

ژیانی هونەری

سەرەتا ھونەرمەند لەیلا فەریقی بە وتنەوەی گۆرانییەکانی (تایەر تۆفیق) دەستی بە گۆرانی وتن کرد، لە سوید یەکەم ئەلبوومی خۆی لە ساڵی ١٩٩٧ بە ناوی (ئەستێرە) بڵاو کردەوە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ بە ھاوکاری کۆمپانیای Sky Vision Production لە سوید ئەلبوومی سیاچەمانەی بەرھەمهێنا، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢ بە ھاوکاری ھەمان کۆمپانیا ئەلبوومی ئەوین و ئازاری بڵاوکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی خوشکی، لەیلا فەریقی ئەلبوومی گوێم لێگرن بڵاوکردەوەکە ئەو ئەلبوومە بوو بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی ساڵ، لەم ئەلبوومەدا گۆرانییەکی لەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگی میسری (عەلی حەجاز) بە زمانی کوردی و عەرەبی وتووە، ئەم گۆرانییە بووە ھۆی ئەوەی کە لەیلا فەریقی لە ناو نیشتیمانی عەرەبی ناوبانگێکی زۆر بۆخۆی پەیدا بکات، ھەروەھا لەیلا فەریقی لەناو گەلی فارسدا ناوبانگی ھەیە و کلیپ و ھەواڵەکانی لەیلا فەریقی لە کەناڵە فارسییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. دوای دابڕان بۆ ماوەیەکی درێژ، ساڵی ٢٠١٧ لەیلا فەریقی دووبارە گەڕایەوە بۆ درێژەدان بە کاری ھونەری بە وتنی گۆرانی (منیش لێرەم)، ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەلبوومێکی تازەی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (Echoes of the past)، دەربارە ئەو دابڕانە زۆرەی وتویەتی: "ڕاستییەكەی من تۆزێك تۆرابووم، لە جەماوەر و لە ئیشكردن. زۆرجار كە ئێمە ئیش دەكەین زەحمەتی زۆر دەكێشین، بەڵام كە كارەكە تەواو دەبێت‌، گوێگر بەپێی پێویست بایەخی پێنادات. ئەوە تۆزێک نیگەرانی كردم، بەڵام ئێستا كە گەڕاومەتەوە، بە خۆشیی جەماوەرەكەیە و لەگەڵیان ئاشتبوومەتەوە".

لەیلا فەریقی ناسناوی سەندرێلای شاشەی کوردی پێدراوە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی پێداوە وەرگرتنی ئەو ناسناوە بەهۆی جوانی و دەنگخۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکوو سەندرێلا لە ژیانیدا ناخۆشی و سەختی زۆری بینیوە، لەیلاش لە کارەکەیدا تووشی کێشەی زۆربووە، لەبەر ئەوە بووە کە بۆ یەکەمجار ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر ئەو ناسناوەی بە لەیلا فەریقی داوە، لەیلا دەربارەی ئەو سەختی و ناخۆشییانەی بینیویەتی وتوویەتی: "بەهۆی ئەوەی ئێمە وەكو كورد نەمانتوانیوە لە زۆر بواری هونەریدا ئیش بكەین، نەبوونی شوێنێكی ڕۆشنبیری، نەبوونی كۆمپانیایەك كە دەستمان بگرێت. ئێمە زەحمەتییەكی زۆر دەبینین تاكوو بەرهەمێك لەدایك دەبێت‌، بەڵام زۆر ئاسان و ئاسایی دێتە بەرچاو، مرۆڤەكان نازانن كە لە پشت ئەوەوە زۆر زەحمەت كێشراوە".

ئەلبوومەکان

  • (ئەستێرە) لە ساڵی١٩٩٧ بڵاوی کردەوە
  • (سیاچەمانە) لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاوی کردەوە
  • (ئەوین و ئازار) لە ساڵی ٢٠٠٢ بڵاوی کردەوە
  • (گوێم لێگرن) لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوی کردەوە
  • Echoes of the past لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوی کردەوە


سەرچاوەکان



1180 بینین