ناوهڕۆك
ناساندن
لەتیف ھەڵمەت (بە ئینگلیزی: latif halmat) نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردە، لە ساڵی ١٩٤٧ لە کەرکووک لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، زیاتر لە بیست دیوانی هۆنراوە و ١٧ بڵاوکراوەی بۆ منداڵان هەیە، ساڵی ٢٠٠٦ بەرھەمەکانی کۆکراوەتە کە دەکاتە ٥٠٠ لاپەڕە، ھەروەھا خەڵاتی (ئاپیک)ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە.
ژیاننامە
لەتیف هەڵمەت لە ماڵێکی ڕۆشنبیردا لەدایکبووە، هەر بەهەشت ساڵی لە مەجلیسەکانی باوکیدا عاشقی هۆنراوەی (حافزی شیرازی و سەعدی شیرازی و فەریدەدینی عەتار و جەلالەدینی ڕۆمی و خەیام و بێ دڵ و فیردەوسی و ئیبن عەرەبی) بووە.
باوکی ئەو هۆنراوانەی بۆ میوان و موریدەکانی دەخوێندەوە و دەیکردن بە کوردی و لەتیفیش گوێی لێدەگرت، دواتر خۆی سەوداسەری هۆنراوەی نوێی عەرەبی و ئەورووپی بووە، وەک (بەدر شاکر سەیاب و عەبدولوەهاب بەیاتی و بڵند حەیدەری و ئەدۆنیس و نزار قەبانی و مەحموود دەروێش و سەميح شەللی و بایرون و كيتس و مايکۆفسكی و نازم حیكمەت) و سەدان شاعیری دیکەی کۆن و نوێ.
لە ناوەندی شەستەکاندا لە بەرنامەکانی خوالێخۆشبوو (جەلالی میرزا کەریم) و (کاک عەبدوڵڵا عباس)ـدا لە وێستگەی کوردی بەغدادەوە هۆنراوەکانی بڵاو کردووەتەوە، هەروەها سوپاسی هەردووکیانی کردووە بەتایبەتی (عەبدوڵڵا عەباس) چونکە زۆرترین هۆنراوەکانی بڵاوکردووەتەوە و هۆنراوەکانی بەرز نرخاوندووە و نامەی جوانی بۆ نووسیوە، هەروەها پۆستی بەغداد گەیاندووەتە دەستی بۆ شاری کفری و تا ئێستاش نامەکانی لەلای لەتیف هەڵمەت ماون.
یەکەم بەرهەمی هۆنراوەی لە ساڵی 1969 لە گۆڤاری ڕزگاریدا کە لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە، یەکەم دیوانیشی بە ناونیشانی (خوا و شارەبچکۆلەکەمان) لە ساڵی 1970 چاپکردووە، یەکەم کتێبی منداڵانی لە ساڵی 1979 بە ناونیشانی ( جوانترین دێ) بڵاوکردووەتەوە، لەساڵی 1970 بووە بە ئەندامی یەکێتیی نووسەران.
ژیانی هونەری
لەدوای گۆرانی شاعیر، لەتیف هەڵمەت یەکێکە لە دەنگە دیار و بەرچاوەکانی مێژووی هۆنراوەی نوێی کوردی و لە ساڵانی حەفتاکانەوە بەشدارییەکی جددی و گرنگی لە ئەزموونی هۆنراوەی نوێی کوردیدا هەیە، یەکەمین کەسیشە پەخشانەهۆنراوەی نووسیوە. سەرەتای دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی ئەم شاعیرە، دەگەڕێتەوە بۆ دیوانە هۆنراوەییەکەی بە ناوی (خودا و شارە بچکۆلەکەم)، هۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت ئەوەندە توند بە ژیانییەوە گرێدراوە کە هۆنراوە و ژیانی بەجۆرێک ئاوێتەی یەکتریی بوون جیاکردنەوەیان مەحاڵە.
شێرکۆ بێکەس دەربارەی لەتیف هەڵمەت لە ڕۆژنامەی (ڕێبازی ئازادی)ـدا وتوویەتی: "تەمەننام دەکرد لە ساڵی حەفتاکاندا شێتییەکەی لەتیف هەڵمەتم هەبا". بۆ نموونە: لەتیف هەڵمەت لە حەفتاکانی سەدەی ٢٠دا، تازە ناوێکی بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، لەو کات و سەردەمەدا لەگەڵ (فەرهاد شاکەلی و ئەحمەد شاکەلی و سەلام محەممەد)دا بەیاننامەی گرووپی کفریی کەرکووکیان دەرکردووە.
ئەم بەیاننامەیە بۆ ئەوە بووە کە بتوانن ئازادانەتر و بەربڵاوانەتر سەرنج و بابەتی وەرگێڕدراو و نووسراوەکانیان بڵاوبکەنەوە، ئەوە بخەنەڕوو کە کولتووری کوردی دواکەوتووە و دەبێت تێبپەڕێنرێت و شۆڕشێکی پێشکەوتووانەی بەسەردا بکرێت. هێڵێکی ڕاست و چەپیان بەسەر کۆی کولتووری کوردیدا هێناوە، هۆنراوەیان بۆ هیچ سیاسییەک و سەرکردەیەکی سیاسی ناوخۆیی و جیهانی نەوتووە، لە هەڵوێستی ڕۆشنبیرییشیاندا، خۆیان نەداوەتە پاڵ هیچ حیزب و لایەنێکەوە.
هەست بە کەمیکردن
هەستکردن بە ناشرینی جەستە و باڵابچووکی، وای لە شاعیر کردوە لە هۆنراوەیەکیدا بنووسێت:
کچێ، نەکەی شەیدا و تینووی دیدار بی
کچێ نەکەی خەیاڵ بکەی دەستگیران و دڵدارم بی
من سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لات و زگار و غەمگینم
هەتا بڵیی لەڕ و سیس و ناشیرینم.
شاعیر لە لاوی و گەنجیدا دڵداریی نەکردووە، وەکوو خۆی لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت تەنیا دوورا و دوور بووە، هیچ بەرکەوتن و نزیکبوونەوەیەکی نەبووە. لە هۆنراوەیەکیدا دەنووسێت:
کچێکی جوان نییە
بمکا بە دەستگیران
بە ماچ لەگەڵما بدوێ
شەوانی بەفری زستان ڕووتبێتەوە لە ڕەشماڵی برینەکانما بخەوێ
دەبم بەساقەی کچێ
بۆ یەکەم جار خۆشمی دەوێ و دەمکا بە یار
ئەم تەنیایی و دوورەپەرێزییە، شاعیری خستووەتە قۆناغێکی نائارام و ناجێگیرەوە کە شەرم لە هەموو شت و کەسێک بکات، بەتایبەت ئەو بۆشاییەی کە خودی شاعیر تێیکەوتووە. دوورەپەرێزی لە ئافرەت لەم هۆنراوەیەیدا بە کۆمەکی نەست و لە قووڵایی نەستەوە دێتە گۆ و دەڵێت:
بەکەس نەڵێی، منم ئەوە
لە تەنیایی شەو ترساوم
دەرم نەکەی تۆ بەم شەوە
توڕەنەبی لە هاتنم
توخوا دایکت هەڵنەستێنی
دوایی دەمرم، زۆر شەرمنم.
ئەم ڕەنگدانەوەی دیاردەی شەرمە بە زەقی و زۆر بە ئاشکرا بە هۆنراوەکانییەوە دیارە، ئەوەندە شەرمن و تەنیا و بێتوانایە لە نەشکاندن و دەرنەچوونی ئەو کۆت و بازنەیە، ئەمە شاعیر دەخاتە دۆخ و قۆناغێکی ترەوە، خودئەڤینی. نەرجسییەت. شاعیر لە هۆنراوەیەکدا دەنووسێت:
پێش گشت کەسێ
من زمانی خۆشەویستیم دۆزییەوە
من من من من، هەر منیشم
هەر عاشقم هەتا مردن
ئەم گرێیە ڕۆژان و مانگ و ساڵان زیاتر لە ناخ و نەستی شاعیردا ڕەگدادەکوتن. ئەم نەگەشتن و بەرنەکەوتنەی شاعیر، وا لە شاعیر دەکەن، دونیابینییەکی توند و سادیزمیانەی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ هەبیت, لە کۆپلەیەکیدا دەنووسێت:
لەسەر هەموو مەمکێکدا
جێ ددانیک هەیە
ڕەنگە جێ ددانی من بێ
چونکە من ڕقم لە هەموو شتێکی خڕە.
یان لە شوێنێکی تردا کە شاعیر لە لووتکەی سادیزمییەوە دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێت:
شەوێک وەک پیاوە مرۆخۆرەکانی پێش مێژوو
بەزیندووێتی کەوڵت دەکەم
چەرمەکەت دەکەم بە پاڵتۆیەک بۆ خۆم
گۆشتەکەت بە چەنگاڵ دەخۆم
بە خوێنەکەت هۆنراوەیەکی سامناک دەنووسم
لە لوولاقەکانت چەند شمشاڵێک دروست دەکەم
بۆ ئەوەی هەرچەندە فووم پیاداکردن
گوێم لە بۆنی دەنگی گریانت بێت
بەرهەمە چاپکراوەکانی
هۆنراوە بە کوردی
- خوا و شارەبچکۆلەکەمان
- ئامادەبوون بۆ لەدایکبوونێکی تر
- پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە
- گەردەلوولی سپی
- ئەو نامانەی کە دایکم نایانخوێنێتەوە
- ئەو هۆنراوەیەی کە تەواو دەبێ و تەواو نابێ
- وشەی جوان گوڵە گوڵ
- سروودی هەژاران
- ئەم ڕووبارە وشک ناکات
- گورگەکانی لەتیف هەڵمەت
- بیابانێکی دڕندە نەماوە ئافرەت نەبێ
- ددانی پاشەڕۆژ وەکو ددانی جەنگ سپی یە
- دیوانی لەتیف هەڵمەت بەرگی یەک
- دیوانی لەتیف هەڵمەت بەرگی دوو
- دیوانی لەتیف هەڵمەت بەرگی سێ
- هۆنراوەی دژە هۆنراوە
- ئایەتە ونبۆکانی سەدەی بیست و یەک یا سوورەتی گەڕانەوە
- بۆ منداڵێتی
- هەور و دووناودوون کردنی دەقەکان یا سوورەتە بزر بووەکانی لەتیف هەڵمەت
- دارستان هەمیشە چاوەڕوانی گەڕانەوەی باڵندە ونبۆکانێتی
هۆنراوە عەرەبییەکانی
- المدن الحدیدیة
- شيخوخة كيلو باترا واطفال المطر
- تحولات الغيوم
لێکۆڵینەوەی وێژەیی
- هۆنراوە - خەنافس - تەنوورەی مینیجۆب
- ئەو وشانەی دڕ بە تاریکەشەو دەدەن
- سۆفی و سۆفیگەرێتی و کاریگەری هزر و ئیدی نائیسلامی
- لەسەر سۆفیگەرێتی ئیسلامی
- مێژووی سۆفیگەری و سۆفیگەرێتی لە مێژوودا
- لە دادایزمەوە تاوەکو سوریالیزم
- چۆن و چی بۆ مناڵ بنووسین
- جۆرەکانی نووسین بۆ مناڵان
هۆنراوە و چیرۆک بۆ مناڵان
- جوانترین دێ
- هێلانەیەکی تر
- دەنگخۆشترین مەل
- مناڵ و باران
- مناڵ و چۆلەکە
- مناڵ و بووکە شووشە
- چۆلەکەی سەر دارەکە
- گوڵی ناو ئینجانەکە
- گوێدرێژ و پادشا
- هەڵبژاردە بۆ مناڵ و بۆ گەورە
- پرسیار لە مناڵ
- کاتژمێر
- مشت و مڕی درەختەکان
- پشیلەیەک پاسکیل لێدەخوڕێ
- مانگ لە نێوانی هەزار و یەک ئەستێرەدا دەنوێ
- قصص كردية للاطفال بە زمانی عەرەبی
- دیوانی منداڵان بەرگی یەک
- دیوانی مناڵان بەرگی دوو
- کۆبەرهەمی مناڵان : ــ چوار جار چاپکراوە
- هەڵبژاردە بۆ منداڵ و بۆ گەورە
- چەندین کتێبی تریش
چیرۆک و شانۆنامە
- لاوانەوەی ئوور
- فەلەستین هەمیشە نیشتمانی غەسان کەنفانی یە
بابەتی وەرگێڕدراو لە عەرەبییەوە
- هۆنراوەئامێزی ئەورووپایی و دیکتاتۆرییەتی ڕۆح
- هەر حەوت بەیاننامەی داداییەکانە و کردوویەتی بەکوردی
- ئەم ژوورە هیچی تیا نیە ـ هەڵبژاردەی هۆنراوەی نوێی عەرەبی و جیهانی
- خوایە وەرە بۆ ئەمەریکا ـ هەڵبژاردەی هۆنراوەی نوێی عەرەبی و جیهانی
- مێینە هەر لەسەرەتاوەبوو ـ هۆنراوەی سعاد الصباح
- سەرم وەک مناڵێک لە کۆشیدا شاردەوە ـ هۆنراوەی نزار قەبانی
- هەڵەبجە ـ هۆنراوەی شاعیری ڕۆئاوای کوردستان طه خليل
- هەڵبژاردەیەک لەهۆنراوەی نزار قەبانی ـ هۆنراوەی نزار قەبانی
- قلوب من الزجاج ـ گوڵدەستەیەک هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردییە
- ناتالی سارۆت و هەڵچوونەکان و ڕۆمانی نوێ ـ بریتییە لە پێشەکییەک و چەند نموونەیەکی چیرۆکی دایکی ڕۆمانی نوێی جیهان ناتالی سارۆت.
- ڕۆمان ـ ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو - سێ جار چاپکراوە و دووجار کراوە بە فارسی جاری یەکەمیان شاعیر و نووسەر خاتوو سارا قوبادی. جاری دووەمیان مامۆستا فریاد شیری دانیشتووی تاران
شایانی باسە ئەم ڕۆمانە لەلایەن چەند نووسەری ناسراوەوە بەرز هەڵسەنگێنراون
لێکۆڵینەوە بەزمانی عە رەبی
- الخروج من الدوائر المربعة
سەدان دەق لە هۆنراوەکانی وەکوو کتێب یان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و هتد کراون بە عەرەبی و فارسی و تورکمانی و ئەڵمانی و ئینگلیزی و هۆڵەندی و سویدی و فەرەنسی
ئەو خەڵاتانەی وەریگرتووە
- خەڵاتی زێڕینی باوەگوڕ ــ لە کەرکووک
- خەڵاتی زێڕینی ابراهیم احمد ـــ بلە لە سلێمانی
- خەڵاتی ئاپیک ــ لە وڵاتی سوید بۆ مناڵان
- خەڵاتی قەڵغانی زێڕینی حزبی شیوعی کوردستان لەسلێمانی، ئەگەرچی وەکوو نوێنەری حزبەکەیان لەسەرشانۆکە وتی لەتیف هەڵمەت لەهەموو تەمەنیدا یەک خولەکیش ئەندامی حزبی شیوعی نەبووە
- چەند ڕێزلێنان و خەڵاتێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان
- چەند ڕێزلێنانێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان
- چەند ڕێزلێنانێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراقی فیدڕاڵ
- ڕێزلێنانی لە لایەن یەکێتی نووسەرانی عێراقی فیدڕاڵ بەهاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراقی فیدڕاڵ لە فیستڤاڵێکی دووڕۆژیدا لە بەغدا
- ڕێزلێنانی لەلایەن بەشی مناڵانی کەناڵی کوردسات و دەیان ڕێزلێنانی تریش کە ئەوەندە زۆرن بەئاسانی ناژمێردرێن...
- لە ساڵی 2011 بانگێشتی فیسستڤاڵی هۆنراوەی نیودەوڵەتی تاران کراوە کە لە تاران و شیراز سازکرا و چەند جارێک هۆنراوەی خوێندەوە
- دووبارە بانگهێشی فیستڤاڵی ئەدەبی دوای جەنگی منداڵان کرا و لە تەبرێز و تاران هۆنراوەی خوێندەوە و لە تاران کۆڕێکی تایبەتی بۆ کرا و چل پەنجا نووسەر و شاعیری ناوداری ئێران لەکۆڕەکەیدا ئامادەبوون و هۆنراوەەکانی ڕاستەوخۆ دەکران بە فارسی، لە ڕۆژنامەی یەسنادا بڵاو بوونەوە
- هونەرمەند و وەرگێڕی ناسراوی کورد موختار شوکری پوور کۆمەڵێک هۆنراوەی لە کتێبێکدا بە فارسی لە چاپداوە و فلیمێکی بەڵگەنامەیی ژیننامەی بۆ سازکردووە.