خستنەڕوو

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-07-02:13:00 - کۆدی بابەت: 8155
خستنەڕوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خستنەڕوو (بە عەرەبی: العرض، بە ئینگلیزی: Supply) لە ئابووریدا ئەو داهاتەی کە لەلایەن کۆمپانیاکان، بەرهەمهێنەرەکان، کرێکارەکان یان بریکارەکانی تری ئابووری ئامادەن و دەتوانن بەرهەمهێنان بکەن و بۆ بازاڕ یان بۆ تاکێک بیخەنەڕوو بە نرخێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراو بە پێی تێچووی بەرهەمهێنانی کاڵا یان خزمەتگوزارییەکە ئامادەن نرخی بۆ دابنێن و لە بازاڕدا بیفرۆشن. 

تێگەیشتن لە چەمکی خستنەڕوو

چەمکی خواست و خستنەڕوو لە ئابووریدا پەیوەندی تەواویان بەیەکەوە هەیە. هەر شمەک و خزمەتگوزارییەک شێوازی خواست و خستنەڕووی خۆی دەبێت لەسەر بنەمای نرخ و سوود و خواستی خەڵک بۆ ئەو شمەک و خزمەتگوزارییە، ئەگەر زۆری خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو هەبێت بەرهەمهێنەرەکان هەڵدەستن بە دابینکردن و خستنەڕووی زیاتر لە بازاڕدا و دانانی نرخێک بۆی. لەگەڵ زیادکردنی نرخەکەی خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاییەکە دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە بۆیە پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە لە نێوان بڕی خواست و خستنەڕوودا. بەشێوەیەکی نموونەیی بازاڕەکان دەگەنە دۆخی هاوسەنگی کە تێیدا خواست و خستنەڕوو لە بازاڕدا یەکسان بن و بە شێوەیەکی گشتی نرخەکان جێگیر دەبن.

هەندێک لەو هۆکارانەی کار لە خستنەڕوو دەکەن 

هەندێک هۆکاری گرنگ هەن کار لەسەر بڕی خستنەڕوو دەکەن گۆڕان لە هەر یەکێک لەو هۆکارانە دەبێتە هۆی گۆڕان لە بڕی خستنەڕوو.

نرخی کاڵای شوێنگرەوە 

بە گۆڕینی نرخی کاڵای شوێنگرەوە بە بەرزبوون یان نزمبوونی بە جۆرێک کە بەرزبوونی نرخی کاڵا شوێنگرەوەکان و مانەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکە بە جێگیری، هانی بەرهەمهێنەران دەدات بۆ زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانی کاڵا شوێنگرەوەکان، چونکە قازانجی زیاتریان پێدەدات لە بەرهەمهێنانی کاڵا بنەڕەتییەکە. بۆ نموونە بەرزبوونەوەی نرخی گەنم هانی جوتیارەکان دەدات زەویەکانیان بۆ گەنم بەکاربهێنن لە بری برنج

نرخی شمەک 

گرنگترین هۆکار کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بڕی خستنەڕوو هەیە نرخەکەیەتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان نرخی کاڵایەک و بڕی خستنەڕووی، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخدا چەندێتی بەرهەمهێنانی شمەک زیاد دەکات و زیاتر دەخرێتە بازاڕەوە و بە پێچەوانەشەوە، ئەمەش وا لە وەبەرهێنەران دەکات زیاتر قازانج بکەن. 

نرخی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان 

کاتێک نرخی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان زیاد دەکات و تێچووی بەرهەمهێنانی کاڵایەکی دیاریکراو زیاتر دەبێت قازانجی بەرهەمهێنەرەکانیش کەم دەکات بەمەش کەمتر بەرهەمدەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە و بە پێچەوانەشەوە، بۆ نموونە بەرهەمهێنانی ئایس کرێم پێویستی بە کرێم، شەکر، ئامێر و دەستی کار هەیە گوڕانکاری لە بڕی نرخی هەریەکێکیان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە بڕی خستنەڕوودا.

گۆڕانی تەکنەلۆجی 

گۆڕانی تەکنەلۆجی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خستنەڕووی کاڵا هەیە، پەرەسەندن و باشتربوونی تەکنەلۆجی نرخی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی قازانج، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنەرەکان و فرۆشیارەکان خستنەڕوو زیادبکەن. هەروەها تەکنەلۆجیای ئاڵۆز و خراپ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەم ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خستنەڕوو. 

سیاسەتی حکوومەت (سیاسەتی باج) 

زیادکردنی باج لەلایەن حکوومەتەوە تێچووی بەرهەمهێنان بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قازانج و خستنەڕوو کەمدەبێتەوە. لەلایەکی ترەوە پێدانی باج و کەمکردنەوەی و هاوکاریکردن لەلایەن حوکمەتەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنەرەکان زیاتر قازانج بکەن و خستنەڕوو زیاتر بێت.

کات 

کات کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خستنەڕووی کاڵایەکی دیاریکراو هەیە بە جۆرێک کە هەندێک کاڵا پێویستی بە کاتی جیاوازە بۆ بەرهەمهێنان، هەندێکیان پێویستیان بە کاتی درێژە وەک گەنم و هەندێکیان پێویستیان بە کاتی کەمترە وەک کاڵای سادەی پیشەسازی.


سەرچاوەکان



3397 بینین