لە هەوای خۆشەویستیدا (٢٠٠٠)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-10-17:18:00 - کۆدی بابەت: 8202
لە هەوای خۆشەویستیدا (٢٠٠٠)

ناوه‌ڕۆك

چیرۆک

لە هۆنگ کۆنگ، ساڵی ١٩٦٢، دوو دراوسێ کە یەکێکیان پیاوێکە و لە ڕۆژنامەیەکدا کاردەکات، ئەوی تریشیان خانمێکە ئیشەکەی لە فەرمانگەیەکدایە. لەبارودۆخێکدا پەیوەندییەکی سەیر و ناجۆر پێکەوەیان دەبەستێتەوە سەرەڕای ئەوەی ژیانی هاوسەریان پێکهێناوە.

دەربارە

فیلمی لە هەوای عەشقدا (In the mood for love - 2000) فیلمێکی درامیی ڕۆمانسییە، بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٠، لە دەرهێنان  و بەرهەمهێنانی دەرهێنەری چینی (وۆنگ کار وای)یە، پاڵێوراوی ٥١ خەڵاتە و توانیویەتی ٤٦ خەڵات بباتەوە، لە ماڵپەڕی IMdb کە تایبەتە بە دەنگدان بە فیلم و زنجیرەکان نمرەی 8.1\10 وەرگرتووە لە ڕیزبەندی ٢٣٥م دێت لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو، ئەم فیلمە لە (هۆنگ کۆنگ) بەرهەمهێنراوە و بە ناوازەترین فیلمی وۆنگ دادەنرێت لە ڕووی ناوەڕۆک و تەکنیک و مۆسیقا و نەریتی وڵاتەکەیەوە، هەروەها بە یەکێک لە جوانترین فیلمی چیرۆکە هەستبزوێنەکان هەژمارکراوە.
نوادنکارانی بە توانا (تۆنی لیونگ) لە ڕۆڵی (چۆو مۆ وان) و (ماگی چیونگ) لە ڕۆڵی (سوو لی ژێن) ڕۆڵیان تێدا بینیوە، کە ئەم دوو نواندنکارە و (وۆنگ کار وای) وەک سیانەیەکی دانەبڕاو دەردەکەون و چەند فیلمێکی تریشیان پێکەوە بەرهەمهێناوە.
ئەم فیلمە سەرەڕای ئەوەی کە کەشێکی هێمن و بێدەنگ و ڕۆمانسی هەیە، بەڵام هەستێکی تایبەت لەلای بینەر بەجێدەهێڵیت، مۆسیقا و ڕەنگ لەم فیلمەدا تەنها وەکوو کاریگەرێکی تایبەت بەکارنەهاتوون، بەڵکوو دەتوانرێت بووترێت وەک کەسایەتییەک ڕۆڵی خۆیان هەیە لە فیلمەکەدا، مۆسیقا لەجێی هەموو ئەو قسە و دەردەڵە نەوتراوانەی کە کەسایەتییەکان ناتوانن دەری ببڕن دێتەگۆ.
ئافرەتێک و پیاوێک کە بۆیان دەردەکەوێت هاوسەرەکانیان ناپاکیان کردووە، هەریەکەیان بە جۆرێک ئازار دەچێژن، هەوڵ دەدەن بەیەکەوە بزانن بۆچی و کەی هاوسەرەکانیان ناپاکیان لێکردوون، کەموکورتیان چی بووە، لە کوێدا هەڵەیان کردووە، لەم نێوەندەدا کە چەند جارێک وەک دوو هاودەرد بەیەکەوە کۆدەبنەوە، عەشقێک دروست دەبێت لە نێوانیاندا، کە نازانرێت ئەم عەشقە ئەنجامی ئازار و تەنهاییەکەیانە، یان هەستێکی عاشقانەیە و هۆکاری دروستبوونی نییە، لەم بارودۆخەدا دەبێت یان بڕیار بدەن ئەوانیش هەمان کاری هاوسەرەکانیان بەرامبەریان بکەنەوە و ناپاکی بکەن، یان جیاببنەوە.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • نوادنکار ماگی چیونگ لە هەر دیمەنێکدا درێسێکی جیاوازی چیۆنگسام لەبەر دەکات، کە تاکوو دیمەنی کۆتایی تێکڕای ٤٦ درێسی گۆڕیوە.
  • ئامادەکردنی قژ و ئارایشتی ماگی چیونگ ڕۆژانە ٥ کاتژمێری خایاندووە.
  • بیرۆکەی سەرەکی فیلمەکە لە کورتەفیلمێکی ژاپۆنییەوە وەرگیراوە، کە ئەم کورتەفیلمە جەختی لەسەر دوو کەسایەتی کردووەتەوە کە هەندێکجار بەیەکەوە لە پلیکانەڕێیەکدا پیاسە دەکەن، بەڵام هیچ قسەیەک بەیەکەوە ناکەن.
  • ژمارەی ژووری هۆتێلەکەی کە کەسایەتی (چۆو مۆ وان) تیایدا دەمێنێتەوە بریتییە لە ٢٠٤٦، کە فیلمی دواتری (وۆنگ کار وای) بە ڕۆڵگێڕانی (تۆنی لیونگ) ناوی ٢٠٤٦ بوو و لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوی کردەوە.
  • ماوەی وێنەگرتنی فیلمەکە ١٥ مانگی خایاندووە.
  • دەرهێنەری مەکسیکی (ئەلێهاندرۆ گۆنسالێس ئینیاریتوو) باسی لەوە کردووە کە کاتێک لە فیستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵی  ٢٠٠٠ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بینەری فیلمی لە هەوای عەشقدا بوون، دوای چوونە دەرەوەیان بۆ ماوەی ١٠ خولەک بە بێدەنگی پیاسەیان کردووە، لەناکاو لەنزیک دەریایەکدا وەستاون، هاوسەرەکەی لە باوەشی کردووە و دەستی کردووە بە گریان لەسەر شانی، ئەلێهاندرۆش بە هەمان شێوە دەستی کردووە بە گریان، هەروەها وتویەتی کە فیلمەکە ئەوانی بە بێدەنگی هێشتۆتەوە و هەستێكی قووڵی بۆ دروست کردوون، لەو ساتەدا زانیویەتی کە بۆچی ویستوویەتی ببێت بە فیلمساز.


سەرچاوەکان



389 بینین