یاسەمین سەبڕی

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-04-13-00:59:00 - کۆدی بابەت: 8231
یاسەمین سەبڕی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

یاسەمین سەبڕی، یاسەمین سەبری یان یاسەمین صەبری ناوی تەواوی یاسەمین ئەشرەف سەبری (بە ئینگلیزی: Yasmine Ashraf Sabri، بە عەرەبی: ياسمين أشرف صبري) دیارترین و ناودارترین ئەکتەری میسڕییە، لە ساڵی ٢٠١٧ دا بە یەکێک لە جوانترین ڕووخسارەکانی جیهان لەناو لیستی ١٠٠ جوانترین ڕووخساری جیهاندا دیاریکرا و یەکەمین هونەرمەندی میسڕییە کە لەناو لیستەکەدا ناوی هەبووبێت. لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ لە ئەسکەندەرییەی میسڕ لەدایکبووە. باوکی لە یەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی ئەسکەندەرییە پزیشک بووە و دایکی ئەندازیاری جوانکاری و پاڵەوانی مەلەوانیی ئەفریقا بووە. یاسەمین لە نێوان پێنج منداڵدا، منداڵی سێیەمی خێزانەکەی بووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە قوتابخانەکانی ئەسکەندەرییە خوێندووە، پاشان چووەتە زانکۆ و لە کۆلێجی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەسکەندەرییە لە بەشی ڕۆژنامەوانی و پەیوەندییە گشتییەکاندا خوێندوویەتی. 
یاسەمین درکی بەوە کردبوو کە خاوەنی چەندین بەهرەیە و خولیایەکی زۆریشی بۆ کاری هونەری و نواندن و ڕاگەیاندن هەیە، هەروەک چۆن خۆشەویستییەکی زۆری بۆ وەرزش و مەلەوانیی و یۆگا هەبوو. لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی کردووە بە مەلەوانیی و بووە بە خاوەنی چەندین مەدالیای ئاڵتوونی و نازناوی پاڵەوانێتی لە وەرزشی مەلەوانیی میسڕیدا بەدەست هێناوە. پێش چوونە ناو دنیای نمایش لە ساڵی ٢٠١٢دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٥ دا بۆ یەکەمین جار ناوی هاوسەرەکەی و هاوسەرگیرییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد. لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ محەمەدی هاوژینی دوای پێنج ساڵ لە هاوژینیی جیابوونەتەوە. دواتر لە نیسانی ٢٠٢٠ دا هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوە بازرگان ئەحمەد ئەبو هەشیمە (أحمد ابو هشیمة)دا کردووە.

کارەکانی

یاسەمین لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا وەک بێژەر لە یەکێک لە کەناڵە میسڕییەکاندا کاری کردووە هەروەها لە ساڵی٢٠١٣ دەستی بە کاری نواندن کردووە. یەکەمین کاری بۆ بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی (هەنگاوەکانی شەیتان، بە عەرەبی: خطوات الشیطان) بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە زنجیرەی (جبل الحلال)یشدا بە نواندنی صەفی ڕۆڵگێرانی کردووە. دواتر لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی کارکردندا لە بواری ڕاگەیاندندا پەیوەندی بەست و داوای لێکرا کە وەک مۆدێل بۆ یەکێک لە ڕیکلامەکان دەربکەوێت و بڕیاریدا کە داواکاری کۆمپانیاکە ڕازیبکات و دواجار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەکو مۆدێلی ڕیکلامەکان دەرکەوت. هەروەها بواری ئەوەی بۆ ڕەخسا کە یاریدەدەری دەرهێنەری بەرنامەی هەنگاوەکانی شەیتان (خطوات الشیطان) بناسێت و هەڵبژێردرێت بۆ کارکردن لەو بەرنامەیەدا لەگەڵ بانگخوازی ئیسلامی “معز مسعود” و دەرهێنەر “عادل ادیب” دا. پاشان بۆ دابەشکردنی ڕۆڵبینینەکان لە بەرنامەکەدا سەردانی قاهیرەی کردوو و ڕۆڵی پاڵەوانی بەرنامەکەی وەرگرت کە کچێکی باڵاپۆش بوو بەناوی ڕەشا و بەرنامەکە لە ڕەمەزانی ٢٠١٣ پەخش کرا.
یاسمین لە یەکەمین نواندنەکانییدا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد بەجۆرێک ببووە باسی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و بە جوانترین ڕووخساری کچە نواندنکارە نوێیەکان بۆ دراماکانی ڕەمەزان ناوزەند کرا. دواتر لە زنجیرەی “ڕێگاکەم” (طریقي) لەگەڵ ئەستێرەی دیاری میسڕی شیرین عەبدولوەهاب و لە زنجیرەی “الأسطورة” لەگەڵ محەمەد رەمەزان و زنجیرەی “ئەسپی ڕەش” (الحصان الأسود) لەگەڵ ئەحمەد سەققا دەرکەوتووە و کاری کردووە و ئەمانەش بوونە هۆی کرانەوەی ڕێگەکەی و هاتنە پێشی چەندین بواری تری کارکردن بۆ زنجیرەکانی ڕەمەزان بەتایبەت ڕەمەزانی ٢٠١٩ کە بۆ یەکەمین جار ڕۆڵی پاڵەوانی زنجیرەکەی وەرگرت.

زنجیرە و فیلمەکانی

فیلم

فیلم ڕۆڵبینین ساڵی بەرهەمهێنان
جحیم في الهند دينا ٢٠١٦
لیلة هنا و سرور هەنا ٢٠١٨
الدیزل دنیا ٢٠١٨

زنجیرە

ڕۆڵبینین ناوی زنجیرە ساڵی بەرهەمهێنان
ڕەشا خطوات الشیطان (هەنگاوەکانی شەیتان) ٢٠١٣
سافی جبل الحلال ٢٠١٤
سارە شطرنج (ج1) و (ج2) ٢٠١٥
نادیە طریقي (ڕێگاکەم) ٢٠١٥
  ذهاب وعودة ٢٠١٥
  الصعلوك ٢٠١٥
  ارض النعام ٢٠١٥
  اسرار (نهێنییەکان) ٢٠١٥
تەمارە الأسطورة ٢٠١٥
حەسناء الحصان الأسود ٢٠١٧
داليدا حکایتي (چیرۆکەکەم) ٢٠١٩
مەلەک فرصة الثانیة (هەلی دووەم) ٢٠٢٠

دەستکەوت و ڕیکلامە بازرگانییەکانی

- لە ساڵی ٢٠١٧ دا، یاسەمین سەبڕی ناوی چووە لیستی ١٠٠ جوانترین ئافرەتەکانی جیهان.

- بووە ڕووخساری ڕیکلام بۆ کۆمپانیای کارتێری فەڕەنسی (بە فەڕەنسی: Cartier)ـی تایبەت بە خشڵ و بووە یەکەمین عەرەب لە مێژووی کۆمپانیای کارتێردا کە وەک ڕووخساری ڕیکلام کاریان بۆ بکات.

- وەک مۆدێل بۆ کۆمپانیایی (Lens Me) عەدەسەی چاو کاری کردووە و لە ئایاری ٢٠١٩ دا کۆمەڵێک عەدەسەی تایبەت بە خۆیی دروستکرد بەناوی کۆمەڵەی یاسەمین. 

- لە نیسانی ٢٠١٩ دا، وەک باڵیۆزی ژنانی ئەفریقا دامەزرا.

- بووە بەرگی گۆڤاری “فوج”ـی جیهانی بە لەبەرگیراوەی عەرەبییەکەی، بۆ مانگی حەوت و هەشتی (تەمووز و ئاب)ـی ٢٠١٩ و وێنەکانی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گرت. بەو هۆیەوە بووە یەکەمین ئەستێرەی میسڕی کە ببێتە بەرگی گۆڤارێکی ناودار.


سەرچاوەکان



542 بینین