پەیوەند جاف

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-19-18:04:00 - کۆدی بابەت: 8317
پەیوەند جاف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەند جاف (بە ئینگلیزی: Paiwand jaff) لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، لە شاری سلێمانی گەورەبووە، کوڕی بنەماڵەی بەگزادەی جافی هەڵەبجەیە، (عادیلە خانم) داپیرە گەورەیەتی و (تایەر بەگ) و (ئەحمەد موختار جاف)ـی شاعیر خاڵی باوکی پەیوەندن.

ژیانی هونەری

زۆربەی ژیانی منداڵی پەیوەند لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی بووە، دواتر چوونەتە گەڕەکی سەرکارێز، پاشان چوونەتە لای گۆزەکە و لە قوتابخانەی (ڕۆژهەڵات) خوێندوویەتی، هەر لە تەمەنی ١٠ ساڵانەوە ئارەزووی لە گۆرانی وتن بووە و گۆرانی وتوە، زۆرجار لە قوتابخانە سروودی نیشتیمانی وتوە، هونەرمەند (شەماڵ سائیب) لە میوانییەکدا پەیوەند و باوکی دەبینێت، ئەوکات خەریکی بەرهەمهێنانی گۆرانی (ئەرێ لەیلێ) بووە، هەست دەکات کە پەیوەند بەهرەیەکی تایبەتی گۆرانی وتنی هەیە، بۆیە داوا لە باوکی پەیوەند دەکات کە ڕۆژی تۆمارکردنی گۆرانییەکە پەیوەند ببات بۆ شوێنی تۆماکردنەکە، تاکوو لە نزیکەوە بینەری چۆنیەتی گۆرانی وتن بێت و شارەزایی پەیدا بکات، ئەمەش وەک سەرەتایەکی گرنگ بووە بۆ ژیانی هونەری پەیوەند.

پەیوەند سەرسامی هونەرمەندان (حەمە جەزا، ئیبراهیم خەیات، کەریم کابان، حەسەن گەرمیانی) بووە و هەمیشە حەزی کردووە لێیان نزیک ببێتەوە، تاکوو سوود لە ئەزموونی هونەری ئەوان وەربگرێت، چونکە هیچ قوتابخانەیەکی هونەری نەخوێندووە، هەروەها هیچ مامۆستایەکی نەبووە تاکوو فێری کاری هونەری بکات.

زیاتر حەزی لە مەقام بووە و سوودی لە گوێگرتن لە دەنگی هونەرمەندی فارس (گۆلپایگانی) وەرگرتووە و حەزی لە دەنگی بووە، 

ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای دەشتی کاری کردووە، یەکەم گۆرانی لەسەر شانۆ لە نادی سەڵاحەدین لە شاری بەغداد وتوە، یەکەم گۆرانی تۆمارکراوەی پەیوەند گۆرانی (ئاخۆ کەی دێ) لە هۆنراوەی (عوسمان جاف) و ئاوازی پەیوەند خۆی بووە.

لە ساڵی ١٩٩٣ ڕووی لە دەرەوەی وڵات کردووە، بۆ ماوەیەک لە گۆرانی وتن دابڕاوە و لە ساڵی ١٩٩٦ لە تەلەفزیۆنی (مێد تیڤی) دەستی بە تۆماکردنی گۆرانی کردەوە، کە ئەو چەند گۆرانییەی ئەوکاتە تۆماری کرد بە تەواوی چووە دڵی خەڵکەوە، یەکێک لەو بەرهەمانەش مەقامی (دەروازەی ڕووتم لێ کلیل مەدە)بوو. پەیوەند لەگەڵ شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە، وەک خۆی دەڵێت (ئێمە وەک کوڕ و باوک وابووین)، هەروەها پەیوەند هاوسەرگیری لەگەڵ کچی شێرکۆ بێکەسدا کردووە.


سەرچاوەکان



820 بینین