کەریم کابان

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-19-00:24:00 - کۆدی بابەت: 7633
کەریم کابان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەریم کابان (بە ئینگلیزی: Karim Kaban) ناوی تەواوی عەبدولکەریم جەلال مەحموودە. هونەرمەندێکی دیار و بەناوبانگی کوردە و خاوەنی دەیان بەرهەمی هونەرییە و یەکێکە لە دەنگە ڕەسەنەکانی ئاوازی کوردیی.

ژیان

ناوی تەواوی عەبدولكەریم جەلال مەحموودە و لە ١٩٢٧/٢/٢٤ لە گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایكبووە. نازناوی كابان، بۆ دایە گەورەی خانەوادەكەیان دەگەڕێتەوە، كە ژنێكی خانەدان و خاوەن دیوەخان بووە،  لەبەر لێهاتوویی ئەم خاتوونە بە كابان ناو براوە، دایكی ناوی حەلاوە عەلیـیە. پیشەی باوكی چایچی بووە، لە پاڵیشیدا دەفژەنێكی كارامە بووە و بەشداری زۆرێك لە مەولوودنامەكان و سروودە ئاینییەكانی كردووە، کەسێکی دەنگخۆشیش بووە. كەریم كابان، خاوەنی سێ‌ برا و سێ‌ خوشكە.

كەریم كابان دووجار ژیانی هاوسەری پێك هێناوە، یەكەم هاوسەری ناوی سەبری خانـە و خەڵكی شارۆكەی ڕەواندز بووە، تەنیا كچێكی لەم هاوسەرەی هەیە بەناوی نوخشە، بەڵام ماوەی ژیانی هاوسەرییان زۆر نابات و لێك جیا دەبنەوە. سەر لە نوێ‌ لە ١٩٥٥/٩/٥ لەگەڵ خاڵۆزاکەی کە ناوی (ئایشە خان)ـە ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێتەوە، لە ئایشە خان خاوەنی سێ‌ كوڕ و دوو كچە.

ئەو هونەرمەندە كاتێك لە قوتابخانەی فەیسەڵییە بووە، لەبەر دەنگخۆشی خراوەتە تیپی سروودی قوتابخانە، بەشداری سەرجەم چالاكییە هونەرییەكانی قوتابخانەی كردووە و زۆر جار لە گۆڕەپانی قوتابخانە هێنراوەتە دەرەوە و سروودە نیشتمانییەكانی چڕیوە. دوای قۆناغی سەرەتایی بەردەوام بووە لە خوێندن و ساڵی ١٩٤٢ چووەتە قۆناغی ناوەندی. لە ساڵی ١٩٤٥ كاتێك تەمەنی دەگاتە كاتی سەربازی، لەبری چوون بۆ ئەو خزمەتەی سوپا، چووەتە بەغداد و لەوێ بەشداریی خولێكی كاری بێ تەلی كردووە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەشی بێ تەل، هەر لەو سەردەمەشدا پەیوەندی بە ئێزگەی بەغداوە كردووە و یەكەمین گۆرانی خۆی تۆماركردووە و بڵاویكردۆتەوە. پاش تەواوكردنی خولەكە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی پێویستیان بە شارەزایی و خزمەتی هەیە و بۆ ئەمەش دەنێردرێتە دینارتە لە سنووری ئاكرێ، پاش ئەوە بە ماوەیەك دەگوازرێتەوە بۆ دیانە و دواتریش بۆ ڕەواندوز و بەهۆی حەزی خۆیەوە لەو شوێنانە فێری دیالێكتی كرمانجی ژووروو دەبێت.

کارکردنی وەک کارمەندی بێ تەل

پاش ئەوە ساڵی ١٩٥٦ دەگوازرێتەوە بۆ شیوەكەڵی سنووری شارباژێڕ و لەوێ لە بنکەی سنووری دەبێت بە بێ تەل. پاش دوو سێ ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ شاری ڕانیە و لەوێ لە بنکەی ڕانیە دەبێتە بێ تەل.

لە ڕانیە پێوەندی بە ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لەگەڵ هاوڕێكانیدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت، هەم لە گەیاندنی هەواڵی جموجوڵی هێزەكانی حكوومەتی ئەو سەردەمەی عێراق بە پارتی و شۆڕش، هەم لە گرتنی سەرای ڕانیەشدا، لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال لە كتێبەكەیدا "خوارووی كوردستان و شۆڕشی ئەیلول، بنیاتنان و هەڵتەكاندن ١٩٦١ - ١٩٧٥" لە لاپەڕە ٩٤دا دەڵێت: "5/9/1962 سەعات 11ی شەو بە راوێژ لەگەڵ عەریف رفیق و مەلا عەبدوڵڵای بێ سیم و فەریق كەریم كابانی بێ سیم چوینە سەر سەرا و دەرگا كرایەوە و بە یارمەتی پۆلیسە كوردەكان دەست بەسەر هەموو سەرادا گیرا.. پاشان دەڵێ: مەلا عەبدوڵلا و كەریم كابان و دوو پۆلیسی عەرەبمان لەسەر بێ سیمەكان دانا بۆ پەیوەندی بەردەوام بە دەوڵەتەوە…. تەواو."

لەو ماوەیەدا كەریم كابان بەهۆی كردنەوەی کۆدێکی ڕژێمەوە سەركردایەتی شۆڕشی لە تیاچوونی دڵنیایی ڕزگار كردووە و پاش ئەوەی ڕوون بووەتەوە ڕژێم دەیەوێت شوێنی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی شۆڕش كە بڕیاربووە بە سەرپەرشتی مستەفا بارزانی بێت، بۆردمان بكات. کەریم کابان شۆڕشی لەو نیازە ئاگادار كردووەتەوە و بەرپرسانیش شوێنی كۆبوونەوەكەیان گواستۆتەوە و ڕژێمیش لە سات و كاتی دیاریكراودا بۆردمانەكەی ئەنجامداوە. دوای ئەوەشی ئاشکرا دەبێت و بەهۆی ئەوەشی برایەکی (قادر کابان) پێشمەرگە بووە دووردەخرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ بەغداد و ماوەی شەش مانگ لەوێ دەبێت، دواتر بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو دەگوازرێتەوە بۆ شاری ناسڕیە و لەوێ دوو کچی گیان لەدەست دەدەن و لەوێش دەنێژرێن. دواتر دەنێردرێتە دیوانیە و كچە گەورەكەی و هەردوو كوڕەكەی لە ناسڕیە و دیوانیە خوێندنی سەرەتایی دەخوێنن.

كەریم كابان لە سەرەتای ١٩٦٩دا دەگوازرێتەوە بۆ شاری سلێمانی. پاش بەیانی ئازاری ١٩٧٠ بە بیانووی پەیوەندی بە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتیەوە، دووردەخرێتەوە بۆ شاری ڕومادی و ماوەی حەوت مانگ لەوێ دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی. لەو ماوەیەدا پلەی بەرزدەکرێتەوە و دەبێت بە مفەوەزی ٣ ئەستێرەی قوڕگ و بە بڕیارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی عێراق دەبێتە بریكاری ئەفسەری بێ تەل لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی. لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان، بیری ئاوازدانانی پەرەی سەند و ئاوازەكانی وەرچەرخانێكی مێژوویی بوون بە بەراورد بەو ئاوازە میللی و فلكلۆرییانەی، كە ئەوكات باو بوونە.

لە سەرەتای حەفتاكان ئاوازە بەناوبانگەكەی (درزی پەچە) دادەنێت و پێشكەشی هونەرمەند قادر كابانی برای دەكات. لە ساڵی ١٩٧٤ پێوەندی بە تیپی موزیكی شۆڕشەوە دەكات و لەگەڵیاندا گۆرانیی (یاران وەسیەتم و شەو) لە گوندی وەسانێی دۆڵی باڵەكایەتی تۆمار دەكات. لە هەمان کات لە ناوپردان دەبێتە بێ تەلی شۆڕش. لە ١٩٧٤/٩/١١ لە یادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو دوو بەرهەمەی لە ڕێگەی ئێزگەی دەنگی كوردستان لە عێراق بڵاو دەكاتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٥ لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، بووەتە ئەندامی تیپی موزیكی سلێمانی و تا دوا ساتەكانی تەمەنیشی هەر ئەندام بووە. هەمان ساڵ دەگەڕێتەوە و ڕژێم لە كاری پۆلیسییەوە دەیگوازێتەوە بۆ كاری مەدەنی و دەینێرێتە شاری نەجەف لە بەڕێوبەرایەتیی كارەبای نەجەف دەستبەكار دەبێت.

ساڵی ١٩٨١ قادر کابانی هونەرمەند و پێشمەرگەی برای دوای دەستگیرکردنی لەسێدارە دەدرێت.

باری تەندروستی

هونەرمەند كەریم كابان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێکەوتی ٢٠١٥/١٢/٣٠ کاتژمێر پێنجی بەیانی، لە ماڵەكەی خۆیدا هەڵدەستێت لە خەو و لە ژووری چێشتلێنانەكەیان بەردەبێتەوە و تووشی ڕووداوێك دەبێت و بەهۆیەوە ڕانی ڕاستی دەشكێت و بەپەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و نەشتەرکارییەکی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دواتر چەند ڕۆژێك تەندروستی ناجێگیر دەبێت.

کۆچی دوایی

ئەو هونەرمەندە، کاتژمێر پێنج و ٢٠ خولەکی ڕۆژی ٢٠١٦/١/١٤، کۆچی دوایی کرد.

یادەکانی دوای کۆچ

بەڵگە فیلمێک بە ناوی تەمەن لە سەر ژیانی کەریم کابان دروست کراوە، کەریم کابان کەمترین گۆرانی هەیە بەڵام ئەرشیڤێکی پڕ هەوادار و یادگاری هەیە.

بەرهەمەکانی

هونەرمەند تەنیا ٢٠ گۆرانی تۆمار کردووە، لە بەناوبانگترینیان:

  1. یاران وەسیەتم
  2. خەنەبەندان
  3. بێدارانی شەو
  4. پرسیار
  5. شەمی شەوان
  6. تەمەن
  7. چۆن خۆشم ویستی
  8. دوور وڵات
  9. یار جوانێ
  10. هاوار لێ
  11. خونچە
  12. کاڵێ
  13. دڵی گیرۆدە
  14. نزیکتر لە گوڵ
  15. بێ وەفاییم کرد


سەرچاوەکان



1249 بینین