زانکۆی هەولێری پزیشکی 

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-19-23:21:00 - کۆدی بابەت: 8327
زانکۆی هەولێری پزیشکی 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی پزیشکیی هەولێر، (ناوی فەرمیی زانکۆ: زانکۆی هەولێری پزیشکی) (بە ئینگلیزی: Hawler Medical University (HMU)) (بە عەرەبی: جامعة هولير الطبية) زانکۆیەکی حکوومییە و دەکەوێتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە تەممووزی ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزاروە. پێش ساڵی ٢٠٠٥ چوار کۆلێجی پزیشکی ھەبوون کە لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدینەوە بەڕێوە دەبران. ئەم زانکۆیە بۆ چاودێریکردنی ئەم چوار کۆلێجە پزیشکییە و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی پەروەردەی پزیشکی و سیستەمی تەندروستی دامەزرا. زانکۆی پزیشکیی هەولێر یەکەمین زانکۆی پزیشکییە لە هەرێمی کوردستان و خوێندنی زانکۆ و دوای زانکۆ بە بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لە زۆر بوای پزیشکی و تەندروستی دەستەبەر دەکات. لە ئێستادا زانکۆیەکە لە پێنج کۆلێج پێکهاتووە، کە بریتین لە، کولێجی پزیشکی، کۆلێجی ددانسازی، کۆلێجی دەرمانسازی، کۆلێجی پەرستاری و کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان.

زانیارییەکان

ساڵی دامەزراندن ٢٠٠٥
سەرۆکی زانکۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر نوردەین ئسماعیل عەلا وەردی
جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان یاریدەری پڕۆفیسۆر دکتۆر کاروان محەمەد ئەمین
جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕی یاریدەری پڕۆفیسۆر دکتۆر هاوڕی موستەفا بەکر
جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی یاریدەری پڕۆفیسۆر دکتۆر نزار پولس شابیلە 
شوێن پارێزگای هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق
وێبسایت hmu.edu.krd 

کەمپەکانی زانکۆ

زانکۆی پزیشکیی هەولێر لە دوو کەمپی سەرەکی پێکهاتووە و هەردووکیان دەکەونە ناوشاری هەولێرەوە، کەمپی کۆلێجی پزیشکی، کۆلێجی ددانسازی و کۆلێجی پەرستاری کە دەکەوێتە شەقامی ٦٠ مەتریی هەولێر و نریک نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر، لەگەڵ کەمپی کۆلێجی دەرمانسازی و کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٠٠ مەتریی هەولێر و تەنیشت نەخۆشخانەی ڕزگاری، هەروەها سەرۆکایەتیی زانکۆی پزیشکیی هەولێریش دەکەوێتە هەمان کەمپەوە.

کۆلێجەکان

کۆلێجی پزیشکی

کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر کۆنترین سکوڵی پزیشکییە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٧ وەک بەشێک لە زانکۆی سلێمانی دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٨١ـیش بووە یەکێک لە کۆلێجەکانی زانکۆی سەڵاحەدین. لە ساڵی ٢٠٠٥ دوای دامەزرانی زانکۆی پزیشکیی هەولێر، زانکۆکە سەرۆکایەتیکردن و بەڕێوەبردنی کۆلێجەکەی گرتە دەست.

 کۆلێجی پزیشکی لە حەوت بەش پێکهاتوو: 

  • بەشی پزیشکی
  • بەشی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون 
  • بەشی دەروونی 
  • بەشی منداڵان
  • بەشی نەشتەرکاری
  • بەشی زانستە بنەڕەتییەکان
  • بەشی پزیشکیی کۆمەڵگە

کۆلێجی ددانسازی 

کۆلێجی ددانسازیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر لە ساڵی ١٩٩٥ لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ـیشەوە لەلایەن زانکۆی پزیشکیی هەولێرەوە سەرۆکایەتی کراوە و بەڕێوەبراوە.

کۆلێجی ددانسازی لە حەوت بەش پێکهاتووە:

  • بەشی ددانسازیی پاراستن
  • بەشی نەشتەرکاریی دەم و شەویلگە و ڕوو
  • بەشی ددانسازیی پووک
  • بەشی ددانسازیی منداڵان و ڕاستکردنەوەی ددان لەگەڵ پارێزگاریی ددان
  • بەشی دروستکردن و چاندنی ددان 
  • بەشی زانستە بنەڕەتییەکان
  • بەشی دەستنیسانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دەم 

 

کۆلێجی دەرمانسازی 

کۆلێجی دەرمانسازیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر یەکەمین سکوڵی دەرمانسازی بوو کە لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٧ لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرا و دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لەلایەن زانکۆی پزیشکیی هەولێر سەرۆکایەتی کراوە و بەڕێوەبراوە. 

کۆلێجی دەرمانسازی لە پێنج بەش پێکهاتوو:

  • بەشی زانستی ڕووەک و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ دەرمان
  • بەشی کیمیای دەرمانسازی
  • بەشی دەرمانزانی
  • بەشی دەرمانسازییەکان
  • بەشی شیکردنەوەی کلینیکی

کۆلێجی پەرستاری

کۆلێجی پەرستاریی زانکۆی پزیشکیی هەولێر یەکەمین کۆلێجی پەرستاری بوو کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە.

کۆلێجی پەرستاری لە دوو بەش پێکهاتووە:

  • بەشی پەرستاری
  • بەشی مامانی 

کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان

کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان نوێترین کۆلێجی زانکۆی پزیشکیی هەولێرە کە لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، لە سەرەتادا لە دوو بەشی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و کیمیای ژیانی کلینیکی پێکهاتبوو و لەساڵی ٢٠١٨ـشدا بەشێکی نوێ بەناوی چارەسەری سروشتی کرایەوە، ئەم کۆلێجە لە پلانیدا هەیە کە لە داهاتوودا بەشە پەیوەستەکانی تری پزیشکیی وەکوو تەندروستی گشتی، خۆراکسازی، تەکنەلۆجیای زیندەیی و ئەندازیاریی زیندەیی بکاتەوە.

ناوەندەکانی زانکۆ

ناوەندی توێژینەوەی پزیشکی

ناوەندی توێژینەوەی پزیشکیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و ناوەندەکە ڕێکخراوێکی حکوومیی قازانجنەویستە، ئامانجی هەبوونی ئاسانکاریی بنچینەیییە لە بواری توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان.

ناوەندی گەشەپێدانی پیشەیی

ناوەندی گەشەپێدانی پیشەییی زانکۆی پزیشکیی هەولێر کار بۆ گەشەپێدانی قوتابییە بەهرەمەند و چالاکەکان و بەشداری پێکردنیان لە کەرتە تایبەتەکان دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەلی دۆزینەوەی کاریان زیاتر بێت.

ناوەندی تەندروستیی ئافرەتان

ناوەندی خوێندن و توێژینەوەی تەندروستیی ئافرەتان (CREWH) لە ئەنجامی پڕۆژەیەک کە لەلایەن باڵوێزخانەی ئەمریکاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت بە هاوکاریی زانکۆی ئەڵبانیی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، دامەزراوە.

ناوەندی فێرکردن

ئامانجی ئەم ناوەندە بریتییە لە بەهێزکردنی توانستی توێژینەوەی دەستەی زانکۆ، زیادکردنی کاریگەرییەکانی شێوازی خوێندن، بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکانی دەستەی زانکۆ، گەشەپێدانی ئامێرە هەڵسەنگاندنییەکان و ستراتیجیی بەکارهێنانیان لەگەڵ ڕەخساندنی ژینگەیەک بۆ خونێدنی ئەلیکترۆنی و خوێندنی تێکەڵ.

تۆماربوون

دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەییی قوتابخانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ خوێندنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر، لەڕێی سیستمی زانکۆلاینی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە داواکاری تۆماربوون پێشکەش بکەن. قوتابییە نێودەوڵەتییەکانیش دەتوانن پەیوەندی بە نووسینگەی تۆماری زانکۆوە بکەن بەر لە پێشکەشکردنی داواکاری لە وێبسایتی زانکۆ. (پەیوەندیکردن: info@hmu.edu.krd)

پەرتووکخانەکان 

زانکۆی پزیشکیی هەولێر چەند پەرتووکخانەیەکی هەیە کە پەرتووکی قوتابییان و پەرتووکی زانستنامە و دکتۆرانامەی دوای دەرچوون دەستەبەر دەکەن. پەرتووکخانەکانی هەردوو کەمپی زانکۆی پزیشکیی هەولێر بریتین لە:

  • پەرتووکخانەی کۆلێجی پزیشکی
  • پەرتووکخانەی کۆلێجی ددانسازی
  • پەرتووکخانەی کۆلێجی دەرمانسازی
  • پەرتووکخانەی کۆلێجی پەرستاری
  • پەرتووکخانەی کۆلێجی زانستە تەندروستییەکان 
  • پەرتووکخانەی ناوەندی توێژینەوەی پزیشکی

گۆڤارە زانستییەکان

  • گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستیە پزیشکییەکان
  • گۆڤاری هەولێری ددانسازی
  • گۆڤاری هەولێری پەرستاری و مامانی


سەرچاوەکان



2232 بینین