کاریگەری سەیرکردنی فیلمی ترسناک لەسەر منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-22-05:13:00 - کۆدی بابەت: 8351
کاریگەری سەیرکردنی فیلمی ترسناک لەسەر منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو کەسێک بە پێی پێویستییە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانی، دەبێت تەنها سەیری ئەو شتانە بکات کە لەگەڵ تەمەن و پێویستییەکانی گونجاوە، منداڵان بەتایبەت منداڵە بچووکەکان، حەزیان لە پڕۆگرامی شاد، ڕەنگاوڕەنگ و موزیکی منداڵانە، لە لایەک ڕۆحییەتی منداڵان، چی منداڵی دوو ساڵ یان یانزە ساڵ بێت زۆر نەرمونیانە و بینینی دیمەنی ترسناک، بێتاقەتکەر، یان ئەو دیمەنانەی ئازار دەرن ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر بیری ئەوان سەرقاڵ بکەن، یان تەنانەت کاریگەری خراپ لەسەر خەو و خواردنییان دابنێن.
بەو پێیەی منداڵان بەباشی جیاوازی نێوان خەیاڵ و ڕاستی نازانن، کاریگەری نەرێنی فیلمی ترسناک لەسەریان زۆرە، ناتوانن وەکوو پێگەشتوویەک لە شتەکان تێبگەن و شیبکەنەوە، بۆیە کاریگەری زۆر زیاترە لەسەر منداڵ بە بەراورد بە گەورەکان.
یەکەمین کاریگەری گرنگی فیلمی ترسناک دروستکردنی شڵەژانە، هەندێک لە منداڵەکان جیا لە شڵەژانەی کە کاریگەریان لێ دەکات، لاسایی کەسایەتییە نەرێنییەکانی فیلمە ترسناکەکان دەکەنەوە، هەرچی ببینن لە فیلمەکاندا دەیبەنە جیهانی منداڵانەی خۆیان و هەوڵدەدەن لاسایی بکەنەوە تاکوو بەجۆرێک پێ بخەنە جیهانی گەورەکان منداڵان باش نازانن کە جیهانی گەورەکان ئەو پاکی و ئارامییەی جیهانی منداڵەکانی نییە.

کاریگەری فیلمی ترسناک لەسەر ڕۆحییەتی منداڵ

لە جیهانی ئەمڕۆدا بە دروستکردنی فیلم و ئەنیمەیشنی ترسناک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ منداڵان هان دەدەن بۆ خووگرتن بە توڕەیی و توندوتیژی، کە ئەمانەش دەبنە هۆی دروستبوونی شڵەژان و کاردانەوەی خراپ لە منداڵدا.
گرنگترین کێشە کە تەنانەت لە پێگەیشتووەکانیشدا هەیە نەبوونی کۆنتڕۆڵی خواردن و خواردنەوەیە، کە لە کاتی سەیرکردنی فیلمی ترسناک دروست دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش، سەیرکردنی فیلمە ترسناکەکان و دیمەنە ترسناکەکان جۆش و خرۆشی سۆزداری هەڵە لە منداڵەکاندا دروست دەکەن کە دەبێتە هۆی قەڵەوی.
کاریگەرییەکی تری سەیرکردنی فیلمی ترسناک بێ خەوییە. کاریگەری دیمەنە ترسناک و توندوتیژییەکان لەسەر منداڵ ڕەنگە بە زوویی یان دوای چەندین ساڵ دەربکەوێت.
لە ڕاستیدا منداڵان پێویستیان بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ جیاکردنەوەی خەیاڵ و ڕاستی،  بۆ منداڵ ئاسان نییە کە بزانێت ئەوەی لەناو فیلمەکەدایە ساختە و هەڵبەستراوە، بۆیە زۆرێک لە دایک و باوکان پێیان وایە ئەو ڕوونکردنەوەیە بەسە کە بڵێن ئەوەی لە فیلمەکەدایە ڕاستی نییە، دەتوانن یارمەتی بدەن بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ منداڵ دڵنیا کەرەوە نییە، بینینی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە نەک هەر ترس و کابوس دروست دەکات لە شەواندا و دەبێتە هۆی داچڵەکینی منداڵان، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی شکستی ئەکادیمی منداڵان. بێگومان سەیرکردنی فیلمە ترسناکەکان بە تەنها کاریگەریەکەی زیاترە لە سەیرکردنیان لەناو کۆمەڵدا، نەک تەنها دەربارەی فیلمە ترسناکەکان، بەڵکوو لە هەموو حاڵەتێکدا دایک و باوک دەبێت هەمیشە لای منداڵەکەیان بن و سەیری فیلم و ئەنیمەیشنە دڵخوازەکانی لەگەڵ بکەن. 

ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ترس لە فیلمە ترسناکەکان

ـ ڕوونەڕووبوونەوەی ترسەکە: بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێ کە منداڵەکەت لێی دەترسێت ناسینەوەی ئەوەی کە دەیترسێنێت دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ترسە بەشێوەیەکی عەقڵانەتر. 
ـ قسەکردن دەربارەی حاڵەتەکانی ترسەکە: قسەکردن دەربارەی ئەوەی کە تۆ لێی دەترسیت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
ـ هێشتنەوەی ئاستی سەلامەتی ژینگەکەی: دەتوانیت بەبیری بهێنیتەوە کە ئاستی سەلامەتی ماڵەکەتان لەگەڵ پێش سەیرکردنی فلیمە ترسناکە نەگۆڕاوە، واتە هەمان سەلامەتی هەیە، پێی بڵێ تەنها فیلمێک بوو نەک ڕاستی دروستکەرەکانی وەک هەر فیلمێکی تر دروستیان کردووە.
ـ سەیرکردنی گرتەی پشت کامێرا: ئەمە دەتوانێت زۆر بەسوود بێت و منداڵەکەش بەتەواوی ئاشنای دروستکردنی ئەم فیلمانە دەبێت.
ـ بەکارهێنانی ئارایشت و یاری: بەکارهێنانی ئارایشتی منداڵانە و دروستکردنی نمایشی داهێنەرانە سوودبەخشە بۆ هێورکردنەوەی گرژیەکان. 

ئامۆژگاری بۆ دایک و باوکان دەربارەی بینینی فیلمە ترسناکەکان

ـ لە هەڵبژاردنی فیلمی دروست بۆ منداڵان لەماڵەوە پێویستە هەر وەکوو هەڵبژاردنی فیلم لە سینەما وریابین.

ـ ئەگەر دیمەنێکی ترسناکی چاوەڕوان نەکراو لە فیلمەکەدا هەبوو، دەبێت بۆ منداڵەکە ڕوون بکرێتەوە، دەکرێت یەکێک لە ڕوونکردنەوەکان ئەوە بێت کە هەرچەندە ئەکتەرێک کە بەرگەی توندوتیژی گرتووە، کوژراوە یان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئەوە لە جیهانی ڕاستەقینەدا وا نییە

ـ لەوە تێبگەن کە پێویست ناکات هەندێک لە چەمکەکان لە منداڵیدا بە منداڵەکان بوترێت، سەیرکردنی ئەم جۆرە بابەتانە دەتوانێت منداڵی منداڵەکەت تێکبدات، چەمکەکانی وەک جەنگ، خوێنڕشتن، شەڕ، تەڵاق یان توندوتیژی.
ـ ئەگەر منداڵەکەت دیمەنێکی لە فیلمێکی ترسناکدا بینی، باسی ژیانی ڕاستەقینەی نواندنکارەکە بکە، ئەوەی کە بەڕاستی نەمردووە دەتوانێت یارمەتی منداڵەکەت بدات کە کەمتر بترسێت و کابوس و دڵەڕاوکێی نەبێت.


سەرچاوەکان



815 بینین