پڕۆلاکتین

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-22-22:29:00 - کۆدی بابەت: 8358
پڕۆلاکتین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆلاکتین (بە ئینگلیزی: prolactin) کە بە هۆڕمۆنی شیر ناسراوە، هۆڕمۆنێکە لەلایەن پلی پێشەوەی ژێرمێشکە ڕژێنەوە دروست دەبێت و لەوێدا دەمێنێتەوە تاکوو جەستە پێویستی پێی دەبێت، پاشان دەڕژێتە ناو خوێنەوە.
لە ڕێگەی پشکنینی (PRL) دەتوانرێت ڕێژەی پڕۆلاکتین لە خوێندا دیاری بکرێت. پڕۆلاکتین لە جەستەی خانمان و پیاواندا هەیە، بەڵام ڕێژەکەی لە خانماندا زیاترە، ئەو خانمانەشی دووگیانن یاخود منداڵیان بووە ڕێژەکەی تێیاندا زۆر زیاترە.

فەرمانەکانی

  • فەرمانی سەرەکی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین بەرهەمهێنانی شیرە بۆ ناو مەمکەکان دوای منداڵبوون.
  • یارمەتی گەورەبوونی مەمک دەدات لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یارمەتیدەری ڕێکخستنی سوڕی مانگانەیە
  • ڕێژەکەی کاریگەری دەخاتە سەر دروستبوونی سپێرم لە پیاواندا. 
  • پڕۆلاکتین ڕۆڵی هەیە لە فەرمانی خانەکانی جگەر، گورچیلە، ڕژێنەکانی کۆئەندامی زاوزێ و کۆمەڵێک شوێنێ تری جەستەدا.
  • ڕێکخستنی ئاو و ئەلیکترۆلایتەکانی جەستە، زیندەچالاکی، ڕێکخستنی کۆئەندامی بەرگری جەستە

چۆن ڕێژەی پڕۆلاکتین کۆنتڕۆڵ دەکرێت؟

یەکێک لە سەرەکیترین ئەو هۆڕمۆنانەی کە لە ژێرمێشکە ڕژێندا کۆنتڕۆڵی ڕێژەی پڕۆلاکتین دەکات هۆڕمۆنی دۆپامینە، دۆپامین لەلایەن ژێرلانکەوە دەردەدرێت کە بەشێکی بچووکی مێشکە و ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ژێرمێشکە ڕژێن، دۆپامین دەبێتە هۆی چالاکبوونی پڕۆلاکتین، واتە هەرچەندە ڕێژەی دۆپامین لە خوێندا زیاتر بێت، پڕۆلاکتینێکی کەمتر دەردەدرێت.
لەلایەکی تریشەوە کەمبوونەوەی ڕێژەی پڕۆلاکتین دەردانی هۆڕمۆنی دۆپامین جێگیر دەکات، واتە هەر یەکە لەم هۆڕمۆنانە بە وەڵامدانەوەیەکی نەرێنی بۆ هۆڕمۆنی بەرامبەر ڕێگری دەکەن لە زۆر دەردانی هۆڕمۆنەکە.

پشکنینی پڕۆلاکتین

لە پشکنینی پڕۆلاکتیندا خوێنی کەسەکە وەردەگرن و پشکنین بۆ ڕێژەی پڕۆلاکتینی ناو خوێن دەکەن، باشترین کات بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە ٣ بۆ ٤ کاتژمێر دوای نوێژی بەیانییە، وەک هەر پشکنینێکی تری خوێن بە سرنجێک نموونەیەک لە خوێنی کەسەکە وەردەگیرێت و لەو ڕێگەیەوە نموونەکە دەبەن بۆ پشکنین.
بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی، بەرزی پەستانی خوێن کاریگەری دەخەنە سەر ئەنجامی پشکنینەکە، بۆیە پێویستە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە پزیشک ئاگاداربکەیتەوە لەو دەرمانانەی کە بەکاری دەهێیت، ئەم پشکنینە لە ئەم حاڵەتەنەی خوارەوەدا ئەنجام دەدرێت بۆ خانمان:

  • ناڕێکی سوڕی مانگانە
  • نەزۆکی
  • هەبوونی شیر لە مەمکدا لەکاتێکدا کچ بێت یاخود دووگیان و شیردەر نەبێت.
  • هەستیاری توندی مەمکەکان
  • هەبوونی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی وەک گرژبوون و وشکی زێ

لە پیاوانیشدا لەم چەند حاڵەتەدا ئەنجام دەدرێت:

  • ناتەواوی لە ئارەزووی جوتبوون
  • هەستیاری و گەورەبوونی مەمک
  • لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا هەبوونی شیر لە مەمکدا

ڕێژەی ئاسایی پڕۆلاکتین

بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ڕێژەی پڕۆلاکتین لە جەستەدا ئاساییە یاخود نا دەبێت ڕێژە ئاساییەکەی بزانیت لە جەستەدا:

  • پیاوان: دەبێت کەمتر بێت لە 17ng/ml 
    بە تەواوی لە نێوان (2_17 ng/ml) بێت
  • ئەو ئافرەتانەی دووگیان نین: کەمتر بێت لە 25ng/ml بەتەواوی (2_25 ng/ml) بێت
  • خانمانی دووگیان: 10 بۆ 209 ng/ml 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی پڕۆلاکتین

بەگشتی پیاوان و خانمانی نادووگیان بڕێکی کەم لە هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین لە خوێنیاندا بوونی هەیە، نزمبوونەوەی ڕێژەی پڕۆلاکتین جێی نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر ڕێژەکەی بەرز ببێتەوە کار دەکاتە سەر جەستە و فەرمانەکانی جەستە تێکدەدات، بەنزیکەیی ٪١٠ـی خەڵکی بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، چەند هۆکارێک وادەکەن پڕۆلاکتین بەرزببێتەوە لە خوێندا وەک:

  • هەبوونی گرێی ناشێرپەنجەیی لەسەر ژێرمێشکە ڕژێن کە پێی دەوترێت (prolactinoma).
  • نەخۆشی پەیوەست بە ژێرلانکەوە
  • کەمبوونەوەی حەزی خواردن
  • بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ خەمۆکی، بەرزی پەستانی خوێن، دەرمانە سایکۆسسەکان.
  • زیانگەیشتن یان سووتانی قەفەسەی سنگ وەک برین، پشتێنی ئاگرین، یاخود تەنانەت ستیانی زۆر تەسک و توند.
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە، جگەر، فرەکیسی هێلکەدان.
  • هەبوونی پەستانی دەروونی
  • کەمبوونەوەی شەکری ناو خوێن
  • وەرزشی قوورس
  • تێکچوونی سایرۆیدە ڕژێن 

نیشانەکان لە خانماندا 

نیشانەکان لە پیاواندا

  • سەرئێشەی بێ هۆکار
  • لاوازی بینایی چاو
  • نەزۆکی
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • بێ توانایی لە کاتی جووتبووندا 
  • نەمان و وەرینی موو لە ڕووخسار و جەستەدا

چارەسەر

ئەگەر بەرزبوونەوەی پڕۆلاکتین بەهۆی گرێی ناشێرپەنجەییە لەسەر ژێرمێشکە ڕژێن ئەوە دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەر، چالاککەرە وەرگرەکانی دۆپامین کە لە ڕاستیدا پێکهاتەیەکن بۆ وروژاندنی دۆپامین لە جەستەدا وەک بڕۆمۆکریپتن، پاڕلۆدێڵ، سایکلۆجێست، کە ئەمانە باشترین دەرمانەکانن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی بەرزی پڕۆلاکتین، ئەم دەرمانانە یارمەتی مێشک دەدەن تاکوو دۆپامینی زۆر دەربدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی پڕۆلاکتین.
جیا لە دەرمانیش کۆمەڵێک ڕێگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پڕۆلاکتین:

  • خۆراکی تەندروست و کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی
  • دوورکەتنەوە لە جلی زۆر تەسک لەسەر سنگ، وەک ستیانی زۆر توند
  • لەبەرنەکردنی ئەو جلانەی کە گۆی مەمک دەوروژێنن
  • بەکارهێنانی ڤیتامین B6 و E

پڕۆلاکتین و دووگیانی 

ڕۆڵی پڕۆلاکتین لەماوەی دووگیانیدا ئامادەکردنی جەستەی دایکەکەیە بۆ پێدانی شیر بە منداڵەکە، بەدرێژایی ماوەی دووگیانی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین لە جەستەدا زیاد دەکات، ئەم زیادبوونەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خانە و ڕژێنەکانی شیر لە مەمکدا، هەروەها جەستەی دایکەکەش ئامادە دەکات بۆ شیردانی بە منداڵەکەی.

پڕۆلاکتین و نەزۆکی

لە زۆربەی کاتدا بەرزی ڕێژەی پڕۆلاکتین لە پیاوان و لەو خانمانەی کە دووگیان نین دەبێتە هۆی نەزۆکی، گرێ ناشێرپەنجەییەکان پەستان دەخەنە سەر ژێرمێشکە ڕژێن و بەمشێوەیە ژێرمێشکە ڕژێن بەکەمی کار دەکات و ناتوانێت بەباشی هۆڕمۆنەکان بەرهەم بهێنێت.
ئەمەش لە پیاواندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی و وەرینی مووی جەستە، هەروەها لە خانمانیشدا سوڕی مانگانە تێکدەدات و دووگیانی قوورس دەکات و دەبێتە هۆی وەستانی کاری هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن، وادەکات کە هێلکەدانەکان بەشێوەیەکی ناڕێک هێلکە بەڕەڵا بکەن یاخود هەر بەڕەڵای نەکەن.


سەرچاوەکان



2065 بینین