ناوهڕۆك
ناساندن
ئیبراهیم ئەمین باڵدار (بە ئینگلیزی: Ebrahim amin baldar) لە ساڵی 1920 لە شاری سلێمانی لە دایکبووه. خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی تەواوکردووە، پاشان چووەتە بەغداد لە گوندی رۆستەمییە لە قوتابخانەی (خانەی مامۆستایانی لادێ) وەرگیراوە.
ژیاننامە
لە هاوینی ساڵی 1940 خوێندنی تەواوکردووە و بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ کراوە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە پارێزگای سلێمانی و لە چەندین شار و دێهاتدا مامۆستایەتیی کردووه.
چەند ساڵ لە گوندەکانی دەوروبەری هەورامان و هەڵەبجە، لە دامێنی چیای سوورداش لە قەمچووغە و چەندین گوندی تر مامۆستا بووە، لەو ماوەیەدا ئەلفوبێیەکی نوێی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی داناوە، دەستنووسەکەی ناردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و لەوێ لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ پەسندکراوە و نێردراوە بۆ شالیارێتی پەروەردە لە بەغداد، کە ئەوکاتە پێیان وتووە (شالیارێتی مەعاریف) و پسپۆرانی ئەوێ و رێکخراوی (یونسکۆ)ش پەسەندییان کردووە، ئینجا چاپکردنەکەیان بەخۆی سپاردووە.
پێش تەواوبوونی چاپەکەی (ئەلفوبێ)ی مامۆستا باڵدار، لە ساڵی 1950 گوێزرایەوە بۆ شاری هەولێر و ئەلفوبێیە نوێیەی لە هەولێر وتەوه، کە بە شێوازی ڕستەیی دەوترایەوه، نەک پشت بە دەنگی پیت و تاکە وشە ببەستێت و ئەم ڕێگایەی مامۆستا باڵدار زۆر زانستی و پەروەردەییه.
مامۆستای ئیبراهیم باڵدار ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵاتری بوو، بۆیە بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر بڕوانامەی دەرچوونی لە تاقیکردنەوەی گشتی قۆناغی ئامادەیی وەرگرت، لە ساڵی ١٩٥٦ کۆلێجی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی بەغداد تەواوکرد، لە ئەنجامدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت. هەر بە ئەوەندە نەوەستا بەڵکوو هەوڵیدا بچێتە ئەمریکا و لە ساڵی ١٩٦١ بڕوانامەی ماستەری لە کۆلیژی (سان فڕانسیسکۆ) لە وڵاتی ئەمریکا لە پەروەردە وەرگرت و گەڕایەوە بەغداد.
مامۆستا باڵدار لە دوای کردنەوەی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٨ کرا بە مامۆستا لە کۆلێجی ئاداب لەو زانکۆیەدا. کە ئەو زانکۆیە گوازرایەوە بۆ هەولێر و ناوەکەی کرا بە (زانکۆی سەڵاحەددین)، ئەمین باڵداریش لە کۆلێجی ئاداب - بەشی کوردی ماوەیەک وانەی وتەوە. دواتر لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٩٨ چووە شاری بەغداد لە زانکۆی موستەنسڕییە وانەی وتەوە. ساڵی ١٩٩٥ پلەی پرۆفیسۆری پێبەخشرا، باڵدار ساڵانێكی دوورو درێژو تا دوا رۆژەكانی ژیانی ئەندامی كۆڕی زانیاری كوردبوو لەبەغدا.
باڵدار و ئەلفوبێی نوێ
ئەلف و بێی نوێ ئەو كتێبە ئەفسوناوییەی باڵداربوو كە خرایە بەردەم خوێندكارانی كورد بۆ ئەوەی فێری نوسین و خوێندنەوەی كوردی ببن. ساڵی ١٩٤٩ باڵدار كتێبی (ئەلفو بێی نوێ)ی كوردی بۆ خوێندكارانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی داناو كتێبەكەی لەلایەن مـەعاریفی سلێمانی و وەزارەتی مەعاریفی عیراق و یونسكۆوە پەسەند كرا، لەساڵی ١٩٥١ چاپكرا و بوو بە پرۆگرامی خوێندن. كتێبی(ئەلفوبێی نوێ)ی كوردی پێكهاتووە لە ٥٦ وانە و هەر وانەیەك نزیكەی ١٥ وشە لەخۆ دەگرێت. ساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٦ دوو جار گۆڕانكاری لە (ئەلف و بێ) كەیدا كرد و چاپی كردەوە.
ئەلف و بێی باڵدار بۆ دەیان ساڵ بووە سەرچاوەی خوێندن و فێربوونی قوتابخانەكان و زیاتر لە ٣٥ جار چاپكراوەتەوە. ئەم (ئەلفو بێ)یە بەزمانێكی سادە و ڕەسەنی كوردی نوسرابوو، پیت و وشە و ڕستەكانی بەخەتێكی جوان و ڕەنگاوڕەنگ لاپەڕەكانی كتێبەكەی ڕازاندبووەوە، لەگەڵ ئەوەدا هەر پیت و وانەیەكی بە فڵچەی هونەرمەند (بەدیع باباجان) وێنەیەكی جوانی بۆ نەخشێنرابوو، كە گوزارشتی لە ناوەڕۆكی وانەكانی كتێبەكە دەكرد.
هەموو ئەوانەی لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا ئەم (ئەلفو بێ)ـیان خوێندووە، بابەتە سەرنجڕاكێشەكانی لە هزر و یادەوەرییان ماوە و ڕستە و دەستەواژەكانی وەك (دارا دوو داری دی، مێوژی نایاب، دۆی دادە ڕژاوە) لەگوێیاندا دەزرنگێتەوە.
ڕێزلێنان
ئەگەرچی لە ئاست گەورەیی شاكارەكەی باڵدار وەك پێویست ڕێز لە كارەكەی نەگیراوە، بەڵام چەند كارێكی بۆ كراوە بۆ ئەوەی لە مێشك و بیری هەموواندا بەزیندووی بمێنێتەوە لەوانەش:
- ناونانی باخچەیەك بە ناوی ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە گەڕەكی مامۆستایانی شاری سلێمانی لە ساڵی 2014
- دروستكردن و دانانی پەیكەری ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا لەساڵی 2015
- دروستكردن و دانانی پەیكەری ئیبراهیم ئەمین باڵدار لەبەردەم بینای چالاكی قوتابخانەكان لە شاری سلێمانی ساڵی 2017
بەرهەمە چاپكراوەكان
- ئەلفوبێی نوێی كوردی - بەغداد - چاپی یەكەمی ١٩٥١ و زیاتر لە ٣٥ جار چاپكراوەتەوە، ٩٨ لاپەڕەیە
- ئەلفوبێ بۆ گەوران - بەغداد - چاپی یەكەم ١٩٥٥، ٧٨ لاپەڕە
- الابنیە المدرسیە للمدارس الابتدائیە - بەغداد ١٩٦٥، ٤٢ لاپەڕە
کۆچی دوایی
لە ڕێکەوتی 1998.07.11 لە بەغداد و لە ماڵەکەی خۆیدا دڵە گەورەکە لە لێدان کەوت، تەرمەکەی برایەوە بۆ سلێمانی و لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.