گاری ڤەینەرچەک

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-24-02:43:00 - کۆدی بابەت: 8374
گاری ڤەینەرچەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گاری ڤەینەرچەک (بە ئینگلیزی: Gary Vaynerchuk، بە بیلاڕووسی: Гари Вайнерчук،  بە عەرەبی: غاري فاينرتشوك) لەدایکبووی ١٤ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٥ـە. بازرگان، نووسەر، قسەکەر و کەسایەتییەکی ئینتەرنێتی ئەمریکی بیلاڕووسییە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ڕیسی کە خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی خواردنگەکانە. سەرەتا بە ڕەخنەگر و هەڵسەنگێنەری خواردنەوە کحولییەکان ناوبانگی دەرکرد و بازرگانی کحولی خێزانەکەی فراوان کرد. ڤەینەرچەک ئێستە زیاتر بە کاری بازاڕکردنی دیجیتاڵ و دەرکەوتنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وەک سەرۆکی کۆمپانیای پەیوەندی ڤەینەر ئێکس لە نیویۆرک بەناوبانگە. گاری بە یەکێک لە پێشەنگترین و پێشڕەوترین بیرمەندەکان دادەنرێت لە پەیوەندیکردن و میدیا و بازرگانیدا. هەروەها وەبەرهێنانی لە کۆمپانیاکانی فەیسبووک، تویتەر، سناپچات، تومبلەر، ڤینمۆ، کۆینبەیس و ئوبەر کردووە. ڤاری جگە لە بەڕێوبردنی چەندین بازرگانی، ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکە و قسە بۆ خەڵکی دەکات و زیاتر لە ٣٠ ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە. پۆدکاستەکانی بە ناوی "ئەزموونی دەنگی گاری ڤی" یەکێکە لە پڕبیسەرترین پۆدکاستەکانی جیهان. پێنج جار یەکێک بووە لە نووسەرانی نیویۆرک تایمز و بەرهەمەکانی لە پڕفرۆشترینەکان بووە، هەروەها خاوەن و نووسەری چەندین کتێبە.

ژیانی

ڤەینەرچەک لە ١٤ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٥ لە شاری بابروسک لە یەکێتیی سۆڤیەت کە ئێستا بەشێکە لە بیلاڕووسیا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە تەمەنی سێ ساڵیدا کۆچیان کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە نیویۆرک لە گەڕەکی کوینز گەورە بوو پاشان گواستیانەوە بۆ ئێدیسۆن لە نیوجرسی، بە ڕەچەڵەک لە جوولەکەکانی ئاشکەنازییە. پاش ئەوەی خێزانەکەی ڕۆشتن لە خوێندنگای هەنتێردۆنی باکوور دواناوەندی تەواو کرد. لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی بەڕێوبردن لە کۆلێجی ماونت ئیدا لە نیوتۆن لە شاری ماساچوسیتس وەرگرت. لە کۆمپانیای تاک فرۆشی باوکیدا کاری کرد و کردی بە بازرگانییەکی ئەلیکترۆنی سەرکەوتوو. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ هاوسەرگیری لەگەڵ لیزی کرد، خاوەنی دوو منداڵن بە ناوی میشا ئیڤا و زاندلەر ئاڤی.

پیشەکانی

گاری لە تەمەنێکی زۆر کەمدا حەزی لە پارە پەیداکردن و کارکردن بووە، گوڵی لە باخچەی دراوسێکەیان دەبرد و دەیفرۆشت ئەمەش یەکەمین کاری بازرگانی گاری بووە، هەروەها کارێکی تری فرۆشتنی کارتی بەیسبۆڵ بوو هەفتانە بە بڕی هەزار دۆلاری لێ فرۆشتووە. پاشان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا باوکی داوای لێکردووە بەژداری بازرگانی فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکانی خێزانەکەی بکات. ڤەینەرچەک لە ساڵی ٢٠١٩ـدا پڕۆگرامی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی خواردنگەکانی دامەزراند بە ناوی ڕیسی، هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کارگەیەکی کحول بە ناوی "شەرابی هاودەردی"، هەروەها دامەزرێنەر و هونەرمەندە لە پشتی زنجیرەکانی ئێن ئێف تی. 

ئەزموونی لە بازرگانی کردن بە خواردنەوە کحولییەکان 

دوای دەرچوونی لە کۆلێژ لە ساڵی ١٩٩٨ ڤەینەرچەک بووە بەرپرسی فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکانی باوکی و داشکاندنەکانی فرۆشگاکەی گرتە ئەستۆ نوێگەری تیا کرد و هەروەها ناوی نا کتێبخانەی کحول و فرۆشتنی بە ئۆنلاین دەست پێکرد، کەناڵی کتێبخانەی خواردنەوە کحولییەکانی کردەوە لە یوتیوب و ڕۆژانە ڤیدیۆی کحولی دادەنا. گەشەی بە بازرگانیەکەی کرد لە داهاتی ساڵانەی سێ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٦۰ ملیۆن دۆلار. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١١ ڤەینەر لە بازرگانی خواردنەوە کحولییەکان دوورکەوەوە و دەستی کرد بە دروستکردنی ڤەینەر میدیا کە ئاژانسێکی ڕیکلامی دیجیتاڵییە.

ڤەینەر ئیکس

ڤاینەرچەک سەرۆکی کۆمپانیای ڤاینەر ئێکسە، کۆمپانیای پەیوەندییە کە تایبەتمەندییەکانی میدیا و خزمەتگوزارییەکانی ڕیکلام و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای تێدایە. ئۆفیسی سەرەکی دەکەوێتە شاری نیویۆرکەوە و نزیکەی ٥٠١ بۆ ١٠٠٠ کارمەند لە کۆمپانیاکەدا کاردەکەن. هەروەها ڤەینەر میدیا، ڤەینەر پڕۆداکشن، گرووپی گەلەری میدیا، گرووپی ساشا، ترەیسەر، ڤەینەر سپیکەرس، ڤەینەر تالێنت و ڤەینەر کۆمێرس بەشێکن لە کۆمپانیای ڤەینەر ئێکس. 

ڤەینەر میدیا 

لە ساڵی ٢٠٠٩ گاری ڤەینەرچەک و ئەی جەی ڤەینەرچەکی برای ڤەینەر میدیایان دامەزراند، کە تۆڕێکی میدیایی بوو تیشکی دەخستە سەر ئاژانسی دیجیتاڵی. کۆمپانیاکە خزمەتگوزاری ستراتیجی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بۆ ٥۰۰ کۆمپانیا دابین کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ ڤەینەر میدیا بە یەکێک لە ئاژانسەکانی ئاد ئەیچ دانرا. هەروەها کۆمپانیاکە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیمیۆ کرد بۆ پەیوەندی کردن بە مارکەکان و دەرهێنەری فیلمەکان. ڤەینەر میدیا ئۆفیسی لە نیویۆرک، لۆس ئەنجلس، لەندەن، سەنگاپوورە و مەکسیکۆ هەیە.


سەرچاوەکان



286 بینین