سورێنچک

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-05-01-10:26:00 - کۆدی بابەت: 8453
سورێنچک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سورێنچک (بە ئینگلیزی: Esophagus) ئەندامێکی ماسولکەییە کە خواردن و شلەمەنییەکان لە گەرووەوە دەگەیەنێت بە گەدە لەڕێگەی کاری ماسولکەکانەوە، یەکێک لە نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکانی سورێنچک دڵەکزێیە، کە هەستکردنە بە سووتانەوە لە ناوەڕاستی سنگدا، ئەندامەلە ناوەڕاستی قەفەسەی سنگدایە لە ناوچەیەک کە پێی دەوترێت (Mediastinum) لە نێوان بڕبڕەکان و بۆری هەوادا. درێژی ئەم ئەندامەنزیکەی 25 سانییمە و لە هەندێک ناوچەدا تەنگ دەبێتەوە نزیکەی ٢ سانییم. 
بۆری هەوا و سورێنچک دوو ئەندامی ماسولکەیین و کەوتوونەتە نێو ملەوە، بەڵام بۆری هەوا بەشێکە لە کۆئەندامی هەناسە و سورێنچکیش بەشێکە لە کۆئەندامی هەرس، واتە بۆری هەوا ڕێڕەوی هەوایە و ئەوی تر خۆراک و شلەمەنی دەگوێزێتەوە. 

فەرمانی سەرەکی سورێنچک چییە؟

کاری لە پێشینەی سورێنچک لەلەشدا هەڵگرتنی خواردن و شلەمەنییەکانە لە دەمەوە تا دەگاتە گەدە، کاتێک شلەمەنی و پاروو قوتدەدەین سەرەتا دەچێتە گەروو لەوێدا پارچە ماسولکەیەکی بچووک (زمانە بچکۆلە) دەرچەی بۆری هەوا دادەپۆشێ و ڕێگری لە چوونە ناوەوەی خۆراک و شلەمەنی دەکات بۆ ناو بۆری هەوا، هەروەها پارچە ماسوولکەیەکی تر ڕێگر دەبێت لە چوونە سەرەوەی ماددەکان بەرەو سەرەوە (بۆشایی لووت). 

چۆنێتی کارکردنی سورێنچک

لە بەشی سەرەوەی سورێنچکدا ماسولکەیەکی شێوە ئەڵقەیی هەیە کە پێی دەوترێت دەرچەی سەرەوەی سورێنچک، ئەم ماسولکەیە هەستەوەری تێدایە کە کاتێک خۆراک دێتە خوارەوە لە گەرووەوە هەست دەکات و خاودەبێتەوە، بەمەش خواردنەکە دەچێتە نێو گەدەوە، کاتێکیش خواردن و شلەمەنییەکان بوونیان نەبێت دەرچەکە دادەخرێت.
لە نێو سورێنچکدا کرژبوون و شەپۆلی کرمەجووڵەیی وا دەکات خواردنەکە بەرەو خوارەوە بڕوات، کاتێک خواردنەکە ناوپەنچکی تێپەڕاند دەچێتە بەشی خوارەوەی سورێنچک.
بەهەمان شێوە لە بەشی خوارەوەی ئەندامەکەدا ماسولکەیەکی شێوە ئەڵقەیی هەیە کە هەستەوەری تێدایە و کاتێک خواردن و شلەمەنییەکانی بۆ دێت بە ئاگادەبێت و خاودەبێتەوە و ماددەکان دەچنە گەدەوە.
هەروەها کاتێک خواردن و شلەمەنی بوونیان نەبوو، دەرچەکە دادەخرێت و ڕێگری دەکات لە هاتنە سەرەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو سورێنچک.

ئەو نیشانانەی کە لە نەخۆشییەکانی سورێنچکدا دەردەکەون

باوترین نیشانە کە تووشی سورێنچک دەبێت لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشیدا گەڕانەوەی ترشەڵۆکی نێو گەدەیە، ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە دەرچەی خوارەوەی سورێنچک لەکاتی نا پێویستدا دەکرێتەوە و ترشەڵۆکی گەدە دەگەڕێتەوە نێو سورێنچک و دەبێتە هۆی هەوکردن و دڵەکزێ، نیشانەکانی تر بە پێی هۆکارەکان دەردەکەون:

- کێشەی قوتدان (dysphagia)
- ئازاری سنگ.
- کۆکە.
- هەستکردن بە خواردنی جێماو لە پشتەوەی گەروو.
- ڕشانەوە.
- لەدەستدانی کێشی لەش.
* نەخۆشی ( GERD): ئەم حاڵەتە لە حاڵەتی پێشوو تووندترە و تێیدا بەبەردەوامی ترشەڵۆکی گەدە دەگەڕێتەوە نێو سورێنچک، لەگەڵ دڵەکزێ کەسەکە (کۆکە، ئازاری سنگ، گۆڕانی دەنگ، هەناسەتووندی، کێشەی قوتدان) ئەمانەش کێشە و گرفتی زۆر تووشی سورێنچک دەکەن.

دیاریکردنی نەخۆشییەکان

-  ناوبینی گەروو: پزیشکی پسپۆڕ بۆرییەک دەباتە نێو ڕێڕەوی خۆراک لە دەمەوە بۆ سورێنچک تاکوو دەگاتە بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە و نەخۆشییەکان دیاریدەکات.
-  بایۆپسی: پزیشکی پسپۆڕ نموونەیەک لە شانەی ناوپۆشی سورێنچک وەردەگرێت و پسپۆڕانی تر لە تاقیگەکاندا نەخۆشییەکان دیاریدەکەن.
-  قوتدانی باریۆم: پشکنەرەکە جۆرێکی دیاریکراوی شلەمەنی دەدات بە نەخۆشەکە کە ئەویش ماددەی باریۆمە و وادەکات شانە و ئەندامەکان بەباشی دەربکەون.
-  پشکنینی ڕاستەوخۆی پی ئێچ: کەسی پشکنەر لە ڕێی ئامێرێکی دیاریکراوەوە ڕاستەوخۆ ڕێژەی ترشیی سورێنچک دەپێوێت بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ترشەڵۆک گەڕاوەتەوە یاخود نا.

چارەسەرەکان

-  چارەسەرەکان بە پێی هۆکارەکان دەگۆڕێت و هەندێکیان بە شێوازی خواردنی گونجاو دەبێت و هەندێکی تریان بەهۆی دەرمانەوە باش دەبنەوە، لەوانەیە پێویست بە نەشتەرگەریش بکات.
-  هەندێک لەو دەرمانانەی وەک چارەسەر بەکاردێن:

  •  دژە ترشەکان Antacids
  • Proton pump inhibitors
  •  Baclofen

- لەوانەیە لە هەندێک بارودۆخدا نەشتەرگەری ئەنجامبدرێت، بۆ نموونە  فراوانکردنی ئەو ناوچانەی تووشی تەسکبوونەوە بوون.


سەرچاوەکان



1885 بینین