ناوهڕۆك
بۆ بەهاری ١٩٤٦
شاعیر: بەختیار زێوەر
بەرهەم: دیوانی بەختیار زێوەر
هۆنراوە: بۆ بەهاری ١٩٤٦
ئەرێ لە تەختی بەندەنا
بووە بە مێرغوزار
لە دۆڵ و شیو و چەمەنا
ڕەوانە جۆیبار
لە مێرگ و دەشت و گوڵشەنا
شەماڵی بێ قەرار
هەموو لە دەوری شار
ئەڕۆن بە کەیف و بێ جەخار
***
هەموو بە دەنگی پڕ سروور
بە شەو یا بەیان
چییە کە دێنەوە لە دوور
بە دەستەی بێ وچان
لە وەرد و ناو بەیار
بە پێچ و دەورە دێتە خوار
***
وەلێ بەهاری نازەنین
ئەکەوتە ناو وڵات
لە ئاسمان هەتا زەمین
ئەگۆڕێ کائینات
مەل و گوڵ و دڵی حەزین
هیوا پەیا ئەکات
کە دەستی کردگار
بە ڕێکی دەرئەخا نیگار
***
منیش هەموو دەمێ لەلام
بەهارە فەسڵی خۆش
بە نەشئەی دڵ و غەرام
ئەکەومە عەیش و نۆش
ئەمانە خۆشە بەڵام
لەکن سەری بەهۆش
بەرامبەری جیهان و ژین
لەبۆ ئەوەی کە باش بژین
ئەبێ بە هەوڵ و ڕاپەڕین
بە ڕەنج و ئیش و کار
بەهار بکەین بە دوو بەهار
سەرچاوەکان
425 بینین