ناوهڕۆك
ناساندن
محەمەد موکری (بە ئینگلیزی: Mhamad Mukry)، نووسەر، ئەدیب و ڕووناکبیرێکی گەورەی کوردستانە، نزیکەی نیو سەدە لە خزمەتی ئەدەب و رۆشنبیری کوردیدا بوو، محەمەد موکری لە ساڵی 1945 لە گەڕەکی قەڵای شاری کەرکووک لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای جیهانی ئەدەب و نووسین بووە و خاوەنی چەندین چیرۆک و ڕۆمانی ناوازەیە کە دیارترینیان ئەمانەن (سەگوەڕ، تۆڵە، هەرەس، ئەژدیها، نێچیر).
محەمەد موکری بایەخی بە شانۆ داوە و چەند شانۆگەرییەکی نووسیوە لەوانە شانۆگەری (هارونە رەشید، دادگا)، لە بواری وەرگێڕانیشدا شوێن دەستی دیارە و 10 شاکاری شانۆیی گەورە شانۆنووسانی جیهانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
محەمەد موکری وەک نووسەرێکی بە هەڵویست چووەتە ڕیزی شۆڕشی نوێ و بە چەک و قهڵهم بەرگری لە گەلەکەی کردووە، هەر لە شاخ محەمەد موکری بایەخیشی بە کاری ڕۆژنامەنووسی داوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی شۆڕشدا بەرهەمەکانی بڵاوکردۆتەوە و گۆڤاری کولتووری لە شاخ و پەیڤینی لە شار دەرکردووە کە دوو گۆڤاری سەنگین بوون.
هەر لە شاخ چەند چیرۆک و ڕۆمانێکی نووسیوە و بڵاوکردەوە، لەناو ئەوانەدا رۆمانی سەگوەڕ کە بە شێوازێکی ڕەخنەیی لەسەر شۆڕش نووسرابوو گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەرکراو کاردنەوەی توندی لێکەوتەوە، تا هەڤاڵ مام جەلال هاتە سەر خەت و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ قەڵەم بە قەڵەم وەڵام بدرێتەوە و دروشمی نان و ئازادی بۆ نووسەران بەرجەستە کرد.
لە دوای ڕاپەرینیش موکری لە خزمەتکردنی ئەدەبی، ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی بەردەوام بوو و چەندین بەرهەمی نوێی خستە سەر خەرمانی بەرهەمەکانی تری.
بەداخەوە ئەم کەڵە نووسەرەی کورد لە رۆژی 6ی ئایاری 2012 بە نەخۆشی ماڵئاوایی یەکجاری کرد و لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.