شیوەنی سەرداری نەمر - ئەخۆل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-08-17:43:00 - کۆدی بابەت: 8564
شیوەنی سەرداری نەمر - ئەخۆل

ناوه‌ڕۆك

شیوەنی سەرداری نەمر

شاعیر: ئەخۆل

بەرهەم: دیوانی ئەخۆل

هۆنراوە: شیوەنی سەرداری نەمر

ئەی دڵ ئەی دەروون وەختی گریانە
ئەی چاو جا نۆرەی ئەشک بارانە

ئەی کوردی کڵۆڵ گەلی چارەڕەش
ئێستاکە دەمی سیا پۆشانە

***

بۆ شۆڕەسواری کورد و کوردستان
بۆ قارەمانی بەردە قارەمان

لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دیارە
هەڵمەت و تاوی وەک نەڕەشێران

***

ئای چۆن کوردستان بە کۆچت سەردار
بێکەس مایەوە لەدەس ڕۆژگار

ئاڵای پێچاوەی گەلی بێچارەت
نەک لە نیوەی دار، کەوتۆتە بن دار

***

لەناو چیاکان لە چۆڵ و لە دەر
لە خوار و لە ژوور لەمسەر و لەوسەر

ئەزرنگێتەوە هەتا هەتایە
دەنگی نەعرەتەت «الله اکبر»

***

خۆت و لاوانی نەترس لە مردن
ئەو هێرشانەی بردتە سەر دوژمن

هەر هەڵمەت دان و هەر کۆڵنەدان بو
تا ڕەگ و ڕیشەی دەرهێنرا لەبن

***

ئەی نەوەی پاکی ئەحمەدی کاکی
ئەی پاڵەوانی چوست و چالاکی

کردەوەی بەرز و جەنگاوەریی تۆ
بوو بە مەشخەڵێک بۆ ڕێی ڕووناکی


سەرچاوەکان



390 بینین